بەشی سێیەمی فەلسەفە؛ بیرکردنەوەی ئایینیانە:

لەبەر ئەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە نێو جەنگەڵەکاندا ژیانیان لەسەر ڕاو و شکار بوو، ترسی ئاژەڵە دڕندەکان ناچاری کرد ئاژەڵ و ڕووەک بپەرەستێ.
بەشی سێیەمی فەلسەفە؛ بیرکردنەوەی ئایینیانە:
ئەوەی لێرەدا مەبەستە، ڕوونکردنەوەی ڕووی راستی بیرکردنەوەی ئایینیانە لە گەڵ گرنگترین تایبەتمەندیەکانێتی کە لە شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئەفسانەیی و فەلسەفیانە و زانستیانەی جیا دەکاتەوە. هەروەها ئەوە باس لەوە ناکات کە پێی دەگوترێ(لاهوت)یان فەلسەفەی ئایینی، گەر بە شێوەیەکی گشتی مەبەست لە فەلسەفەی ئایین بێت، یان فەلسەفەی لاهوتێتی بۆ ئاینێکی تایبەت وەکوو ئایینی ئیسلام یا خود کریستیان(مەسێحی) یاخود هەر ئاینێکی دیاریکراوی دیکە بێت. بەر لە باسکردنی تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی ئایینی، پێوسیتە زۆر بە کورتی، پەنجە بۆ جووتە لێکدانەوەیێکی گەورەی سەرهەڵدانی ئاییندارێتی ڕابکێشین.
یەکەم: لێکدانەوەی مێژوویی هۆشمەندانەی پوخت(مرۆڤیانە).
دووەم: لێکدانەوەی ئایینانە یاخود(یەزدانییانە).
١- لێکدانەوەی هۆشمەندانەیی پوخت (مرۆڤیانە):
ئەم لێکدانەوەیە بەڵگە و بڕوانامەکانی لە لێکۆڵیەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەردەگرێت، کە دەربارەی باوەڕ و ئاینی ئەو گەلانەن هێشتا لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی سەرەتاییدان. هەروەها ئەم لێکدانەوەییە پشت بە هەندێک لە شوێنەوار و بە هێڵە گشتییەکان دەبەستێت(بە واز هێنان لە بیردۆزە جۆراوجۆرەکان).
مرۆڤی سەرەتایی دوای ئەوەی شتەکان و ئەو ژیانەی جیاکردەوە کە تێیدایەتی هەر وەک لە باسکردنی شتە زیندووەکان ڕوونمان کردەوە، کە شمەکەکانی دایە پاڵ گیان و هێزە غەیبیەکان (نادیارەکان) بەمە ترسێکی دی خستەسەر مەترسیەکانی دیکەی لە سرووشت، ئەویش مەترسییە لە بوونەوەرە نەبینراوەکان، ئیتر هەرچی بەسەر دەهات و هەرچی لە سەر شانۆی سرووشت و ژیان ڕووی دەدا گشتیانی دەدایە پاڵ ئەو هێزانە، هیچ پەنا و داڵدەیەکی بۆ نەمابۆوە جگە لەوەی بە جادووبازی و فاڵ و نزاو قوربانی ڕازییان بکات.. ئەمانە گشتیان دیاردە بەراییەکانی ئایین بوون.
لەبەر ئەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە نێو جەنگەڵەکاندا ژیانیان لەسەر ڕاو و شکار بوو، ترسی ئاژەڵە دڕندەکان ناچاری کرد ئاژەڵ و ڕووەک بپەرەستێ، لەمەوە ئایینی تەوتەمێتی سەر هەڵدا، تەوتەمی کردە هێمایەکی خێڵەکی و خۆی لە بیرۆکە پیرۆزەکەی دەبینیەوە و بەمەش هێزە لە ڕادەبەدەرەکانی پێ یەکلادەکردەوە: کە بیرۆکەی(خواوەند) یان( هێزە مەزنەکە)ی دەنواند، پاشان لەم تەوتەمێتییەوە چەمکی جۆراوجۆری حەرامکردن و قەدەغەکراوە پیرۆزەکان هاتنە ئاراوە کە بە (تابوو) ناسران ئەمەش ڕووکەشی کۆمەڵایەتییانەی هەموو ئایینێکە. کاتێک مرۆڤ لە ڕاو و شکارەوە بەرەو کشتوکاڵ چوو، یەکەمین تەگەرە کە هاتە سەر ڕێی، پەیداکردنی دانە وێڵە بوو، یان بەروبوومێکی کشتوکاڵی پوخت بوو، ئیتر لێرەوە کێشەی بە پیت و فەڕ بووە خولیای و پەنای بردە بەر جادووکاریی و قوربانی پێشکەشی زەوی کرد تا ڕازی بکات و پیشکەشی ئەستێرە و هەسارەکانی کرد بۆ ڕاکێشانی بەزەیی و سۆزیان، چونکە وای دانابوون کە ئەوانە بوونەوەری گیانین و مەڵبەندی برووسکە و بارانن، سەرچاوەی باو و ڕووناکین، هەر هەسارەیەک بووە خوایەکی تایبەتی و بەمجۆرە (هەسارە پەرستی) سەر هەڵدا، هەر هەسارەیەک خوایەکی پسپۆڕ و تایبەتمەندی دیاردەیەک بوو، ئەمەیان خوای باران بوو و ئەوەیان خوای پیت و فەڕ بوو….هتد.
