بەشی بیست و دوویەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ هۆی دابەزینی سوورەتی ئەنفال:

ئەگەر بە هۆی هاتنە خوارەوەی ئەم سوورەتە بگەڕێینەوە، بە تەواوەتی چەمکی ئەنفالمان بۆ ڕوون دەبێتەوە.

هاوەڵێکی پێغەمبەر (د.خ) لەسەربێت، کە ناوی (عبادەی کوڕی سامت)ە دەیگێڕێتەوە:

لەگەڵ پێغەمبەر (د.خ) لەسەربێت، چوون بۆ شەڕی (بەدر) و کەوتینە بەرامبەر بێباوەڕان، دوژمن تێکشکا، کۆمەڵێک لە موسڵمانان بە دووایان کەوتن، بۆ ئەوەی زیاتریان تێک بشکێنن، هەندێکی تریان دەوری پێغمبەریان گرت، نەبادا زیانی پێبگات و کۆمەڵێکی تریش کەوتنە دووای ئەو دەستکەوت و پاشماوانەی کە بێباوەڕان لە دووای خۆیان بەجێیان هێشتبوو.

بەم جۆرە موسڵمانەکان بوونە سێ بەش، دووای ئەوەی دوژمن ڕاونەرەکان گەڕانەوە، داوایانکرد دەستکەوتەکان هەمووی بۆ ئەوان بێت، چونکە ئەوان دوژمنیان شکاندووە.

ئەوانەی کە لە دەوری پێغەمبەر (د.خ) لەسەربێت، مابوونەوە بە مافی خۆیان دەزانی دەستکەوتەکان بۆ ئەوان بێت، لەبەر ئەوەی پێغەمبەریان لە مەترسی پاراستووە.

کەچی ئەو بەشەی دەستیان بەسەر دەستکەوتەکان داگرتبوو، سووربوون لەسەر ئەوەی کە خۆیان دەستکەوتەکانیان کۆ کردووەتەوە، تەنیا مافی خۆیانە بیبەن.

لە ئەنجامی ئەم مشتومڕە، خەریک بوو کێشە لە نێوانیاندا دروست بێت، خودای گەورە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئایەتی ئەنفالی دابەزاند.)



تعليقات