بەشی چلەمی ئەدەب؛ ڕۆژنامەگەری کوردی لە (بەغدا):

لە ساڵانی سیی بە دواوە ئیتر شاری (بەغدا) دەبێتە مەڵبەندەی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی، چونکە زۆر کوردی خوێندەواری زانکۆ لەم شوێنەدا بەیەک گەیشتن.


لە ساڵانی سیی بە دواوە ئیتر شاری (بەغدا) دەبێتە مەڵبەندەی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار بە زمانی کوردی، چونکە زۆر کوردی خوێندەواری زانکۆ لەم شوێنەدا بەیەک گەیشتن، بۆیە لەم ساڵانەدا گۆڤارەکانی (دیاری-لاوان) و (یادگاری-لاوان) پاشان گۆڤاری بەرزی (گەلاوێژ) کە لە نێوان ساڵانی (١٩٣٩-١٩٤٩) بۆ ماوەی دە ساڵ بە بەردەوامی بێ وەستان مانگانە ژمارەیەکی لێ دەردەچوو، لەم گۆڤارەدا، نووسەران و هەڵبەستوانانی بەناوبانگی وەکوو (تۆفیق وەهبی) و (محەممەد ئەمین زەکی) و (عەلائەدین سوجادی-سەجادی) و (ئیبراهیم ئەحمەد) و (ڕەفیق حلیمی) و (شاکر فەتاح) و (پیرەمێرد) و (گۆران) و (شێخ محەممەدی خاڵ) و ….هتد، گوتار و هەڵبەستیان بڵاو کردووەتەوە، سەردەمی دەرچوونی (گەلاوێژ) بە سەردەمێکی زێڕین و بووژانەوە و ڕابوون دادەنرێت بۆ ئەدەبییاتی کوردی، بەگشتی و بۆ پەخشان و چیرۆکی کوردی بەتایبەتی، هەروەها بزووتنەوەیەکی بەرچاوی وەرگێڕان لە زمانەکانی بێگانە بۆ کوردی دەست پێدەکات.
بەتایبەتی لە زمانی ئینگلیزییەوە بەمەش پەخشانی کوردی و چیرۆکی کوردی گەیشتە چڵەپۆپە، هەر ساڵانی ١٩٤٨-١٩٤٩ لە بەغدا گۆڤاری (نزار) لە لایەن بەهەشتی (عەلائەدین سوجادی-سەجادی)یەوە هەفتانە دەردەچوو کە تێکڕا (٢٢) ژمارەی لێ دەردەچوو بە زمانی کوردی و عەرەبی، بە یەکەمین گۆڤاری سیاسی کوردی دادەنرێت، نووسەرانی وەکوو (شاکر فەتاح و پاکیزە ڕەفیق حیلمی موحەڕەم محەممەد ئەمین و ڕەفیق چالاک) بەشدارییان تێدا کردووە.
ئەمەش نموونەیەک لە پارچە پەخشانێکی (پیرەمیرد) لە ژێر ناوی (دواوانی زاڵم و تانجەڕو) کە لە گەلاوێژی ژمارە (٤)ی (١٩٤٣) بڵاو کراوەتەوە:


ئۆخ بۆیە (مەولەوی)م خۆش ئەوێ و شیفتە و شەیدای سۆز و ناڵەی ئەوم کە پەردەپەردە شوێنە شیرینەکانی خاکەکەم و نیشتمانەکەمی بە فەردیفەردەوە بەفر و زیبێکی دڵنەوەردەوە پیشاندام بە سینەما خۆشەویستی ئەوانی چەسپاندۆتە سینەمەوە (کۆی ئاتەشگا)ی وەک ئاتەشگەدەی (زەردەشت) لێهێنامە تین و تاو: ناودڵی برژاندووم، تاڤگەی قەڵبەزی (زەڵم)ی وا بۆ کێشاوم دانەی مراواری بەسەردا پڕژاندووم (بارەکەالله) چەرخ، هەی ئافەرین چەرخ پلووسکەی (بافڕ)ی (عەوداڵان) و هەوای (چەمی خواجایی) تێگەیاندم هەر ئەو جۆش و خرۆشە بوو کە (مەعدوومی)م لە دیار (عەدەم) نەبوونیەوە هێنایە سەرکۆی ئاتەشگاو پڕشنگی شیعرەکانیم خستە تەلی ساز و سەمتووری شێوەی کوردی خۆمانەوە دام بە ڕادیۆی چاپخانەی (ژیان) بە هۆی ئەو سەودای دڵبەستەی خاکەکەمانەوە هەر شوێنێکی ڕەنگین و هەر دیمەنێکی دڵنشین و هەر چەشمەندازێکی شیرین و هەر لەنجەولارێکی ناوێکی نازەنین ببینم ئەمەوێ پیشانی هەموو دۆستێکی بدەم، بەڵام ئاخ (شیعر) واتە هۆنراوە، نازانم تا چەند و چۆن ئەو زادەی سرووشتی ئێزەدییە بهۆنمەوە؟

تعليقات