بەشی چل و دووەمی ئەدەب؛ ڕۆژنامەنگەری کوردی لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد:

لە سەردەمی کۆمارە جوانە-مەرگەکەی کوردستان لە شاری مەهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ بزووتنەوەیەکی ڕۆژنامەگەری کوردی سەری هەڵدا کە بە سەردەمی زێڕینی ڕۆژنامەگەری دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


ئەمەبوو ڕۆژنامەی (کوردستان) و گۆڤارەکانی (نیشتیمان) و (هەڵاڵە) تەنانەت یەکەمین گۆڤاری منداڵان بە زمانی کوردی لە ژێر ناوی ((منداڵانی کورد)) دەرچوو کە ئەمانەش تەکانێکیان بە پەخشانی کوردیدا، نووسەران و هەڵبەستوانانی بەتوانای وەک (هەژار) و (هێمن) و (زەبیحی) و (کەریمی حوسامی) و (حەسەنی قزڵجی) بە نووسین و هەڵبەستە بە پێزەکانیان بەشداریان لەم ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا کردووە ئەمەش بەشێکە لە پارچە پەخشانێک کە لە گۆڤاری (نیشتمان) بڵاو کراوەتەوە لە لایەن (ع.بێژەن).
نەء نەء براکان خۆشەویستەکان وا گوێم لە ئاهو ناڵەی نیشتمانە کە بە کڕوزانەوە پێم ئەڵێ (ڕۆڵەگیان گریان کاری پیرێژنانە: تا دەرگای مردن و مراندن لەسەر پشتانە شیوەن و زاری ئیشی ناپیاو و پەستانە! خۆ ئێمەش خۆمان بەلاوێکی ئازا ئەزانین و مەعنای بەزین نازانین، کەوابوو با بچینە سەر چیا بڵندەکانی نیشتمان بەگەواهی ئەوان پەیمانێکی برایەتی ببەستین کە وەکوو ئەو چیایانە ڕەنگین، سەنگین بە خوێنی جەرگمان ڕەنگین بێ، بۆ گەلی هەژاری کورد، دوایی هێنی ژیانی نەنگین بێ ببێتە یارمەتیدەری ئێمە بۆ مردن و مراندن لە ڕێگای ڕزگاریدا)).
بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی ١٤ی تەمووز لە ساڵی ١٩٥٨دا قۆناغێکی نوێ لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی دەست پێ دەکات چونکە لەو ماوەیەدا بەهۆی سەربەستی بیر و بۆچوون لەسەرەتای شۆڕشەکەدا کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی لە بەغدا و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک دەردەچێت، کە لێرەدا حیزبە کوردییەکانیش ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پێشخستنی کاروانی ڕۆژنامەگەری و زمانی کوردی بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان.

تعليقات