بەشی بیستەمی ئەدەب؛ گۆران ١٩٠٤- ١٨/١١/١٩٦٢

گۆران ناوی عەبدوڵڵایە و کوڕی سلێمان بەگی کاتیبی فارسییە. لە ساڵی ١٩٠٤ی زاینی لە شارۆچکەی .هەڵەبجە هاتووەتە دونیاوە


گۆران ناوی عەبدوڵڵایە و کوڕی سلێمان بەگی کاتیبی فارسییە. لە ساڵی ١٩٠٤ی زاینی لە شارۆچکەی هەڵەبجە هاتووەتە دونیاوە، بە منداڵی لای باوکی خوێندوویەتی پاشان چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و دوو ساڵیش لە قوتابخانەی ناوەندی کەرکووک خوێندوویەتی و بە هۆی مردنی باوکی و کوژرانی محەممەد بەگی برای وازی لە خوێندن هێناوە و گەڕاوەتەوە هەڵەبجە. ماوەیەک مامۆستای سەرەتایی بوو. لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی بەڕیوەبەری بەشی کوردی بوو لە ئێستگەی (ڕۆژهەڵاتی نزیک-الشرق الادنی) لە یافا، فەلەستین. کە جەنگ بڕایەوە، گەڕایەوە سلێمانی. دوای شۆڕشی ١٤ی گەلاوێژی ١٩٥٨ و دامەزرانی بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغدا، بوو بە مامۆستای وانەبێژ و ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی گوتووەتەوە. لە ژیانیدا زۆر تووشی ئەشکەنجە و گرتن بووە و تا لە ١٨/١١/١٩٦٢ کۆچی دوای کرد.
بەرهەمەکانی:
١. فرمێسک و هونەر.
٢. بەهەشت و یادگار.
سرووشت و دەروون.
٤. لاوک و پەیام.
٥. هەڵبژاردە (وەرگێڕانی کۆمەڵە چیرۆکێکی بیانییە).
٦.جگە لە دەیان وتار و هەڵبەستی وەرگێردراو و موحازەرەکانی کۆلێژی ئادابی بەغدا.
نموونەیەک لە هەڵبەستەکانی:
پایز! پایز!
بووکی پرچ زەرد،
من مات، تۆ زیز:
هەردوو هاودەرد!
من فرمێسکم تۆ برانت.
من هەناسەم، تۆ بای ساردت.
من خەم، تۆ هەوری گریانت.
دوایی نایە، دادم دادت.
هەرگیز، هەرگیز،
پایز! پایز!

پایز! پایز!
شان و مل ڕووت،
من مات، تۆ زیز،
هەردووکمان جووت،
هەر چەند گوڵ سیس دەبێ بگرین،
ئاڵتوونی دار دەڕژێ بگرین،
پۆڵی باڵدار دەفڕێ بگرین،
بگرین..بگرین.. چاومان نەسڕین،
هەرگیز، هەرگیز!
پایز! پایز!

