داگیرکاری و فراوان خوازی دەوڵەتی عوسمانی لە نیشتمانی عەرەب؛ عێراق و خۆرئاوای عەرەبی:-

 داگیرکاری و فراوان خوازی دەوڵەتی عوسمانی لە نیشتمانی عەرەب؛ عێراق و خۆرئاوای عەرەبی:-


٢- داگیرکردنی عیراق لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە:

عێراق لەژێر دەسەڵاتی سەفەویەکاندا مابووەوە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیری عێراق لە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکاندا ڕوو لە خراپتر بوو، سوڵتان سلێمانی قانونی ساڵی ١٥٣٤ی.ز بە بێ هیچ بەرنگارییەک بەغدادی داگیرکرد و لە ژێر دەسەڵاتی سەفەویەکانی دەرهێنا.
هاوکات (ڕاشد کوڕی ئەلمەغاس)ی فەرمانڕەوای بەسرە ملکەچی خۆی بۆ سوڵتانی عوسمانی ڕاگەیاند، کەواتە بەسرەش لە سەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونیدا بەبێ بەرنگاری چووە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی و لە ساڵی (١٥٤٦ی.ز) بە ڕەسمی داگیرکردنی بەسرە لە لایەن عوسمانییەکانەوە ڕاگەیندرا.

شایانی باسە ساڵی ١٦٢٣ی.ز شا عەباسی سەفەوی توانی جارێکیتر بەغدا تا ساڵی ١٦٣٨ی.ز داگیر بکاتەوە، بەڵام عوسمانییەکان بەسەرکردایەتی سوڵتان مورادیی چوارەم دەستیان گرتەوە بەسەر بەغداد دا.

٣- داگیرکردنی خۆرئاوای عەرەبی لە لایەن عوسمانییەکانەوە:

بەشی خۆرئاوای عەرەبی هەر لە زووەوە رووبەڕووی هێرش و داگیرکاری ئەورووپییەکان ببووەوە، هەرچەندە هەندێک لەسەرکردە دەرییایەکانی عەرەب وەک (عروج) و (خەیرەددین)ی برای، بەربەرەکانێی ئەو داگیرکاریەیان کرد، بەڵام نەیانتوانی ناوچەکە لە ئەورووپییەکان ڕزگار بکەن، ئەوە بوو (عروج) کوژرا و (خەیرەددین)یش داوای لە عوسمانییەکان کرد هاوکاری بکەن.

عوسمانییەکانیش بە هاوکاری گەلانی ناوچەکە توانیان یەک لە دووای یەک هەرێمەکانی خۆرئاوای عەرەبی لە دەسەڵاتی ئەورووپییەکان ڕزگار بکەن و دووای رزگارکردنی ناوچەکانیش دەسەڵاتی عوسمانییەکانی تێدا جێگیر دەبوو.

ساڵی ١٥٥١ی.ز دووای دەرکردنی هێزەکانی (قەدیس یوحەننا) لە لایەن هێزی دەریایی عوسمانی، لیبیا بوو بە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی.

ساڵی ١٥٧٤ی.ز یش تونس کەوتە ژێر دەستی عوسمانییەکان پاشانیش جەزائیر تا گەیشتنە سنووری مەراکیش (مەغریب).

بەڵام دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە هەردوو سەدەی هەژدە و نۆزدەدا لە خۆرئاوای عەرەبی بەرەو لاوازی دەچوو، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ویلایەتەکانی خۆرئاوای عەرەبی دووربوون لە یەکترییەوە و لە پایتەختی دەوڵەتیشەوە، وێرای لاوازیی ئەو ئامرازەی کە پێویستە بۆ دەوڵەتێک بیەوێ زاڵ بێت بەسەر ئەو ویلایەتانە ئەویش هێزی دەریاییە.

ڕووبەڕووبوونەوەی عەرەب لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی:

لە ئەنجامی سیاسەتی خراپی عوسمانییەکان لە نیشتمانی عەرەبیدا لە نیوەی دووەمی سەدەی شازدەوە عەرەبەکان دەستیانکرد بە ڕاپەڕین و بەرگری لە بەرامبەر خراپەکارییەکانی عوسمانیدا، ئەم ڕاپەرینانە لە سەدەی هەژدەدا گەیشتە ئاستێکی باڵاتر و ڕووبەرێکی فراوانتری نیشتمانی عەرەبیشی گرتەوە.

