بەشی چوارەمی فەلسەفە؛ (فەلسەفە و واتاکانی):

فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە لە هەردوو وشەی "فیلۆ" و "سۆفیا" پێکهاتووە، وشەی "فیلۆ" بە مانای
خۆشەویستی دێت و "سۆفیا"ش .بە مانای دانایی(حیکمەت) دێت.
بەشی چوارەمی فەلسەفە؛  (فەلسەفە و واتاکانی):
( چەمکی فەلسەفە )
شتێکی ئاسان نییە، توێژەر بتوانێت پێناسەیەکی کورت و ورد و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفە بکات هەروەکوو لە پێناسە کردنی هەندێ زانستی دیکەدا بەرچاو دەکەوێ. چونکە واتای فەلسەفە بەرە بەرە لە گەڵ ئەو گۆڕانکارییە مێژووییەی زانیاری مرۆڤایەتی و خودی فەلسەفەدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
فەلسەفە وشەیەکی یۆنانییە لە هەردوو وشەی "فیلۆ" و "سۆفیا" پێکهاتووە، وشەی "فیلۆ" بە مانای خۆشەویستی دێت و "سۆفیا"ش بە مانای دانایی(حیکمەت) دێت کە پێکەوە مانای خۆشەویستی بۆ دانایی دەگەینێت.
فەلسەفە دەیەوێت بە ئاشکرا سنووری ئەو شتانە دیاری بکات کە بابەتی توێژینەوەکانیەتی، تا ئەو ڕادەیەی دەتوانرێت فەلسەفە بەوە پێناسە بکریت کە (زانستی زانیارییەکانە) یان، بۆ نموونە: ئەگەر مامۆستای زانستەکان، نە بایەخ بە ناساندنی زانستەکەی بدات و نە بە دیارکردنی واتای زۆر لەو وشانەی بە کاریان دێنێت وەک: (ماددە)، (جوڵە) (هۆکار)، (یاسا).. هتد، مانای ئەوە نییە کە پشتگوێی خستوون، بەڵکوو ئەوەیە کە ئەم ئەرکە بۆ فەیلەسووفان جێ دێڵێت. جا لەبەر ئەوەی بیر و چەمکەکانی فەیلەسووف کە بابەتی توێژینەوەیین، بە زۆری هەست پێکراو و بەرجەستە نین، بەڵکوو بریتین لە بیر و چەمک و لێکدانەوەی ڕووت، بۆ نموونە: (فەیلەسووف لە بڕی ئەوەی باسی مرۆڤێک بکات باسی چەمکە گشتییەکانی هەموو مرۆڤەکان دەکات کە "مرۆڤایەتییە"، هەروەها لە بڕی ئەوەی باسی ڕەنگی تەباشیر یان باسی دیواری گەچکراو بکات، بە گشتی باسی "سپێتی" دەکات. جا لەبەر ئەوەی باسەکە بەم جۆرە کەوتۆتەوە، ئەوا هەر لە سەرەتاوە نابێت چاوەڕوانی ئاشکرایی و ڕوونی بکەین لە فەیلەسووف لە پێناسەکردن و توێژینەوەی فەلسەفەدا؛ ئەمە لە لایەک،  لە لایەکی دیکەوە لەبەر ئەوەی فەیلەسووف لەم کارەیدا پشت بەو بیر و بۆچوونانەی دەبەستێت، بۆیە دەبێ ئەوەی لێ چاوەڕوان بکەین کە جیاوازی و ناکۆکی لە پێناسە و لێکۆڵینەوەکانیدا هەبێت، لەبەر ئەمە ڕاستیان گوتووە کە: تاکە فەلسەفەیەک نییە، بەڵکوو فەلسەفەی زۆر و ئاڕاستەی جۆراوجۆر هەیە لەوانەیە هێندەی ژمارەی فەیلەسووفەکان فەلسەفەی جیاواز هەبێت، بۆیە لەم بارەدا گرنگە پێناسەیەکی سەرتاپاگیری بۆ بکرێ. لەبەر ئەوە دەڵێن "فەلسەفە هەوڵدانێکی چاکی مرۆڤانەیە بۆ گەڕان و توێژینەوە و ئەزموونەکان،  نە وەک زاراوەیەک بێت بۆ پێناسە کردن."
ئەمە لە گەڵ پێناسە کۆن و نوێیەکاندا دژوار و ناتەبا نییە، وەک ئەوەی وا پیناسە کراوە کە فەلسەفە گەڕانە بە دوای ڕاستییەکاندا، یان خۆشەویستیە بۆ دانایی لەم بابەتانە... هەر وەک لەمەودووا ڕوون دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دەتوانرێت بگوترێت کە یەک فەلسەفە نییە، بەڵکوو فەلسەفەکاری هەیە.
فەلسەفەکاری"؛ (چالاکیەکی ژیریی هۆشیارانەیە، کە فەیلەسووفان هەوڵدەدەن بە هۆیەوە لە سرووشتی بیر و سرووشتی ڕاستی و ئەزموونی مرۆڤایەتی تێ بگەن).
پوختەی پێناسەکانی فەلسەفە: ( ئێمە هەندێ پێناسەی فەلسەفە پێشکەش دەکەین بۆ تێگەیشتنی فەلسەفە بە ئاسانی. فەلسەفە چالاکییەکی بەرنامە ڕێژە بۆ زانینی ڕاستییەکان لە ڕوخسارە جیاوازەکەیدا، لەنێویشیاندا گەردوون و مرۆڤ و پەیوەندییەکانی نێوانیان، فەلسەفە هەوڵ دەدات لە واتای گەردوون و ژیان بگات و شیکردنەوە لەسەر پەیوەندی مرۆڤ بە گەردوونەوە بکات، لەلایەکەوە لە ڕووی توانای مرۆڤ لە زانین و هەڵسەنگاندنی بۆ گەردوون و لەلایەکی دیکەشەوە ئەرک و مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆی و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی و بەرامبەر کەسانی دیکەش).

تعليقات