بەشی نۆزدەیەمی ئەدەب؛ رۆمانتیک لە هەڵبەستی کوردیدا:

هەڵبەستوان بە پێی توانا خۆی لە هونەرە ڕەوانبێژییە لاسایکەرەوەکان(تەقلیدییەکان) لادەدا و بە دوای لێکچواندن و خوازە و هونەری جوانکاری تازەدا دەگەڕێ.


١- پشت کردنە کێشی عەرووزی کە هەڵبەستی کلاسیزمی کوردی پێ نووسراوە و گەڕانەوە بۆ کێشی (بڕگەیی – پەنجەیی – خۆماڵی) کە کێشێکی ڕەسەنی کوردییە و لە سەر بنەمای ژمارەی بڕگەی لەتە دێڕ هاتووە و هەموو هەڵبەستی فۆلکلۆری زۆربەی هەرە زۆری هەڵبەستی زاری گۆڕان و لۆڕ بەو کێشە نووسراوە.
٢- وازهێنان لە یەکێتی سەروا و بەکارهێننانی سەروای مەسنەوی یان سەروای ڕەنگاورەنگ کە هەڵبەستوان بە پێی پێویست پەنای دەباتە بەر بۆ ئەوەی لەپاڵ کێشە ڕەسەنەکە ئاوازێکی تایبەتی بە هۆنراوەکەیدا.
٣- یەکێتی بابەت لە هەڵبەستی ڕۆمانتیکیدا بەسەر هەموو هۆنراوەکەدا دابەش دەبێ. هەموو دێڕەکان یەکێتی پتەویان لە نێو دایە و پەیوەندییەکی واتایی و ئەدەبی پتەو بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە لابردنی هەر دێڕێک و زیاتر کردنی هەر دێڕێک هۆنراوەکە دەشیوێنێ.
٤- بەکارهێنانی زمانێکی سادە و ئاسان کە هەموو کەس تێی بگا، نەک کۆمەڵێکی دەستەبژێر (نخبە)، وشەکانی هەموو کوردی پەتین و بە پێی توانا هەڵبەستوان خۆی لە بەکارهێنانی وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی قورس دوور دەخاتەوە. واتە وشە و دەستەواژە و ڕستەکان کورت و پەتی و پوخت و ڕەسەن و بێ گرێ و گۆڵن و مانایان ئاشکرا و دیارە.
٥- هەڵبەستوان بە پێی توانا خۆی لە هونەرە ڕەوانبێژییە لاسایکەرەوەکان(تەقلیدییەکان) لادەدا و بە دوای لێکچواندن و خوازە و هونەری جوانکاری تازەدا دەگەڕێ.
٦- هەڵبەستوان جگە لەوەی کە بە زمانێکی سادە و ئاسان دەنووسی کە هەموو کەس تێی بگا، نووسینەکەشی بۆ هەموو کەسە و لە پێناوی بەرژەوەندی خەڵکەکە دەنووسێ و نووسینەکەی خزمەتی چینە زۆر لێکراو و قوربانییەکانی کۆمەڵ دەکا.
٧- گەڕانەوە بۆ سرووشت و گەڕان بە دوای جوانی لە دیمەنەکانی سرووشت و خەم خواردن بۆ دیمەنە جەرگبڕەکان وەکوو وەرینی گەڵای دارێک و خشینی ئەستێرەیەک و ئاوابوونێکی مانگ و خۆر…
٨- خۆشەویستییەکەی پاک و بێگەرد و زۆرجار نائومێد بوون لە خۆشەویستی و ڕوانینە ژیان و دوواڕۆژو بە چاوی ڕەشبینانە و پەسەندکردنی گۆشەگیری و خۆ دوور خستنەوە لە خەڵک.
٩- تاکێتی (زاتییەت) و باس کردنی دەرد و ئازاری تایبەتی و خۆ دوورخستنەوە لە بابەت و هەست و سۆزی گشتی و عەوداڵ بوون بە دوا ئەو دیاردانەی کار لە دەروونی دەکەن، خۆشی پێ دەبەخشی یان ئازاری دەدەن و لە ئەنجامدا تووشی گەشبینی یان ڕەشبینی دەکەن.
١٠- ڕابردوو دەبێتە مەیدانێکی فراوان، تێ ڕامانی هەڵبەستوان دەگەڕێتەوە سەری و بابەتی ئەدەبی و دیمەنی گەش و جوانی لێ وەردەگرێ و دووبارە دروستی دەکاتەوە و زۆرجار بەسەر چرکەساتێکی خۆشی بەسەرچووی ڕابردوودا دەگەڕێ چونکە دەزانێ ئەو خۆشییە تازە ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە.
١١- سوود وەرگرتن لە کەلەپووری نەتەوەی بە هەموو کەرەستەی زمان و بابەتی ئەدەبییەوە بۆ نووسینی بەرهەمی وا کە گیانی نەتەوەی و نەتەوایەی و نیشتیمانی تێدا بدرۆشیتەوە.
رۆمانتیک لە ئەدەبیاتی کوردی- شێوەی کرمانجی خواروو
لە شێوەی کرمانجی خواروودا، سەرەتای تازەکردنەوەی هەڵبەستی کوردی و شکاندنی کۆت و یاساکانی کلاسیزم لە بستەکانی سەدەی بیستەم دەستی پێ کرد و یەکێ لە ڕابەرانی ئەو تازەکردنەوەیە (گۆران)ی هەڵبەستوان بوو. کە لێرەدا کورتەی ژیان و نموونەیەکی هەڵبەستی سەر بە ڕێبازی رۆمانتیکی دەنووسین و شی دەکەینەوە….

تعليقات