بەشی چل و شەشەمی ئەدەب، ئیسماعیل بێشکچی "کوردناس" (١٩٣٩):

لەسەر مافی کورد خەڵاتێکی زۆر کراوە، لەلایەن وڵاتانی دەروە، بەڵام ئەو پاداشت و خەڵاتانەی ڕەتکردووەتەوە، وەک خۆی دەڵێت: چونکە ئەو وڵاتانە چەک دەفرۆشن بە تورکیای داگیرکەر.


ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵی ١٩٣٩ لە (ئیسکلیب) لە نزیک پارێزگای (کۆڕم) لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە.
بڕوانامەی لیسانسی لە زانکۆی ئەنقەرە و پلەی دکتۆراشی لە زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزرووم وەرگرتووە، بێشکچی لە کاتی خزمەتی سەربازیدا لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢-١٩٦٤ی.ز لە ناوچەکانی (هەکاری) و (بەدلیس)، گەلی کوردی ناسیووە، وەک بێشکچی خۆی دەڵێت:
(کە گەیشتینە باکووری کوردستان بۆ تەواوکردنی خزمەتی سەربازی، بە چاوی خۆم نەتەوەیەکم دیت، کە زمان و مێژوو و دابوونەریتیان لە گەڵ ئێمەی تورک زۆر جیاوازە، ئەو گەلە ئەو ناوە هەڵناگرنە خۆیان، کە ئێمە پێیان دەڵێن (تورکی شاخاوی)، ئەوان بە خۆیان ناڵێن تورکی شاخاوی، بەڵکوو شانازی بە کورد بوونی خۆیانەوە دەکەن.)
لەو دەمەوە بێشکچی هەموو توانا و هزر و چالاکی زانستی خۆی تەرخان کردووە لە پێناو گەلی کورددا بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و داکۆکی کردن لە سەر مافی نەتەوایەتی و دیموکراتیەت و تایبەتمەندیی شارەستانییەتی گەلی کورد، هەوڵی ئەوەی داوە کە ڕۆشنبیرانی تورک لەو ڕاستییە بگەینێت کە زۆرینەیان نکۆڵی لێدەکەن، وەک چۆن دەوڵەتی تورک، چەند سەدە و چەند دەیەیکە دژی دۆزی کورد دەوەستێتەوە، بە ئاگر و ئاسن.
تا ئێستا لەو ڕێگایەدا (٣١) توژێنەوەی بڵاو کردووەتەوە و زۆرێک لە کتێبەکانی لە کاتی چاپکردنیدا دەستیان بەسەردا گیراوە و قەدەغە کراون.
ئەو کتێب و توێژینەوانە، وای لە بێشکچی کردووە، کە کۆنترین بەندی سیاسی ناو دەوڵەتی تورکی عیلمانی و دیمۆکراتی بێت، چونکە بەوە تاوانبار کراوە کە بە نووسینەکانی دەستدرێژی کردووەتە سەر کەرامەت و شەڕەفی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و داکۆکی کردووە لە دۆزی کورد، کە تورکیا دۆزی کورد بە کارێکی دژی بە یاسا دەزانێت و نابێت کەس لەسەر ئەو بابەتە تەنیا بە وشەیەکیش قسەیەک بکات.
بەڵام بێشکچی دەڵێت: من خەباتی ئاشتیانە دەکەم، تا ڕێگەم پێ بدەن گفتووگۆە زانستییەکانم ئەو کارە نایاساییانە ڕاپێچ بکەن کە سانسۆر دیاناوە لە پێناو پاراستنی شەڕەفی تورکی داگیرکەر، ئەویش بە پشت بەستن بە دەربڕینی وتەی سەربەست و پاراستنی مافی مرۆڤ.
کۆی حوکمی دەستبەسەرکردنی ئیسماعیل بێشکچی لە لایەن تورکیای داگیرکەرەوە (دوو سەدە و نیوە) لەسەر ئازادی و دیموکراتی مافەکانی گەلی کوردە کە بۆی بڕاوەتەوە، زۆرێک ڕۆشنبیر لە ناو تورکیا و وڵاتانی دەرەوەدا داکۆکی لە بێشکچی دەکەن و خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دەدەن دژ بە تورکیای داگیرکەر.
بێشکچی بەهۆی نووسینەکانییەوە پاداشت و خەڵاتێکی زۆر کراوە، لەلایەن وڵاتانی دەروە، بەڵام زۆری ئەو پاداشت و خەڵاتانەی ڕەتکردووەتەوە وەک خۆی دەڵێت:
چونکە ئەو وڵاتانە چەک دەفرۆشن بە تورکیای داگیرکەر و تورکیاش دژی کورد بەکاری دەهێنێت، هەروەها دەڵێت باشترین ڕێگا بۆ کۆڵۆنیاڵکردنی گەلێک، ڕێگا گرتنە لەو گەلە کە بیەوێت کەلەپوور و زمانەکەی گەشە بکات و بەکاری بهێنێت.

لێکدانەوەی وشەکان:
نکۆڵی: ئینکار کردن
لیسانس: بڕوانامەی بەکالۆریۆس کە دەدرێت بە دەرچووانی کولێژەکان.
سانسۆر: چاودێری کردن لە لایەن حکوومەتەوە، ڕێگەگرتن لە بڵاو کردنەوە.
عیلمانی: سیاسەتی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت.
دۆز: مەسەلە – پرس.
کۆلۆنیاڵ: داگیرکردن، سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیەک.

بەشی چل و شەشەمی #ئەدەب، #ئیسماعیل #بێشکچی "#کوردناس" (١٩٣٩):
لەسەر #مافی #کورد خەڵاتێکی زۆر کراوە، لەلایەن وڵاتانی دەروە، بەڵام ئەو پاداشت و خەڵاتانەی ڕەتکردووەتەوە، وەک خۆی دەڵێت: چونکە ئەو وڵاتانە #چەک دەفرۆشن بە #تورکیای #داگیرکەر.

تعليقات