عێراق یەکێک بوو لە بنکەکانی ئەم راپەڕینانە، ڕاپەڕینەکەی عەبدولغەنی جەمیل موفتی کە لە بەغدا و دژی عوسمانییەکان سەری هەڵدا دیارترینی ئەو ڕاپەڕینانە بوو، خراپی باری ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا لە دووای کەوتنی دەسەڵاتی داوود پاشاوە لە ساڵی ١٨٣١ی.ز هۆکاری سەرکی ڕاپەڕینەکە بوون.

لە ٢٨ی ئایاری ساڵی ١٨٣٢ی.ز خەڵکێکی زۆر لە دانیشتوانی بەغدا بەنیازی پەلاماردان ڕوویانکردە سەرا کە شوێنی نیشتەجێی والی عوسمانی بوو لە بەغدا، لەمەوە شەڕێکی گەرم لە نێوانی خۆپیشاندەران و پاسەوانەکاندا ڕوویدا، والی عوسمانی توانی هێزەکانی خۆی کۆ بکاتەوە و بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکات و زیانێکی زۆریشیان لەو گەڕەک و شوێنانەدا کە خۆپیشاندەران و سەرکردەکانی ڕاپەڕین تێیدا کۆبوونەوە.

لە (لوبنان)یش چەند راپەڕینێک ڕوویدا، گرنگترینیان ئەو راپەڕینانە بوون کە لە سەدەی نۆزدەدا ڕوویدا بە (عامیات)ناسراوە، عامیات بەو بزووتنەوانە دەگوترا، کە گەل لە پێناو بەدیهێنانی مافەکانیدا لە دژی چەوسێنەران بەرپای دەکرد، یەکێک لەو ڕاپەڕینە گەلیانەش (عامیات) بریتی بوو لە راپەڕینی گەلی ئەنتڵیاس بەهۆی ئەوەی کە والی عەککا عەبدوڵڵا پاشا داوای لە میر بەشیری شەهابی کرد کە فەرمانڕەوای ناوچەی (جەبیل) بوو، تا پارەیەکی زۆری بۆ کۆبکاتەوە.

لە ئەنجامی ئەمەدا خەڵک پەیوەندیان بە دانیشتوانی گوندەکانەوە کرد، تا هەموو لەشاری ئەنتڵیاس کۆ ببنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەموو بەیەک دەنگ بریاریاندا، کە بەرنگاری ئەم داواکارییە ببنەوە و ئامادە نەبوون ئەو بڕە پارەیە بدەن، ئەم رووبەڕووبوونەوەیە لە ساڵی ١٨٥٠ی.ز تا ساڵی ١٨٥١ی.ز خایاندا.

ساڵێک دووای ئەمە ڕاپەرینێکی تر دژ بە میر بەشیر و دەرەبەگەکان روویدا، کە بە (عامیەی قین) ناسراوە.

لە ساڵی ١٨٥٨ی.زیشدا لە ناوچەی کەسرەوان جووتیاران دژی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین، چونکە باجێکی زۆریان بەسەردا سەپاندبوون، ئەم ڕاپەڕینەش بە (عامیەی کەسرەوان) ناسراوە.

لە سوریاش چەند راپەڕینێک ڕوویدا لەوانە ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٧٩٨ی.ز لە دیمەشق و ساڵی ١٨٨٦ی.ز لە (جەبەل عەرەب)، هەروەها ڕاپەرینی ساڵی ١٨٩٩ی.ز کە وەک ناڕەزاییەتییەک لە بەرامبەر کاربەدەستانی عوسمانی سەری هەڵدا کاتێک دەیانویست چەند سەربازگەیەک لە (سوەیدا) دابمەزرێنن.

لە میسریش یەکێک لە گەورە پیاوانی مەمالیک کە ناوی (عەلی بەگ) بوو توانی جاڕی سەربەخۆیی میسر بدات و دەوڵەتێکی بەهێز دروست بکات.

جگە لەمانە چەندین ڕاپەڕینی تریش لە تونس و لیبیا لەبەشی خۆرئاوای عەرەبیدا ڕوویدا.

تعليقات