ململانێی عوسمانی-سەفەوی و کاریگەری لەسەر کوردستان:-

ململانێی عوسمانی-سەفەوی و کاریگەری لەسەر کوردستان:-

سەدەی شازدەهەم ملمانێییەکی ترسناکی بە خۆیەوە بینی لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئیسلامی عوسمانی (تورکی-سوونی مەزهەب) و سەفەوی (ئێرانی-شیعە مەزهەب)دا، لە پێناوی سەپاندنی دەسەڵاتیان و فراوان کردنی خاکەکانیان لەسەر وڵاتی تری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونکە لە سەرەتای سەدەی شازدەیەمدا ئەم دوو دەوڵەتی (عوسمانی و سەفەوی) لەو پەڕی هێز و توانادا بوون و هەریەکەیان دەیویست لەسەر حیسابی ئەوی دیکە هەنگاوی فراوانخوازی خۆی چڕ بکاتەوە و دەوڵەتەکەی خۆی فراوانتر بکات.

بۆ ئەم مەبەستە گەلێک ڕێگای تیادا بەکارهێنرا وەک هێز و فێڵ و تەڵەکەبازی و هەندێک جاریش فڕیودان و بەڵینی تروسکەدار، شەڕ و ململانێی نێوانیان هەموو بوونەتە هۆی دروست کردنی کارەسات و وێران کاری و کوشتن و بڕین و تێکدان بۆ ناوچەکە، بەتایبەتی کوردستان، چونکە کوردستان دەکەوێتە نێو هاوکێشە و ململانێ سیاسی-سەربازیی هەردوو دەوڵەتەکەوە و بوو بە شانۆی جەنگ و پێکدادانی هێزەکانی هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی، وە زۆربەی شەڕەکان و لەشکرکێشییەکانیان بەناو خاکی کوردستاندا تێدەپەڕین، ئەم شەڕ و لەشکرکێشیەش کە لە نێوان هەردوو دەوڵەتەکەدا دەکرا، هیچ بوارێکیان بۆ کلتوور و دامەزراوە ناوخۆیییەکان نەهێشتەوە، هەروەها کوردستان ناوچەی سنووری جیاکەرەوەی هەردوو دەسەڵات و دەرگایەکی کراوەش بووە، بۆ لەشکرکێشییەکانی سەفەوی بۆ عێراق کە شوێنە پیرۆزەکانی مەزهەبی شیعەی بەخۆیەوە گرتووە و هەمیشە بۆ فارسەکان مەڵبەندێکی ڕوحی پیرۆز بووە، بێجگە لەوەی کە عێراق تاکە ڕێگای سەفەوی بوو، بۆ سەر دەریای ناوەڕاست.

وە کوردستانیش هەروەک باسمان کرد، لەبەر ئەوەی کەوتووەتە نێوان هەردوو دەوڵەتەکەوە (عوسمانی و سەفەوی) شتێکی ئاسیایییە کە بووە مەیدانی سەرەکی ئەم ململانێیەی نێوانی هەردوو دەوڵەتەکە و گەلی کوردیش لە کارەساتەکانی شەڕ گەورەترین بەشی لەم وێران کارەیەدا بەرکەوت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی کە پارچە پارچەش بوو، چەند میرنشینێکی دەرەبەگایەتی کە کەسیان نەیان دەتوانی بە تەنها بەربەرەکانی داگیر کەران بکەن.

ڕژێمی دەرەبەگایەتی کە لەو ڕۆژگارەدا لە کوردستاندا باو بوو، کۆسپێک بوو لە رێگای یەکگرتنی گەلی کورد و کۆکردنەوەی میرنشینە کوردەکان لە ژێر ئاڵای یەک دەوڵەتەدا کە بتوانێت بەرگری لە کوردستان بکات و هێرشی بێگانەکان بۆ سەر وڵاتەکەیان نەهێڵێت و لە مەترسی شەڕ دوور بخاتەوە ئەو شەڕەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی کوردەوە نەبووە، نە لە دوور و نە لە نزیکەوە.

ئیمپراتۆری عوسمانی لەسەدەی شازدەیەمدا لە ماوەی زێڕینی هێزی دابوو، لەبەر ئەوە نەیدەتوانی لەبەرامبەر فراوانخوازییەکانی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی بێدەنگ بێت، وە لە نێوان ئەم دوو هێزە ناکۆکە مەزهەبییە نەتەوایەتیدا میر و بەگە کوردەکان کە زۆربەیان بە مەزهەب سوونی بوون، نەیان توانی ببن بە هێزی سێیەم لە ناوچەکەدا، سەرەڕای نەبوونی هەستی نەتەوایەتی لەناو کورددا لەو کاتەدا بەمانای نوێ، کە بتوانێ هێز و توانای هەموو ڕۆڵەکانی کورد کۆ بکاتەوە، بەڵکوو هەستی مەزهەبی ئایینی زاڵ بوو بەسەریاندا، ئەمە بووە هۆی ئەوەی فەرمانڕەواکانی عوسمانی و سەفەوی سوودی لێ وەربگرن و بەکاری بهێنن تا کورد ڕابکێشن بەلای خۆیاندا.

سەرەڕای سیاسەتە دوژمن کارییەکەی دەوڵەتی سەفەی بەرامبەر بە میرنشینە کوردەکان، هەر هێندەیان بۆ کورد هێشتەوە کە بکەونە داوی لایەنگری و پاڵپشتی ئیمپراتۆری عوسمانی بۆ پاراستنی خۆیان لە هەڕەشەی سەفەوییان، کە ئەمەش یەکەمین هەنگاوی دیاردەی پاشکۆیەتییەکی ناچاری بوو کە لەناو میرنشینە کوردییەکاندا دەرکەوت، ئەمە سەرەڕای لاوزی میرنشینە کوردییەکان لە بەرامبەر ئەم هێزانەدا کە بە تەنها نەیان دەتوانی بەرپەرچی دوژمن بدەنەوە، لەبەر ئەوە هەر یەکە لەو میرانە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆیان لە ژێر کاریگەری سۆزی ئایینی و مەزهەبیدا دەچووە پاڵ یەکێکیان.

تعليقات