بەشی یەکەم؛ مێژووی نوێ:

کاتێک دەوڵەتە ئەورووپییەکان توانیان سەرکەوتنی گەورە لەم بوارە بەدەست بێنن و کیشوەرێکی نوێیان بە ناوی(ئەمریکا) لە ساڵی(١٤٩٢ز) دۆزیەوە و گەیشتنە ڕیگەی بازرگانی بەرەو هیندستان.

بەشی یەکەم؛ مێژووی نوێ:
دۆزینەوە جوگرافییەکان و چاکسازییە ئاینییەکان و سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسی:
یەکەم:( دۆزینەوە جوگرافییەکان):
دۆزینەوە جوگرافییەکان لە کۆتایی سەدەی(١٥) دەستی پێکرد، کاتێک دەوڵەتە ئەورووپییەکان توانیان سەرکەوتنی گەورە لەم بوارە بەدەست بێنن و کیشوەرێکی نوێیان بە ناوی(ئەمریکا) لە ساڵی(١٤٩٢ز) دۆزیەوە و گەیشتنە ڕیگەی بازرگانی بەرەو هیندستان لە ڕێگەی (رأس رجاء الصالح) ساڵی (١٤٩٨ز).
بەم شێوەیە دۆزینەوە جوگرافییەکان لەگەڵ دەریاوانە پورتوگالیەکان لە ساڵی (١٤٤٥ز) دەستی پێکرد و دواتر لە نێوان ئەم ساڵە و ساڵی (١٦٠٠ز) هەریەک لە ئیسپانییەکان و بەریتانییەکان و فەڕەنسیەکان درێژەیان پێدا.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دۆزینەوە جوگرافییەکان گرنگترینیان:
١- دەرکەوتنی دەوڵەتی نوێی ئەورووپی (هۆکارە ڕامیارییەکان):
ژمارەیەکی زۆر دەوڵەتی ئەورووپی کە تازە دامەزرابوون لە ئەورووپای ڕۆژئاوا دەرکەوتن وەک دەوڵەتەکانی(ئیسپانیا و پورتگال و هۆڵەندا و بەریتانیا و فەڕنسا و ڕووسیا) دواتریش هەریەک لە دەوڵەتەکانی (دانمارک و سوید و ئیتالیا و ئەڵمانیا) دەرکەوت. ئەم دەوڵەتانەش بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بیریان لە بڵاو کردنەوەی ئایینی کریستیانی و فراوانکردنی دەسەڵاتیان کردەوە بە تایبەتی لەناو ئەو نەتەوانەی( گەلانەی) کە نوێ بوون لە دروست بوونیان بۆیە ئەم دەوڵەتانە هەوڵیان دا بۆ بڵاوکردنەوەی ئایین و شارستانیەکانیان لە ناو گەلانی تر.
٢- ئارەزووی قازانج و دەست بەسەرداگرتنی بازرگانی(هۆکارە ئابوورییەکان):

ئەورووپییەکان بیریان لە ڕیگەیەکی بازرگانی دەکردەوە بیانگەێنێتە هیندستان بێ ئەوەی بەو ڕێگا بازرگانیانەدا بڕوا کە وڵاتانی تر لە ڕۆژهەڵات دەستیان بەسەردا گرتبوو بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت لەو باجانەی دەسەپێنرا بەسەر کەشتی و کاروانە بازرگانەکانیان کە بە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا تێدەپەڕی بەمەش دەوڵەتە ئەرووپییەکان بازاڕی نوێیان بۆ فرۆشتنی بەروبوومە زیادەکانیان دۆزییەوە، هەروەها ڕێگرتن لە دەسەڵاتی عوسمانییەکان، بەسەر ڕێگە بازرگانییەکان کە بە ئاسیای بچووک و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەرووپادا دەڕۆیشت.
٣- ئەو زانیارییە جوگرافییانەی دەست ئەورووپییەکان کەوت:
(ئارەزوو بۆ گەریدەیی و زیادکردنی زانیاریە بازرگانیەکان):
بیرکردنەوەیەک لای ئەرووپییەکان دەرکەوت بۆ ئەنجامدانی گەشتە جوگرافییەکان لە پێناو ئاشنا بوونی زیاتر لە بواری زانیاریە جوگرافییەکان، ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ هەوڵەکانی ئەرووپییەکان بۆ زیاتر شارەزابوون لە بواری توێژینەوە زانستیەکان و پێشکەوتنی گەردوون ناسی هەروەها پێشکەوتنی پیشەسازی تایبەت بە بواری دروستکردنی کەشتی و قیبلەنوما و بارووت و (تەقەمەنی) و جووڵێنەری کەشتی کە دەیتوانی زەریاکان ببڕێ.
٤- هۆکاری ئایینی: کڵێسەی کاسۆلیکی دەیویست دەست بەسەر ئەو وڵاتانەدا بگرێت کە تازە دۆزرابوونەوە و سەر بە ئایینی کرسیتیان نەبوون، لەگەڵ زیادکردنی لایەنگرانی کڵێسە بۆیە لەگەڵ هەوڵەکانی دۆزینەوە جوگرافییەکان قەشە و ڕەبەنەکانیان دەنارد.

تعليقات