نەجمەدین غوڵامی ڕەخنەی لە هەڵوێستی نادیە موراد گرێت، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا.

نەجمەدین غوڵامی ڕەخنەی لە هەڵوێستی نادیە موراد گرێت، لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا.


ئەو هونەرمەندە پێیوایە دەبوایە ئەگەر زۆر بە کەمییش بووبێت ئاماژەیەکی کوردبوون لە کردار و گوفتارەکانیدا ڕەنگی بدایەتەوە و ئەوەی نیشانبدایە.
لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هونەرمەندی دیاری کورد نەجمەدین غوڵامی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی نادیە موراد لەکاتی وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتیدا نوسیوویەتی، “زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ نادیە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نوبڵدا، نە جلی کوردی لەبەردابوو، نە باسی کوردی کرد، نە باسی ڕۆڵی ژنە شەڕڤانانی کرد و تەنانەت بە کوردییش قسەی نەکرد.”
ئەمڕۆ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و لە مەراسیمێکدا، هەریەك لە نادیە مورادی ڕزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بۆ ساڵی ٢٠١٨ وەرگرت.
نادیە مورد لە وتارێکدا وتی، “شەرەفێکی گەورەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ بەخشرا”. لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کە منداڵ بووە هیچی دەربارەی خەڵاتی نۆبڵ و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەزانیوە، تەنها خەونی تەواوکردنی خوێندن و کردنەوەی ئارایشتگایەکی جوانکاریی خانمانی هەبوو.”
نادیە لە وتەکانیدا ئاماژەی بە خراپی بارودۆخی ئێزدییەکان کرد کە چۆن پاش هاتنی داعش بۆ ناوچەکانیان، لە شەو و ڕۆژێکدا ژیانیان گۆڕاوە و هەموو ماڵێکی ئێزدیی چیرۆکێکی خەمناک و کارەساتێکی هەیە.

تعليقات