بەشی چل و هەشتەمی ئەدەب؛ ئەدبییاتی کلاسیزمی کوردی-شێوەی کرمانجی ژووروو:

ئینجا ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو ئەوەی کە مابێتەوە و نەفەوتابێت مێژووەکەی بۆ سەردەمی میرنشینی بۆتان دەگەڕێتەوە.


لەمەو پێش ئەوەمان زانیوە کە هەر ناوچەیەک لە کوردستان، ئەگەر لەباری ژیان و مێژووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی بێت، ئەوا ئەدەبییاتی کوردی لەوێ سەری هەڵداوە و بە دیالێکتی ئەو ناوچەیە ئەدەبییاتەکە نووسراوە.
ئینجا ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو ئەوەی کە مابێتەوە و نەفەوتابێت مێژووەکەی بۆ سەردەمی میرنشینی بۆتان دەگەڕێتەوە، شاری جزیرە کە پایتەختی میرنشینی بۆتان بووە و جەرگەی پەیدابوون و پەرەسەندنی ئەدەبییاتی کوردی بە زاراوەی کرمانجی ژووروو بووە و هەر بەشە دیالێکتی ئەو ناوچەیە بووە بە بناغەی ئەو زمانە ئەدەبییەی کرمانجی ژووروو، کە لەو کاتەوە کوردی پی دەنووسرێت و زۆر هەڵبەستوان هەبوون کە خەڵکی ئەو ناوچەیە نەبوون و سەر بەو بەشە دیالێکتە نەبوون، یا تەنانەت سەر بە کرمانجی ژوورووش نەبوون، بەڵام دەسەڵات و تەشەنە سەندنی ئەدەبییاتی کوردی بە زاراوەی بۆتانی وای لێ کردبوون کە بە دیالێکتی بۆتان هۆنراوە بنووسن.
شارەزایانی مێژووی ئەدەبییاتی کوردی وایان بۆ دەرکەوتووە، کە ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو لە نیوەی دووەمی سەدەی شانزدەهەم و سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم سەری هەڵداوە، ئەو هەڵبەستوانانەی کە بەم دیالێکتە هۆنراوەیان نووسیوە زۆر ئاشکران (فەقێی تەیران، مەلای جزیری، عەلی حەریری، ئەحمەدی خانی، مەلای باتەیی، شاپرتەوی هەکاری، مەلا مەنسووری گرگاشی، شێخ محەممەدی مەغریبی).
ئەمجا لێرەدا تەنها باسی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی دەکەین بۆ خوێندنی ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی بە دیالێکتی کرمانجی ژووروو.

Comments