بەشی یەکەمی ئیسلام و شمشێر؛ بەرگۆتن:

بەشی یەکەمی ئیسلام و شمشێر؛ بەرگۆتن:


 مرۆڤ کاتێ سەیری نێو لاپەڕەکانی ژیانی خۆشەویستمان محەممەد (د.خ) دەکات دەبینێ بەر لە بوونی بە هەڵگری بانگەوازی خودایی و ڕەوانە کردنی بە کۆتا پێغەمبەر لە نێو هۆزەکەی خاوەنی ڕێزێکی تەندروست و پایەیێکی کۆمەڵایەتی بێ وێنە بووە، جێگای دەسخۆشی خەڵک و گەورە پیاوان بووە، بە ڕاستگۆ و بە دەست پاک ناو دەبرا، وتەکانی مایەی قەبۆڵی خەڵک بووە، لەگەڵ ئەوەش نە خوایەکانی ئەوانی دەپەرست و نە لەگەڵ ئەواندا بەشداری رێوڕەسمە ئایینیەکانی دەکرد، بەڵام لە دوای ئەوەی یەکەمین “پەیامی خودایی” ڕادەگەینێت و داوا لە خەڵک دەکات ببن بە بەندەی خودا و واز لە پەرستنی دار و بەرد و مرۆڤەکان بهێنن، ژیر و هزریان بخەنە کار کە تا ئێستا کاری ڕاستەقینەی خۆی لە دەست داوە کە بریتییە لە گەڕان بە دوای ڕاستییەکاندا و دۆزینەوەی شتە نهێنییەکانی ژیان بە قەد ئەوەی کە دەسەڵاتی پێدراوە، هەموو شتەکان گۆڕان….راستگۆی دوێنێ بوو بە درۆزنی ئەمڕۆ….. دەست پاکی دوێنێ بوو بە ناپاکی ئەمڕۆ…..چاکەکار و ئاشتەوایی کاری دوێنێ بوو بە تێکدەر و وێرانکەری ئەمڕۆ….خۆشەویستی دوێنێ دەبێ بە گرفتی خەڵک بۆ ئەمڕۆ، لە بەر چی؟؟؟ ئایا هیچ کاری ناڕەوای ئەنجام داوە؟؟؟ نەخێر….. ئایا ستەمی لە خەڵک کردووە؟؟؟ نەخێر…. ئایا بووە بە مایەی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا بەرەو وێرانی؟؟؟؟ نەخێر…

هەروەک ئەبووسوفیان لە وەڵامی (هیرەقل)ی پادشای ڕۆمەکان ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات، ئەی بۆچی؟؟؟؟ چونکە بووە بە هۆی تێکدانی سەرچاوەی بەرژەوەندی ناڕەوای گەورە و دەسەڵاتدارەکان…. بووە بە داواکاری گۆڕینی نەریتی کۆمەڵایەتیێکی وێران…. بووە بە بانگەوازکاری ئازادی بۆ مرۆڤ لە بەندایەتی بەندەکان بۆ بەندایەتی خوای تاک و تەنها، ئەو پاسوێردی نهێنی مێشکی مرۆڤەکان بوو بۆ گەڕان بە دوای خۆدۆزینەوە و گەیشتن بە پێناسەی مرۆڤایەتی، ونبوونیان هەر لە دوای ئەو بانگەوازە داواکارییە خەڵک کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە و پلاندانان بۆ لە ناوبردنی ئەو بانگەوازە تازەیە، گەورە پیاوان ڕێک دەکەون بۆ دەست کەوتنی دەستەواژەیەک تا بتوانن بەرگری لە بەرژەوەندییەکان بکەن لە نێو کۆمەڵگا، چاوی ڕەش و ڕووتەکانیان پێ ببەستن و نەهیڵن تیشکی خۆری ئازادی ببینن تا دەمرن، خۆیان و نەوەکانیشیان هەر لە بەندایەتی دا بژین، هەوڵیاندا بۆ شێواندنی راستییەکان…بۆ چەواشەکردنی خەڵک… بۆ هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر ئەو کاریگەریە.

ئەو ڕاستییەش فیرعەونی ئوممەتی محەممەد (د.خ)، (ئەبوو جەهل)ی ستەمکار دانی پێدا دەنێت و دەڵێت یا محەممەد قەسەم بە خودا دەزانم پێغەمبەری…. دەزانم ڕاستگۆی… دەزانم لە لایەن خودای گەورەوە نێردراوی…بەڵام چۆن دەبێ خاوەن شکۆیەکی وەک من لەگەڵ ئەو بەندە بێ نەوا و ڕەش و ڕووتانە لەیەک پۆڵ لە نوێژدا ڕابوەستین و هەموومان بە یەک چاو سەیر بکرێین؟

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەنگی دەروونی بەهێزتر دەبوو، شاڵاوی ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە پەرەی دەستەند تا حاڵەتەکان گەیشتنە ئازاری جەستەیی و کوشتن و لە ناوبردن و ڕێگاگرتن لە جێبەجێ کردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بوون، تا ئەو کاتە لە “شیوی” ئەبوو تالیب بە فەرمانی فەرمی بڕیاری گەمارۆدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری هەتا مرۆڤایەتیان بە سەردا دەسپێندرێت، بۆچی؟؟؟؟ لەبەر ئەوەی خوای تاقانە دەپەرستن، بڕوا ناهێنن بەو خودایانەی ئەوان دەیان پەرستن!!! ئەم لە باریێک ڕاچوونەی ڕەوا و ناڕەوا سوننەتی خودایە لە بوون تا ڕۆژی دوایی هەر بەردەوام دەبێت، چونکە ململانێکان ململانێتی مان و نەمانە، خوای گەورە دەفەرموێت: کاتێک ڕاست و ڕەوا دێت ناڕەوا بارگە و ماڵەکەی دەپێچێتەوە، جا ئەو شێوازەی ململانێ و بە یەک بارکردن هەر لە سەردەمی (نوح-د.خ) بەردەوام بووە تا دوواڕۆژ، ئەوەتە قەومی “لووت”(د.خ) کاتێک لووت (د.خ) داوایان لێدەکات واز لە کاری بەدرەوشتی و نێربازی بهێنن ئەوە ڕووبەرووی تۆمەت و دژایەتی کردن دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی سەیرە داوای گەلەکەیەتی کە دەیان گوت لووت و کوڕەکان و بنەماڵەکەی دەربکەن لە نێو خۆتاندا، چونکە ئەوان خەڵکانێکی پاک و چاکن، ئەوان چاک دەیانزانی کە پاک و ناپاک لەگەڵ یەکتری هەڵناکەن.