گۆران لەم هۆنراوەیەدا، دەگاتە ئەوپەڕی ڕۆمانتیکیەت، سۆزێکی خەست و قووڵ بە سرووشتی دەبەستێتەوە لە خەمناکترین وەرزی ساڵدا کە پایزە و هەڵبەستوان بە جۆرێکی و وا لەگەڵ سرووشت و پایزدا تێکەڵ دەبێ کە هەردووکیان دەبن بە یەک و هیچ سنوورێک لە نێوانیان نامێنێ.
گۆران بۆیە پایزی هەڵبژاردووە لەو وەرزەوە چۆتە باوەشی سرووشت چونکە مەرگی(جوانی)تێدا دەبینێ، جوانییش لای گۆران هەموو شتێکە و نەمانی جوانی زۆر ئازاری دەداو دەیخاتە دونیایەکی پڕ ژان و ئازارەوە… نەمانی گەڵای درەخت، سیس بوونی گوڵ، کۆچ و ڕەوکردنی پۆڵی باڵدار..
لەم هۆنراوەیەدا، گۆران پایز وەکوو خۆی دەبینێ، هەردووکیان (هاودەرد)ن. ئەم هاوکێشەیە ئەو کاتە بەرەو تەواوی دەچێ کە گۆران بەراوەردکە فراوانتر دەکا، دیاردەی خەم و ئازاری خۆی و هی سرووشت بەرامبەر یەکتر ڕادەگرێ:
فرمێسک = باران
هەناسە = بای سارد
خەم = هەوری گریان
ئەم دیاردانە لە ڕوانگەی گۆرانەوە بەردەوامن و هەرگیز دادی خۆی و سرووشت لەدەست ئەم نەهامەتیانە کۆتایی نایە، بۆیە ئەمەش بەرەو نائۆمێدی ڕۆمانتکیانەی دەبات و داوا دەکا لەگەڵ پایز هەربگرین و چاویان نەسڕن.
ئەم هۆنراوەیە لەسەر بنەمای دوو لایەنی دامەزراوە: هەڵبەستوان و سرووشت (پایز) هەڵبەستوان هاوکێشەیەک دروست دەکا لە نێوان خۆیی( الذات) و پایز (الموضوع) و هەردووکیان بەیەکەوە هەڵدەچنێ و تێکەڵ بەیەک دەبن و بەیەکەوەش بەرەو کۆتایی دەچن کە نائۆمێدییە.
گرنگترین ڕەگەزەکانی ڕۆمانیکی لەم هۆنراوەیەدا ئەمانەن:
١. گەڕانەوە بۆ سرووشت و تێکەڵ بوونی گیانی بە گیانی لەگەڵ دیاردە خەمناکەکانی، کە سۆزێکی قووڵ لە دڵی هەڵبەستواندا دەبزوێنن و هاودەردییەک لە نێوانیان دروست دەکەن.
٢. خەم و ئازار خواردن بۆ نەمانی جوانیی، کە لەم هۆنراوەیەدا لە سیس بوونی گوڵ و وەرینی گەڵای درەخت و فڕینی باڵداردا دەردەکەوێ هەموویان نیشانەی مردن، مردنیش یەکێە لەو بابەتانەی ڕۆمانتیک خۆیان پێوە خەریک دەکا.
٣.خەیالێکی ڕۆمانتیکیانەی فراوانی تێدایە بووەتە مایەی دروست کردنی زۆر وێنەی هونەری جوان، وەکوو (بووکی پرچ زەرد) و ( شان و مل ڕووت) بۆ پایز و (ڕژانی ئاڵتوونی دار)…
٤. هۆنراوەکە لەسەر کێشی بڕگەیی( پەنجەیی- خۆماڵی) نووسراە و کێشی ئازادە، چونکە پێی چوار برگەیی کردووە بە بنەما و لەهەر لەتکێدا یەک پێی یان دوو پێی هێناوە، واتە (٤) یان(٨) بڕگەیە.
٥. لەبارەی سەرواوە، گۆران سێ چوارینەی پێشەوەی بە سەروای (بەنۆرە – متناوب) هێناوە کە بەم جۆرە داڕژاوە (أ ب أ ب)، چوارینەی کۆتاییشی هەموو لەتەکانی لەسەریەک سەروا دەڕوا ئەمەش پێی دەگوترێ (جوارینەی تەواو) واتە گۆران خۆی بە یەکێتی سەروا نەبەستۆتەوە.
٦. وشەکانی هەمووی کوردین و خۆی لە وشەی بیانی نەداوە، سەراپای هۆنراوەکە، ڕەنگە یەک تاکە وشەی تورکی تێدابێ ئەویش (ئاڵتۆن)٠…
٧. دووبارەکردنەوەی هەندێ وشەی تایبەتی وەکوو (پایز) کە کرۆکی هۆنراوەکەیە بابەتەکەی قوڵتر کردۆتەوە، جگە ئەو ئاوازە ناسکەی لە دەنگی وشەکانەوە پەیدا دەبی و هۆنراوەکە پڕ ئیقاعی خەمناک دەکا.
ئەدەبیاتی ڕۆمانتیکی کوردی – شێوەی گۆران.
لە ئەدەبیاتی زاری گۆرانیشدا هەر هەڵبەست بەسەر جۆرە ئەدەبییەکانی دیدا زاڵە. هەڵبەستی شێوەی گۆران هەر لە سەرەتاوە رێچکەی تایبەتی خۆی گرتووە و خاوەنی تایبەت و سیمای تایبەتی خۆی بووە کە لە زۆر لاوە لە هەڵبەستی شێوەکانی دیی کوردی جودایە. یەکێ لە سیما هەرە دیارەکانی هەڵبەستی ئەو شیوەیە ئەوە کە، بە دەگەمن نەبێ، نەکەوتۆتە ژیر کاریگەری کێشی عەرووزی و یەکێتی سەروای غەزەلی عەرەبی، فارسی وەکوو شێوەکانی دی… زۆر هەڵبەستوانی بە توانا لەو شێوەی زمانی کوردی هەڵکەوتوون و مەولەوی یەکێکە لە هەڵبەستوانە هەرە بەرزەکانیان. هەڵبەستەکانی مەولەوی پڕن لە سۆزی خۆیەتی ( زاتییەت) و خەم و جەخار و باسی مەرگ و مردن و وەسفی سرووشت و هەستی سۆفیزمانەی قووڵ و سووتان بە دەردی دووریی و بێزاری لە ژیان و خۆزگە خواستن بە مردن… ئەمانەش ڕەگەزە سەرەکییەکانی ڕێبازی رۆمانتیکین، بۆیە هەرچەندە لەسەردەمی مەولەویدا، کە سەدەی نۆزدەمینە، ڕێبازی ڕۆمانتیکی لە کوردیدا پەیدا نەببوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین زۆربەی هەڵبەستەکانی مەولەوی بە ڕۆمانتیکیەت دابنێین هەر بۆیەش لێرەدا نموونەیەکی هەڵبەستی مەولەوی بۆ ئەو ڕێبازە وەردەگرین و شی دەکەینەوە

تعليقات