بەشی یەکەمی؛ ئەستێرە و هەسارە ناسی؛ "خۆر":

خۆر هەر چرکەیەک نزیکەی( ٤،٦ ملیۆن) تەن مادە لە شێوەی وزە لە دەست دەدات کە کۆتایی هاتنی مسۆگەر دەکات.


بەشی یەکەمی ئەستێرە  ناسی؛ "خۆر":
خۆر گەورەترین تەنی ناو کۆمەڵەی خۆرە لە ڕووی قەبارەوە، لە چاو ئەستێرەکانی تری گەردوون بە ئەستێرەیەکی مامناوەندی دادەنرێ و بارستەکەی (٣٣٥) هەزار جار بە قەد بارستەی زەوییە، کەوتۆتە ناوەڕاستی کۆمەڵەکەوە، پێکهێنەرەکانی کۆمەڵەی خۆر بە جۆرە کێشکردنێکی بەهێزەوە بە خۆر بەستراونەتەوە و بەرەو خۆی کێشی کردوون و لە خولگەیەکی نیمچە بازنەیدا بە دەوری خۆردا دەسووڕینەوە.
خۆر تەپۆڵگەیەکی گڵپەدارە و سەرچاوەیەکی مەزنە بۆ ڕەخساندنی ئەو هێز و وزەیە کە پەیتا پەیتا دەتەقێتەوە، بەرزەکی سەر ڕووی خۆر کە گڕی سوورە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە زیاتر لە ملیۆنێک پلەی سەدی. پلەی گەرمی سەر ڕووی دەرەوەی دەگاتە(٦٠٠٠ پلەی سەدی) هەرچی پلەی گەرمی ناوەوەشی نزیکەی (١٥ ملیۆن پلەی سەدییە). خۆر هەر چرکەیەک نزیکەی( ٤،٦ ملیۆن) تەن مادە لە شێوەی وزە لە دەست دەدات کە کۆتایی هاتنی مسۆگەر دەکات.
تەمەنی خۆر بە (٤،٦) بلیۆن ساڵ مەزەندە دەکرێت، تا ئێستا نیوەی هایدرۆجینەکەی سووتاوە، بەڵام زانایان وای بۆ دەچن کە تا وەکوو (٥بلیۆن) ساڵی تر هەر بەردەوام بێت.
لە سەر ڕووی خۆر بێجگە لەو بەرزەکانی کە بە ملیۆنان کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە، چاڵایی مەزنی رەنگ تاریکیان تێدایە شێوەیان لە دەمە گڕکانی هەڵچوو دەچێت، هەندێکیان گەورەن جێی هەسارەیەکی وەک زەوی دەبنەوە، پەڵەی ڕەش هەن کە بە "پەڵەی خۆر" ناسراون لە ئەنجامی سووڕانەوەی خۆر بە دەوری  خۆیدا ژمارەیان دەگۆرێت، دەرکەوتنیان و سووڕانەوەیان کار لە تینی گەرمی خۆر دەکات.

تعليقات