ڤیدیۆ: تورکیای داگیرکەر شاری “حەسەن کێف-حەسکێف”ی باکووری کوردستان دەخاتە بن ئاوەوە.

تورکیای داگیرکەر بە هۆی بەنداوی (ئیلی سووە)ەوە شاری “حەسەن کێف-حەسکێف”ی باکووری کوردستان دەخاتە بن ئاوەوە و ناهێڵێت ناوی ئەو شارە لە رێکخراوی یونیسکۆ تۆمار بکرێت.


تورکیای داگیرکەر لە بەر کارەبای نیشتیمانی خۆی وا خەریکە، شارێکی مێژووی کوردستان کە هی ١٢ هەزار ساڵ پیش ئێستای کوردە، وا خەریکە دەیخاتە ژێر (بەنداوی ئیلی سوو)ەوە کە بەشێکە لە پرۆژەی گەورەی (گاپ)، و بەزەیی بە کلتوور و مێژووی کۆنی گەلی کوردا نایتەوە.
زۆرێک لە چالاکوانانی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان بەتایبەت کوردانی باکوور، ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیەوە بەرامبەر بەم ژینۆسایدە کلتووریەی تورکیای داگیرکەر، بەڵام ئەم دگیرکەرە وا هەر بەردەوامە لەسەر ئەم پڕۆژە داگیرکارانەی خۆی.
ئەو حکوومەتە داگیرکەرە دەتوانێت هەمان کار لە ناوچەیەکی تورک نیشندا بکات، بەڵام لەبەر ئەوەی کە کلتوور و داب و نەریت و مێژووی کوردی لە لاوە گرنگ نییە، دەستی داوەتە ئەو تاوانە گەورەیەی کە بۆمان باسکردن.
پرۆژەی گاپ ئەو پرۆژەیەیە کە حکوومەتی تورکیا بە مەبەستی ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ ناوچەکانی خوارەوەی تورکیا جێبەجێی دەکات، کە هەر ٩ پارێزگای کوردی لەخۆ دەگرێت (ئەدەنە هەتا شەرناخ)، بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی سەرەکیی ئەم پرۆژەیە گۆڕین و دەستکاریکردنی جیوگرافیای ناوچە کوردییەکان و شێواندنی مێژووی کوردە، یەکێکیش لەو کارانە ژێرئاوکەوتنی شاری “حەسەن کێف-حەسکێف” باکووری کوردستانە.


