داگیرکاری و فراوان خوازی دەوڵەتی عوسمانی لە نیشتمانی عەرەب:-

داگیرکاری و فراوان خوازی دەوڵەتی عوسمانی لە نیشتمانی عەرەب:-


داگیرکردنی عوسمانی بۆ نیشتمانی عەرەب لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی یەکەم (١٥١٢-١٥٢٠ی.ز) و سوڵتان سلێمان قانوونی (١٥٢٠-١٥٦٦ی.ز) دابوو، لەم ماوەیەدا دەسەڵاتی عوسمانی توانی وڵاتی شام و میسر و حیجاز و یەمەن و عێراق و خۆرئاوای عەرەبی داگیر بکات بەم شێوەیە:

١- داگیرکردنی وڵاتی شام و میسر و حیجاز و یەمەن (ڕوواخاندنی مەمالیک):

دووای ئەوەی عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدێران ساڵی ١٥١٤ی.ز بەسەر سەفەویەکاندا سەرکەوتن و دەستیان گرت بەسەر ناوچەیەکی زۆری کوردستاندا، هەوڵیاندا دەسەڵاتیان لەسەر حسابی مەمالیک زیاتر فراوان بکەن.

مەمالیکەکان ئەو کاتە حوکمڕانی میسر و شام و حیجاز و یەمەنیان دەکرد، عوسمانییەکان سەرەتای پەلامارەکانیان بۆ سەر مەمالیک لە شامەوە دەست پێکرد لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

١- دەست گرتنیان بەسەر شامدا بە مانای دەست گرتنیان بوو بەسەر خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

٢- بەدەست بەسەرداگرتنی شام ڕێگای هاتووچۆی بازرگانیان مسۆگەرتر دەبوو هەروەها لە دەریای سووریش نزیک دەبوونەوە، کە دەچێتەوە سەر زەریای هیندی و پورتەگالییەکان تیادا بڵاوببوونەوە.

٣- زاڵبوونی عوسمانییەکان بەسەر دەریای ناوەڕاستدا یارمەتی دەدان دەسەڵاتیان بگەیننە خۆرئاوای عەرەبی.

سەرەتا پەیوەندی نێوان عوسمانییەکان و مەمالیک ئاسایی بوو، بەڵام لە ئەنجامی فراوانخوازی عوسمانییەکان بۆ سەر میرنشینەکانی دراوسێی وەک میرنشینی (ذي القدر) لە شام، ناکۆکی کەوتە نێوانیانەوە، بیانوی عوسمانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئەم میرنشینە ئەوەبوو کە ئەم میرنشینە وەک کۆسپ وایە لەبەردەم سوپای عوسمانی لە کاتێکدا هێرش دەکەنە سەر ئێران.

بەم جۆرە جەنگ لە نێوان هەردوولادا هەڵگیرسا و سەرنجام لەشکری عوسمانی و مەمالیک لە شەڕی (مەرج دابق) نزیک حەلەب لە ٢٢ی ئابی ساڵی ١٥١٦ی.ز ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و لە ئەنجامدا عوسمانییەکان سەرکەوتن و دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتی شامدا سەپاند.

پاش ئەم جەنگە سوڵتان سەلیمی یەکەم نامەیەکی بۆ (طومان بای) جێگری سوڵتانی مەمالیک لە میسر نارد و داوای لێکرد کە دان بە دەسەڵاتی عوسمانی دابنێ و بەناوی سوڵتانی عوسمانییەوە لە میسر فەرمانرەوایی بکات.

بەڵام طومان بای بەهۆی تیژ کردنی میرەکانی (میسر) لەترسی ئەوەی نەوەکوو )طومان بای) وەکوو سوڵتانێک دەسەڵاتەکەی بەسەر (میسر) و میرەکانیدا بمێنێتەوە، وایان لێکرد کە ڕازی نەبێت بە دەسەڵاتی عوسمانی و دان بە عوسمانییەکاندا لە میسردا نەنێت.

بۆیە داواکەی سوڵتانی عوسمانی پەسەند نەکرد، لەبەر ئەوە سوڵتان سەلیم بریاریدا پەلاماری میسر بدات، سەرنجام لەشکری عوسمانی لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٥١٧ی.ز لە شەڕی (الریدانیە) سوپای طومان بای تێکشکاند و چوونە ناو شاری قاهیرەوە، ئەمەش بووە هۆی ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتی مەمالیک لە میسردا و بەم شێوەیە میسر داگیرکرا و بوو بە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی.

کاتێک کە دەوڵەتی مەمالیک لە شام و میسر ڕووخا، ئیتر شتێکی ئاسایی بوو کە (حیجاز)یش بکەوێتە ژێر دەستی دەوڵەتی عوسمانی ئەوەبوو شەریف (بەرەکات) کە شەریفی مەککە بوو کوڕەکەی بەناوی (ئەبو نەمر) نارد بۆ لای سوڵتان سەلیم لە قاهیرە بۆ ئەوەی مل کەچی و گوێڕایەڵی خۆی بۆ سوڵتانی عوسمانی ڕابگەینێت، سوڵتان سەلیمیش پێسوازی لە (ئەبو نەمر) کرد و حوکمرانی حیجازی بە باوکی سپارد ئەم پێسپاردنە یارمەتی شەریف بەرەکاتیدا کە دەست ڕۆیشتنی شەریفەکان چۆن بوو لە کاتی مەمالیکدا بەم جۆرە بمێنێتەوە.

وە لە یەمەنیش سوڵتان سەلیم داوای لە (ئەسکەندەری چەرکەسی) کرد کە والی یەمەن بوو لە سەردەمی مەمالیکدا، کە بەناوی دەوڵەتی عوسمانییەوە فەرمانڕەوایی لە یەمەندا بکات، ئەسکەندەری چەرکەسیش ڕازی بوو، وە دانی نا بە دەسەڵاتی عوسمانی دا لە یەمەن.

بەڵام دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە یەمەن جێگیر نەبوو چونکە یەمەنیەکان بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو لەشکرانە دەبوونەوە کە سوڵتانەکانی عوسمانی دەیانناردە سەریان تا ساڵی ١٥٣٨ی.ز کاتێ کە عوسمانییەکان عەدەنیان داگیر کرد و دەرگای گەرووی (باب المندب)یان بە ڕووی پورتەگالییەکاندا داخست، بەڵام عوسمانییەکان نەیانتوانی لە ئاوەکانی خۆرهەڵات (کەنداو) کارێکی لەو جۆرە بکەن جونکە کەشتیگەلەکانیان لە بنکە سەرەکییەکانی خۆیان لە دەریای ناوەڕاست دوور کەوتبوونەوە، هەروەها بە هۆی ململانێیان لەگەڵ ئێرانییەکان کە هاوپیەمانی پورتەگالییەکان بوون، وێڕای ئەوەش عوسمانییەکان ساڵی ١٥٥ی.ز دەسەڵاتیان گەیشتە بەحرەین.

تعليقات