بەشی چل و نۆیەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی؛ بارهێنانی بوارە جنسییەکان:

بەشی چل و نۆیەمی هاوسەرێتی و ژیانی جنسی؛ بارهێنانی بوارە جنسییەکان:


مەبەست لە بارهێنانی بواری جنسی ئەوەیە، کە خەڵکی بۆ ژیانێکی کۆمەڵایەتی و خێزانێکی تەندروست و بەختەوەر، ڕێنوێنی بکەین و نەهێڵین بکەوێتە ژێر باری مۆدەکاری پەروەردەیەکی نەفامانەوە، لەبەر ئەوە ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانەی خوارەوە شتێکی پێویستە:

١- لەسەر لاوەکانمان پێویستە هەر لە سەرەتای باڵغ بوونیانەوە، زانیارییەکی درووست فێربین دەربارەی دەزگای زاوزێیان، وەکوو تەواوی دەزگاکانی تر بۆ ئەوەی لەلایان نەبێتە گرێیەکی دەروونی و لە شەوی پەردەدا پێی تووشی ناتەواوی جنسی ببن.

٢- لەسەر ژن و مێرد پێویستە بەهاوکاری هەردوو لا سوود لەو چێژە خواییە وەرگرن و ببن بە مایەی ڕازی کردنی هەستی دەروونی یەکتری، تا تووشی ناتەواوی خێرا ڕژانی مەنی نەبن.

٣- (تێکەڵاویەکی-ئاوێزانێکی) نەوسنانە، نابێ دەسەڵات بەسەر ئیرادەی پیاو یان ژندا پەیدا بکات، چونکە زیادەڕەوی لە (تێکەڵاویدا-ئاوێزاندا) دەبێتە مایەی هەوکردنی داوێنی ژن و ئازار دیتنی، بەتایبەتی لە کچی کەم تەمەندا.

٤- دایک و باوک کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە منداڵەوە هەیە، پێویستە لە پرسیارکردنی منداڵ دەربارەی جنس بێ دەنگ نەبن و بە زمانی خۆش و سادە بۆیان شی بکەنەوە، تا تووشی ناتەواوی گرێی دەروونی نەبن.

٥- لە خێزانێکدا کە کچ و کوڕیان هەیە، پێویستە حەمام و جێگای نووستنیان بۆ جیابکرێتەوە، کە ئەوەش یەکێکە لە یاساکانی ئیسلام.

٦- پرسیارێک کە بەزۆری منداڵان، لە دایکییان دەکەن ئەوەیە، کە من چۆن هاتمە سەر دونیا؟! وڵامێک کە هەندێک لە دایکان دەیدەنەوە بە منداڵەکانیان ئەوەیە: کە فریشتەیەک هات و ناوکی منی کردەوە و تۆ لێی هاتیە دەر، بەڵام وردە وردە منداڵ کە گەورە بوو، بیر لەو وڵامە دەکاتە و ناتوانێ قەناعەتی پێی بکات، لە کاتێکدا کە بەیەک وڵامی سادە دەتوانێ منداڵەکەی ڕازی بکات وەک: لە زگی دایکیدا کیسەیەک هەیە کە تایبەتی منداڵە و پێش بوونی لەوێدا دەژیت، کە بوو بە نۆ مانگیش (کەمتر یان زیاتر) ژینی دەوێت و مانەوەی لەوێیدا تەواو دەبێت و خوای گەورە دەیهێنێتە سەر دونیا، دەتوانێ نموونەشی بە گیاندارانی نزیکی خۆی بۆ بهێنێتەوە وەک: زانی پشیلە و مانگا و بزن و…هتد.

٧- پێویستە لەسەر وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن، لە چاپ کردن و بڵاوکردنەوەی وێنەی جنسی لەسەر کتێبی هاوڵاتیان و خوێندکاران خۆ ببوێرن.

ئامۆژگاریەکی گرنگ بۆ دایک و بابی زرنگ،
دونیای بەهەشتی منداڵ، مەکەن بە دۆزەخی تاڵ.



تعليقات