کورتەیەک لە مێژووی “حەسەن کێف-حەسکێف”ی باکووری کوردستان:
لێرە دەمانەوێت بە کورتی باسی مێژووی ئەم شارە لە سەردەمە جیاوازەکاندا بکەین.
بەپێی ئەو بەڵگە مێژوویی و شوێنەوارییانەی، کە تا ئێستا دۆزراونەتەوە، بۆمان دەردەکەوێت، کە “حەسەن کێف-حەسکێف” بە مێژووییەکی ١٢ هەزار ساڵەوە، یەکێکە لەو شارانەی، کە بە درێژایی مێژوو ژیان تێیدا بەردەوام بووە و گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی نەیتوانیوە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە شارەکەیان دەربکەن.
ئەم شارە لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین، بەشێک بووە لە شارستانیی خورییەکان، کە ئەوانیش بە باپیرە گەورەی کورد دادەنرێن.
لە ساڵەکانی ١٨٠٠-١٧٥٠پێش زایین، لە دەقە بزمارییەکانی ماری بە (ییلانسورا) ناوی هاتووە، کە شارێکی گەورە لە نزیک رووبارێکی گەورە بووە، کە مەبەستی لە رووباری دیجلەیە.
لە سەردەمی میتانییەکان، واتا ١٥٠٠ساڵ پێش لەدایکبوونی عیسای مەسیح، ئەم شارە یەکێک بووە لە شارە گرنگەکانی ئەو سەردەمە و نزیک بووە لە پایتەختی میتانییەکان، کە شاری (واشکونی) بووە.
لەپاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئاشوورییەکان لە ساڵی٦١٢ی پێش زایین لە لایەن پاشای ماد (کیکسار- کەیخۆسرەو) کۆتایی پێ دێت، ئەم شارە گرنگییەکی زیاتری پێ دەدرێت، نموونەی ئەم گرنگی پێدانە لە دروستکردنی چەندین ئەشکەوتی گەورە و گرنگ لەناو دڵی چیاکانی “حەسەن کێف-حەسکێف” دیارە کە ئێستاش هەر وەک خۆیان ماونەتەوە و سیمای شارەکەیان جوانتر کردووە.
لەپاش رووخانی میدییەکان، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی رۆمانەکان و دەبێتە بەشێک لە جیوگرافیی دەسەڵاتداری رۆمانەکان و لە سەرچاوەکان بە (کیفا) ناوی دەهێنن، لەم سەردەمە شارەکە پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، وەک دروستکردنی چەندین پرد لەسەر رووباری دیجلە، کە پاشماوەکانی هەتا ئێستا ماونەتەوە.
لە ساڵی ٣٦٣ زایینی، بەهۆی شەڕی (سامرا) و کوژرانی (جولیان)ی پاشای رۆمانییەکان، ئەم شارە کەوتە ژێر دەستی ساسانییەکان کە ئەویش بەپێی داوای پاشای ساسانی (شاپووری دووەم) بوو بۆ وازهێنانەوەی رۆمانییەکان لە هەندێ لەو ناوچانەی، کە لەژێر دەستیاندا بوون.
لەگەڵ بەدیارکەوتنی ئایینی ئیسلام و هاتنی عەرەبە موسڵمانەکان، دەوڵەتی ساسانی بەهۆی ئەو شەڕانەی کە کردی، لاواز بوو، هەتا لە کۆتاییدا تێکشکا. لەو سەردەمدا شاری “حەسەن کێف-حەسکێف” کەوتە دەست عەرەبە موسڵمانەکان. لە سەردەمی عەباسییەکان و بەهۆی لاوازبوونی دەسەڵات، چەندین میرنشین لە ناوچەکەدا دەرکەوتن کە حوکمی ناوچەی خۆیان دەکرد، لەوانە میرنشینی دۆستەکی- مەڕوانی کوردی (٩٨٢-١٠٨٥ ز) کە لە لایەن میر بادەوە لە باکووری کوردستان دامەزرا، کە شاری “حەسەن کێف-حەسکێف” یەکێک لە شارە هەرە گرنگەکانی ئەم میرنشینییە بوو، بە تایبەت لە سەردەمی میر (ئەحمەدی کوڕی مەڕوان ١٠١١ – ١٠٦١ ز)، کە شارەکە بووژانەوە و پێشکەوتن و ئاوەدانیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.
لە سەردەمی دەوڵەتی ئەیووبیدا، ئاوەدانی رووی لە شارەکە کردووە و زۆربەی شوێنەوارەکانی ئێستای شارەکە بۆ سەردەمی ئەیووبییەکان دەگەڕێتەوە، کە کتێبی (شەرەفنامە)ی شەرەف خانی بەدلیسی سەرچاوەیەکی باشە بۆ ئەم بابەتە.
ئەم شارە بۆ ماوەیەک لە سەردەمی (ئاق قۆینلوەکان) دەبێتە پایتەختی هاوینە، هەتا ساڵی ١٥١٥ زایینی، کە لە لایەن عوسمانییەکان داگیر کرا.
بوونی چەندین ئەشکەوتی دەستکرد و سرووشتە جوانەکەی رووباری دیجلە و نزیکەی ٣٠٠ بینای مێژوویی سەدەکانی ناوەڕاست، وای کردووە ئەم شارە ببێت بە مۆزەخانەیەکی کراوە، واتا بێ سەقف بناسرێت، سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لە لایەن چالاکوانەکانی بواری شوێنەوار و ژینگە و هاتنەوە دەنگی رێکخراوە جیهانییەکان بۆ پاراستنی ئەم شارە کۆنە، بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵی تر، ئەم شارە دەکەوێتە ژێر ئاو و بەو شێوازە بەشێکی گرنگ لە مێژوو و شوێنەواری کورد لەناو دەچێت و تەنیا شتێک کە لێرە دڵمان کەمێک خؤش دەکات، شوێنی جیوگرافیی ئەم بەنداوەیە، کە دیسان دەکەوێتە ناوچە کوردییەکان.
سەرچاوەکان:
خودی کوردزانست
باسنیوز
کوردیپێدیا.
مێدیایی ک ن ن.

بە وێنە و ڤیدیۆ: #تورکیای #داگیرکەر #شاری "#حەسەن #کێف-#حەسکێف"ی #باکووری #کوردستان دەخاتە بن ئاوەوە و ناهێڵێت ناوی ئەو شارە لە #رێکخراوی #یونیسکۆ #تۆمار بکرێت.

تعليقات