بەشی چوارەمی ئیسلام و شمشێر؛ “ستەم دیدەکان”:

بەشی چوارەمی ئیسلام و شمشێر؛ “ستەم دیدەکان”:


پێشەوا غەزالی (ر.خ) لێبێت دەفەرموێت، باسکردنی هەر ڕێبازێک و یاسایەک بێ هەبوونی شارەزایی لێی باسکردنێکی کوێرانەیە، خوێنەری بەڕێز ئەوەی ئەمڕۆ تۆ گوێ بیستی دەبی لەوەی کە ئەو ئیسلامەی کە یەک “ملیاردونیو” مرۆڤی سەر ڕووی ئەم زەوینە بڕوایان پێ هێناوە، بە هێزی شمشێر لە دڵ و دەروونی ئەم خەڵکەدا جێگیر بووە، دوورە لە هەموو ڕاستییەک، بێژەرانی ئەم گوتەیە بێ ئاگایی و بێ ویژدانی و ناشارەزایان لە مێژووی دوور و درێژی مرۆڤ وای لێ کردوون ڕاستییەکان چەواشە بکەن، ئەگەر نا با سەیری سەرەتای ژیانی مرۆڤ بکەین تا دەگاتە مێژووی ئیسلام، ئەوجا ڕاستییەکانتان بۆ دەر دەکەوێت.

هەر لە سەرەتایی مرۆڤایەتی سەیرکە تا دەگاتە ئەمڕۆ هەر لە چیرۆکی دوو کوڕەکەی (باوکە ئادەم)ەوە کامەیان هەڕەشەی لێدەکرێت؟ موسڵمانەکەیە کە “هابیل”ە و بە دەستی “قابیل”ی ستەمکاری برای دەکوژرێت.

نوح (د.خ لەسەر) لە نێو نەتەوە ستەمکارەکەی گاڵتەجاری پێ دەکرێت و ناو و ناتۆرەی ناشیرینی بۆ هەڵدەبەسترێت.ئەوی کە ئیبراهیم(د.خ لەسەر) دەسووتێنێت و ئازاری دەدات، شوێن کەوتووانی “نەمروود” و دار و بەرد پەرستەکانن.

ئەوەی دەیەوێت (لووت–د.خ لەسەر) لای مێوانەکانی شەرمەزار بکات قەومی بەدڕەوشت و نامرۆڤ و ناپاک و بێباوەڕی ئەون.

ئەوەی یوسف(د.خ لەسەر) بە بێ تاوانی دەخاتە نێو “بیر” براکانیتی، کە هێشتا بۆ لای خودا نەگەڕابوونەوە.

ئەوەی مووسا(د.خ لەسەر) لە شار وەدەردەنێت و بڕیاری کوشتنی بۆ دەر دەکات خوای دروێنی مرۆڤی “یاخی فیرعەونە”.

ئەوەی زەکەریای پێغەمبەری (د.خ لەسەر) بە مشار (هەڕڕە) شەق کرد و سەری یەحیای کوڕیان (د.خ لەسەر) بڕی قەومی لە خوا نەترس و دڵڕەق و خوا نەناس بوون.

ئەوەی ویستیان عیسا(د.خ لەسەر) لە سێدارە بدەن، کێ بوون موسڵمان بوون؟ یان بەنی ئیسرائیلە مرۆڤ خۆرەکان؟

ئەوەی کۆتایی پێغمبەرانی محممەد(د.خ لەسەر) لە شار وەدەرنا و ئازار و ئەشکەنجەیان دا و بڕیاری کوشتنیان بۆ دەرکرد و هەموو پیلانێکیان دانا بۆ لەناو بردنی، دەستی غەدر و خیانەت و موشریک و دووڕووەکان نەبوون؟

هەر لە دوای ئەمانیش (سەلام و دروودی خوا لەسەر هەموویان) تا ئەمرۆ سەیری مێژوو بکە کامەیان ستەمی لە مرۆڤ کردووە؟ کامەیان بڕیاری جەنگی داوە بۆ سەپاندنی بیروباوەری خۆی بە زەبری چەک؟ کامەیان پێشبڕکێ دەکات بۆ خۆ پڕ چەک کردن؟ بۆ زووتر لە ناو بردنی شادی مرۆڤایەتی؟ مرۆڤی بە ویژدان و خاوەن هزری ساغ و سەلیم وەڵامی ڕاست دەزانێ، بەڵام ڕۆژ بۆ شەمشەمە کوێرە چ سوودی هەیە؟ بۆنی خۆش لای قالۆنچە وەکوو ژەهر وایە.

خوێنەری بەڕێز بۆ ئەوەی چیتر فیڵمان لێ نەکرێت و چەواشە نەکرێین دەبێ هزرمان بکەینەوە، بە چاوی دڵ سەیر بکەین، بە مێشک بیر بکەینەوە، ویژدانمان لە هەموو دەمارگیرییەک خاڵی بکەین، ئەوجا بۆمان دەردەکەوێت کامەیان لە مێژوو ستەمکارە و کامەیان ستەم لێکراوە؟

لە هەر سەردەمێک کە ویستوویانە موسڵمانان لە ناوبەرن، تۆمەت و ناو و ناتۆرەی ناڕەوایان بۆ هەڵبەستاون، جا لەهەر زەمان و ناوێک، هەر کاتە و تۆمەتێکی ناڕەوا، تا بتوانن ڕای گشتی پێ چەواشە بکەن و مەرامی گڵاوی خۆیان پێ جێبەجێ بکەن.

ئەو ململانێیەی نێوان “ڕاستی و درۆ” هەر بەردەوام دەبێت تا ڕۆژی دوایی، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمەی مرۆڤ چۆن دەتوانین ئەگەر بەرگری لە ڕاستی و دروستییەکان نەکەین، بەڵام لە دژیشی نەوەستینەوە.



تعليقات