جا ئەو تۆمەتانە و ئەو جەنگە دەروونیانە بەردەوام دەبن تا رۆژی دوای- لە سەردەمی هاوچەرخماندا لە دوای دۆڕانی خاچ پەرستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ موسڵماناندا شێوازی جەنگیان گۆڕی لە جەنگی رووبەڕووبوونەوە بۆ داگیرکردنی هزر و شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی گومان لە دڵی لاوان بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک کە مایەی ڕەزامەندی ئەوانە و دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان، ئەوە بوو بە سەدان لاو لە تەمەنی گەنجیان خۆیان تەرخان بکەن بۆ شارەزا بوون لە ئیسلام و گەڕان بە نێو موسڵماناندا و دۆزینەوەی کەلێن و بۆشایی بیری مەعریفییەکان بۆ ئەوەی خۆیان تێدا بکەنە ژوورەوە، ئەم جەنگە بەرهەمێکی چاکی هەبوو تا وای لێهات ڕۆڵەکانی موسڵمانانیان بەکار هێنان بۆ دژایەتی کردنی ئیسلام و موسڵمانان، وە توانیان هەزارەها گومان دروست بکەن و ڕاستییەکان پەردە پۆش بکەن و ڕەوای بە کارەکانیان بدەن، وایان لە گەنجەکانمان گەیاند کە هەموو ئەو شەڕ و ئاژاوە و هەژارییەی کە بە هۆی ئەوان و پیاوانی ئەوانەوە ڕووی لە کۆمەڵگای موسڵمانانەوە کردبوو تۆمەتەکانیان دەدایە پاڵ خودی ئیسلام، بانگەوازی بە گاورکردنی خەڵک و دوور کەوتنەوەی خەڵک لە بنەماکانی ئیسلام و ڕەوشتە ئیسلامییەکان…وایان کرد کۆتایی بە حوکمڕانی ئیسلامی بهێنن، بەڵام”بیریارێکی” خۆرئاوایی وتەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت:(دەکرێ بۆ ماوەیەک کۆمەڵە خەڵکێک هەڵخەڵەتێنی و بەرچاویان بگری، بەڵام هەرگیزاوهەرگیز ناتوانی تەواوی خەڵک تا ئەبەد چەواشە بکەی)، هەروەک بەڵێنی خوداشە کە خەڵکانێک هەر دەمێنن کە بەرگری لەو ئایین و پابەندی پرۆگرامی خوداییە بن تا دووا ڕۆژی تەمەنی دونیا، جا ئەو تۆمەتانەی کە دەدرێتە پاڵ ئیسلام زۆر جار ئەوەندە کاریگەری هەبووە تەنانەت مرۆڤە موسڵمانەکانیش ئەو تۆمەتانە دووبارە دەکەنەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا لە دوای ئەوەی ئەو بیدرابوونەوەیەی ڕووی لە موسڵمانان کردەوە هەزارها زانا و دانا و لاوی ئەو ئوممەتە ژیانی خۆیان کرد بە “ڕۆن” بۆ داگیرسانی مۆمی ڕووناکی لە ناخی مرۆڤایەتی نەک تەنها موسڵمانان بەڵکوو مرۆڤایەتییان لە خەوی نائاگاهی ڕاچەڵەکاند، سەردەمی چەواشەکردن و چەواشەکارییان تێپەڕاند، بە دوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن، لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری خۆمان لە دوای ئەو ئارامیەی چەند ساڵێک، باڵی بە سەر کوردستانی خۆشەویستمان دا کێشاوە، خەڵکان بە ڕووی هەموو فیکرە و دین و بۆچوونەکان دەرگایان واڵا کردووە بۆ گەیشتن بە کاروانی مرۆڤایەتی، زۆر جار لێرە و لەوێ ئەوەی کە سەدان ساڵ و ئێستاش موسڵمانان و ئیسلامی پێ تۆمەتبار دەکرێ ئێستا لای هەندێ خەڵک کاوێژی پێ دەکرێ و ئەو قەوانە سواوە دەکوتنەوە، هەموو ئەو نەهامەتیانەی گەلی کورد بە سەری هاتووە دووریانەتە پاڵ ئیسلام و موسڵمانان بۆ ئەوەی ڕق و کینە بخەنە دڵی لاوانی داهاتوومان.

وەک هەست کردن بە بەرپرسایەتی دەمێکی زۆرە هەوڵمداوە بۆ نووسینی چەند سەر پێنووسک لە ڕاستی دەربارەی ئەو شتانەی دەربارەی ئیسلام و موسڵمان دەگوترێ، بەو هیوایەی بتوانم ڕەنگێک ببەخشم بەو بیرانەی تاکوو ئێستا بە دوای ڕەنگە جوانەکانی ژیاندا دەگەڕێن.



تعليقات