سەرجاوەی ترس و لەرزی مرۆڤی سەرەتایی هەر ئاژەڵ و نەهامەتییە سرووشتییەکان نەبوو، بەڵکوو ئەوەش بوو کە هەمیشە لە گەڵیدا بوو، خەونەکانیشی بوو، بە تایبەتی ئەو خەونانەنی بە مردووەکانیەوە دەیبینیی لەمەشیانەوە ڕێزگرتن و پیرۆزی مرددو پەرستی) سەریهەڵدا لە “میسر و ڕۆما و مەکسیک و پیرۆ” دا پاشا وەک خوا دەپەرسترا هەتا لە دوای مردنیش.
٢- ئایین لە خوداوەیە لە ڕێی سرووشەوە( وەحیەوە) (لێکدانەوەی ئایینی):
ئایینی(حەنیفیە) ئەو ئایینە یەکتاپەرستیە بوو کە ئیبراهیم خەلیل(خودای لێ ڕازیبێت) بانگەوازی بۆکرد و بە سەرچاوکانی ئایینە ئاسمانەکان دادەنرێت دوای ئەویش( ئایینی یەهوودی و مەسێحی و ئیسلام) دێن، سەرەتا مرۆڤ ڕینمایی و ئامۆژگاری لە ئایینی یەکتاپەرستی وەرگرت، قورئانی پیرۆز ئاماژە بۆ ئایینە سەرەتاییەکان دەکات وەک پەرستنی هەسارە و پەیکەرەکان و بە خوا زانینیی پاشایان و پەرستنی گیانەکان و سرووشت، هەروەها باسی هاوبەشی پەیداکردن و بۆ خودا (واتە فرە خوایی)، و باسی ڕێژەی سیفەتی جەستەیی و مەعنەوی خواوەندەکان دەکات، و قورئانی پیرۆز باسی باوەڕی حەزرەتی ئیبراهیم و پەیڕەوەکانی دەکات کە پاک و ڕاست و لێبوردەیە، بەڵام بەلاڕێ براوە( واتە شێوێندراوە)، ناوەڕۆکی ئەوەش ئەوەیە کە ئایینی ئاسمانی دان بە هیچ ئاینێکدا نانێت تەنیا یەکبوونی ڕاستەقینە نەبێت و ئایین بە سرووشی (وەحی) خواهانە دەنێردرێت، بنەما و تۆکمەکانی ئایینی ڕاستەقینە بریتە لە بڕواهێنان و سەلماندنی بوونی تاکە خواوەندێک کە گەردوون و مرۆڤی هێناوەتە ئاراوە، ئینجا ڕێنمایی و ژییری و هۆشی بە مرۆڤ بەخشیوە تا بە هۆیانەوە خودا بدۆزێتەوە کە چۆن گەردوونی رێکخستووە و بیر لە بوونەوەرەکانی خواوەند بکاتەوە، هەروەها لە مرۆڤ خۆی، ئینجا بڕواهێنان بە زیندووبوونەوەی دوای مەرگ و ڕۆژی دوایی و لێپرسینەوەی کردارەکانی خەڵکی و ئەوسا چاکەکاران بۆ بەهەشت و بەدکارەکانیش بۆ دۆزەخ (وەک لە ئایینی ئیسلام و مەسێحی و یەهوودی دا هاتووە).

تعليقات