بەشی هەڤدەیەمی ئەدەب، تایبەتمەندییەکانی ڕێبازی ڕۆمانتیکی:

رۆمانتیک هەر لە بنچینەدا خۆی شۆڕش و ئازادییە، لابردنی بەربەست و بەردانە بۆ ئەو بیر و ڕامانەی کە هیچ سنوورێک نازانێ.

بەشی هەڤدەیەمی ئەدەب، تایبەتمەندییەکانی ڕێبازی ڕۆمانتیکی:
لەبەر ئەوەی ڕۆمانتیک کاردانەوە بوو دژی دەستوورەکانی کلاسیزم، ئەگەر تایبەتمەندییەکانی کلاسیزم هەڵبگەڕێنەوە، تایبەتمەندییەکانی رۆمانتیکمان دەکەوێتە دەست کە گرنگترینیان ئەمانەن:

١- رۆمانتیک دەسەڵاتی( مێشک - بیر) بەلاوە دەنێ، بایەخ بە ئازادکردنی هەست و سۆز دەدا، لەباتی مێشک، دڵ دەکا بە کانگای ئیلهام و شوێنی شعوور(ژیری) و ویژدان.
٢- رۆمانتیک گەڕانەوەیە بۆ باوەشی سرووشتی کپ و هێمن. هەڵبەستوان بە سرووشتا هەڵدەڵێ و حەز دەکا، بە گۆشەگیری، تێکەڵ بە سرووشت ببێ و لە باوەشی سرووشتدا بکەوێتە ڕامان و بەربەستی بیرکردنەوەی بەربداو بە دووای جوانیدا بگەڕێ، "هەڵبەستوانی جوانی" لە هەموو دیمەنێکی سرووشتدا دەبینێ و بە نەمانی بچووکترین دیمەن دڵی دادەخورێی و ئازار دەچێژێ و فرمێسک دەڕێژێ، وەکوو: هەڵوەرینی خونچە گوڵێک و ئاوابوونی ڕۆژ و بزربوونی ئەستێرە.
٣- رۆمانتیک باوەڕی بە ئازادی هەیە لە دەربڕینی هەست و سۆز و جۆشی ناوە و گوێ بە هیچ دەستوور و قاڵبێکی چەسپاو نادا. رۆمانتیک هەر لە بنچینەدا خۆی شۆڕش و ئازادییە، لابردنی بەربەست و بەردانە بۆ ئەو بیر و ڕامانەی کە هیچ سنوورێک نازانێ.
٤- رۆمانتیک بایەخ بە تاک(من)هەڵبەستوان و تاقیکردنەوەی تایبەتی دەدا، ئەم خودی و تاکیەتییە لە خۆشەویستییەکی قووڵی تا ڕادەی شەیدابوون خۆی دەنوێنێ. خۆشەویستی رۆمانتیک سیمایەکی خاوێنی هەیە، وەکوو لە دونیای فریشتەدا بێ وایە. ئەم تاکیەتی و سەرەکی و ناسکییە دەبێ بە حاڵەتێکی دەروونی وا خاوەنەکەی هەست بە بێزاری و خەم و پەژارە دەکا... گوزارشت دانەوە لە جۆشی ناوەوە پەردەیەکی خەمی بەسەردا دەکشێ. هەڵبەستوان وا هەست دەکا کە خۆی چەقی هەموو دونیایە زۆرجار تووشی نیگەرانی و هەڵچوون دەبێ.
٥- ڕۆمانتیک لە بایەخدانی بە کات و شوێندا، تووشی نامۆیی دەبێ، لەگەڵ سەردەم و شوێنی خۆی ناگونجێ، بە خەیاڵ بەرەو ڕابردوو دەگەڕێتەوە و خەم بۆ ساتە خۆشە ڕابردووەکان دەخوا و بۆ ڕزگاربوونیش لە ئاژاوەی شار کە شوێنی خۆیەتی بەرەو سرووشت ڕادەکات.
٦- ڕۆمانتیک و نەخۆشی سەردەم. رۆمانتیکیەکان هیوا و ئاواتیان زۆر بوو بەڵام توانای هێنانەدی ئەو ئاواتانەیان نەبوو. ناکۆکی نێوانین ئاواتی زۆر و توانی کەم، بوو بە هۆی نا ئومێدی و ڕەشبینی، ئەمەش بەرەو وەڕەس بوونی دەبردن لە ژیان و گازندەیان لە بەختی خۆیان و جەوری زەمانە دەکرد و ئازاریان بە دەستەوە دەچەشت مرۆڤ تەنیا بە دوو هۆ دەتوانێ ڕزگاری ببێ:
- یان سرووشتی خۆی بگۆڕ و دەست لە ئاوات و ئارەزووەکانی بەربدا.
- یان سرووشتی دەرەوە بگۆڕێ و وای لێ بکا ئاوات و ئارەزووەکانی پێ بێتە دی.
٧- مۆرکی ناوچەیی: ڕۆمانتیک کە باسی مرۆڤ دەکا وەکوو شتێکی گشتی باسی ناکا کە باسی هەست و سۆز دەکا وەکوو هەست و سۆزێکی گشتی باسی ناکا، بەڵکوو هەر مرۆڤێک و هەر هەست و سۆزێک مۆرکی تایبەتی خۆی وەردەگرێ بە پێی ئەو شوێنەی مرۆڤەکەی تێدا ژیاوە و ئەو مرۆڤەی هەست و سۆزەکەی لە لا پەیدا بووە. مرۆڤی ئەسپانیای جیایە لە مرۆڤی یۆنانی، مرۆڤی یۆنانی جیایە لە مرۆڤی ئەڵمانی.
٨- بیرکردنەوەی داهێنەرانە. لای رۆمانتیکیەکان ئەدەب بە گشتی و هەڵبەست بەتایبەتی لاسیکردنەوەی سرووشت و ژیانە، بگرە داهێنانە ( بەدیهێنانە - خولقاندنە). ئامرازی بەدیهێنانیش لای رۆمانتیکیەکان بیرکردنەوەی داهێنەرانەیە. ئەو بیرکردنەوەیەیە کە ڕەگەزە پەرتەکانی سرووشت یان ڕاستی یان دەوری ڕابردوو یان پێشبینی دوواڕۆژ بە یەکەوە گرێ دەدا. لەم جۆرە بیرکردنەوەیدا، ڕوانینی هەڵبەستی قووڵ و ڕوون و بە جۆش دەبێ و گیانی هەڵبەستوان دەهەژێنێ و دەبێ بە تاقیکردنەوەی هەڵبەستی بۆ هەڵبەستوانەکە
٩- بابەتی ئەدەبی رۆمانتیک. رۆمانتیکی ئەورووپی بابەتەکانی تەقلیدی نین، دەتوانێ هەر شتێ بکاتە بابەتی نووسین، وەکوو دیمەنەکانی سرووشت، مێژووی نەتەوایەتی، مۆرکی ناوچەیی، شتی تایبەتی لە باتی گشتی، فەلسەفەی نموونەی، ڕەگەزی لە ئاسایی بەدەر، کەلاوە، شەو، مردن، گۆڕ، خەون،....
١٠- چۆنیەتی دەربڕینی رۆمانتیک لە دەربڕیندا پەنا دەباتە بەر هەندێ سیمای تایبەتی وەکوو: ڕزگاربوون لە دەستوور و یاسا، ئاڵۆزی، تێکەڵ کردنی هەستەکان، بەناو یەکدا چوونی ئەرکی هۆنەرە جوانەکان، ڕەچاوکردنی لایەنی زاتی و لیریکی،.....

تعليقات