بەشی بیست و یەکەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ئەنفال:

بەشی بیست و یەکەمی (ژینۆساید-جینۆساید)؛ ئەنفال: 

تاوانی ئەنفال یەکێکە لە گەورەترین و ترسناکترین ئەو تاوانانەی، کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدار.

نوێترین سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە بوو، بۆ پاکتاوکردنی نەتەوەیەک لە سەر زێدی باب و باپیرانیان.

چەمکی ئەنفال:

ئەنفال لە زمانەوانیدا، کۆی (نفل)ە، کە بە دەستکەوت دێت، ناوی سوورەتی هەشتەمە لە قورئانی پیرۆز، بە واتای ئەو دەستکەوتە دێت، کە لە کاتی شەڕدا بەدەست شەڕەکەرە موسڵمانەکان دەکەوێت، واتا سەروەت و سامانی بێبڕواکانە، کە دەست موسڵمانان دەکەوێت.

لەم بارەیەشەوە بۆچوونی زانایانی ئیسلام سەبارەت بە چەمک و واتای ئەنفال واتە، (النفال هو الغنیمة، أي کل نیل نالە المسلمون من أهل الحرب).

کەواتە ئەنفال لە ئایینی ئیسلامدا ئەو دەستکەوت و سامانەیە کە موسڵمانان لە بتپەرست و بێباوەڕان، وەک دەستکەوتی شەڕ دەستیان دەکەوێت.

هەروەک لە سوورەتی (الانفال)ی قورئانی پیرۆزەوە ئاماژەی پێکراوە: (يَسْأَلُونَكَ عَنِ الْأَنفَالِ ۖ قُلِ الْأَنفَالُ لِلَّـهِ وَالرَّسُولِ ۖ فَاتَّقُوا اللَّـهَ وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ ۖ وَأَطِيعُوا اللَّـهَ وَرَسُولَهُ إِن كُنتُم مُّؤْمِنِينَ ﴿١﴾ سورة الأنفال

ئه‌ی محمد(صلى الله عليه وسلم) پرسیارت لێ ده‌که‌ن ده‌رباره‌ی ده‌ستکه‌وته‌کان، تۆ بڵێ: هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کان هی خوا و پێغه‌مبه‌رن (هه‌ر ئه‌وان بۆیان هه‌یه بڕیاری چۆنیه‌تی دابه‌ش کردنی بده‌ن)، که‌واته له خوا بترسن و چاکسازی نێوانی خۆتان بکه‌ن (مه‌هێڵن له‌سه‌ر بەرژەوەندی دونیا نێوانتان بشێوێت) و فه‌رمانبه‌رداری خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی بن، ئه‌گه‌ر ئێوه ئیماندارن. (۱).

لە سوورەتی ئەنفال لە ئایەی (٤۱) هەروەها بەم شێوەیە باس لە چۆنیەتی دابەشکردنی دەستکەوتەکان دەکات: ( وَاعْلَمُوا أَنَّمَا غَنِمْتُم مِّن شَيْءٍ فَأَنَّ لِلَّـهِ خُمُسَهُ وَلِلرَّسُولِ وَلِذِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاكِينِ وَابْنِ السَّبِيلِ إِن كُنتُمْ آمَنتُم بِاللَّـهِ وَ مَا أَنزَلْنَا عَلَىٰ عَبْدِنَا يَوْمَ الْفُرْقَانِ يَوْمَ الْتَقَى الْجَمْعَانِ ۗ وَاللَّـهُ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ﴿٤١﴾ سورة الأنفال

(ئه‌ی ئیمانداران) ئاگاداربن و بزانن که‌ به‌ڕاستی هه‌رچیه‌کتان ده‌ستکه‌وت (له جه‌نگی بێ باوه‌ڕاندا) ئه‌وه بێگومان پێنج یه‌کی بۆ خوا و پێغه‌مبه‌ر و خزمانی نزیکی پێغه‌مبه‌ر و هه‌تیوان و هه‌ژاران و ڕێبوارانه‌، (چوار به‌شه‌که‌ی تریشی بۆ موجاهیدانه که له‌و غه‌زایه‌دا به‌شدارییان کردووه‌) ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان هه‌یه به خوا و به‌وه‌ی که دامانبه‌زاندووه بۆ سه‌ر به‌نده‌مان (محمد صلى الله عليه وسلم) له ڕۆژی جیاکردنه‌وه‌که‌دا (که غه‌زای به‌دره‌) ئه‌و ڕۆژه‌ی که هه‌ردوو له‌شکر به‌ره‌نگاری یه‌ک بوون، خوایش به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌سه‌ڵاتداره‌… (٤۱).



تعليقات