بەشی چل و نۆیەمی ئەدەب؛ ئەدبییاتی کلاسیزمی کوردی-شێوەی کرمانجی خواروو:

بەشی (سلێمانی) ئەو دیالێکتە بووە بە بناغەی قوتابخانەی ئەدەبییاتی تازەی کوردی و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بابانەکانەوە وەک زمانی ئەدەبی سەری هەڵهێنا و هێشتا لە گەشەسەندن و فراوان بوون و پەرەسەندندایە.


دوا دیالێکتی کوردی کە بووە بە بناغەی زمانی ئەدەبی ئەو سەردەمە و وەک دیالێکتەکان بە هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و جوگرافییەوە ئەدەبییاتی بەرەو کزی یا نەمان نەڕۆیشتووە، دیالێکتی کرمانجی خوارووە، کە سەرەتا بەشی (سلێمانی) ئەو دیالێکتە بووە بە بناغەی قوتابخانەی ئەدەبییاتی تازەی کوردی و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بابانەکانەوە وەک زمانی ئەدەبی سەری هەڵهێنا و هێشتا لە گەشەسەندن و فراوان بوون و پەرەسەندندایە و وای لێ هاتووە کە ببێت بە زمانی ئەدەبییاتی سەردەم و زمانی خوێندنی قوتابخانە و کاروباری ڕەسمی لە (باشووری کوردستان)دا و لە ڕووی نەخشەی دیالێکتەکانی زمانەوە هەموو سنووری کرمانجی خواروو، واتە (سلێمانی، سنە و سۆران، موکریان) و هەموو سنووری دیالێکتی “گۆران)ی (هەورامی و زەنگەنە و باجەلان و ڕۆژبەیانی…هتد).
بەشێکی زۆر لە لوڕ بگرێتەوە وەلای هەندێک نووسەری کرمانجی ژووروو، لە هەندێک بەشی ئەو ناوچایەدا ببێت بە بناغەی زمانێکی ئەدەبی تازە و یەکگرتوو بۆ هەموو کورد کە لەسەر بناغەی تێکەڵییەکی ڕاستەقینە و زانستی پەیدابێت و شەقڵی خۆدروست بوونی ژیان و دروست کردنی پێوە دیاربێت و شتێکی دەست کرد و دروست کراو نەبێت.
جا لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا ئەو قوتابخانە تازەیە چۆن دروست بووە و لە کۆی؟
ئەو گوڕ و هێزەی چۆن پەیدا کردووە و دەبێت لە مێژووی ئەدەبییاتدا چ ناوێک لەو قوتابخانەیە بێنین؟

تعليقات