بەشی پێنجەمی فەلسەفە؛ جیاوازییە سەرەکییەکانی نێوان فەلسەفەکاری “ئاسایی و ڕێکخرا و پوخت”:

بەو کەسە دەڵێین فەیلەسووف کە هەمیشە و بەردەوام خەریکی ئەم کارەیە و وای لێکردووە ببێتە گرنگترین مەبەستی ژیانی و لێکۆڵینەوە لە بارەی سرووشتی شتەکان بکات.

زانیمان کە فەلسەفەکاری چالاکییەکەی گشتی مرۆڤانەییە، بەڵام چەند ئاستێکی هەیە، لەوانە ئاستی فەلسەفەکاری ئاسایی، یان سادە، یان ناڕێک، ئەمەش ئەو ئاستەیە کە لای زۆرینەی خەڵک(ڕەمەکی خەڵک) دەردەکەوێت، هەروەها لە ڕێگەی (پەند) و قسەی نەستەقی باو و لە داستانە دێرینەکاندا و لە هۆنراوە و هونەر بە گشتی دەرەکەوێت. بەڵام ئاستی (فەلسەفەکاری) رێکخراو و پوخت ئەوە لە فەلسەفە ناسراوەکان دەیانبینین و ناوی ئەو فەیلەسوفانەی بە درێژایی مێژوو ناسراون. ئەمانەش گرنگترین جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ئاستی فەلسەفەکارین:
ئەلف کێشەی زمان:
لە کاتێکدا ئاسایی مرۆڤێکی بە زمانێکی سادە فەلسەفەیەکی ئاسایی دەردەبڕێت، کە زمانی ئاخاوتنی ڕۆژانەیەتی، بەڵام فەیلەسووفەکان لە ڕێی زاراوەی هۆنەری ورد و پوختەوە بیروڕایان دادەڕێژنەوە، کە دەبێت فێریان ببین، وەک چۆن فێری زاراوە تایبەتمەندەکانی هەر زانستێک دەبین، لە هەمان کاتیشدا ئەو زاراوە هۆنەریانە دەبنە گەورەترین کۆسپ و بەربەستی تێنەگەیشتین لە نێوان زۆربەی فەیلەسووان و خەڵکی ئاساییدا، بەڵام ئەو کۆسپانە هەر زوو کەم دەبنەوە دوای فێربوونی زاراوە و خوێندنەوەی بەردەوام، زاراوە لە هەموو زانستێکدا گرنگە، وازلێهێنان و دەست لێبەردانی ئەستەمە، چونکە هێندە وردی و چڕی تێدایە، هەر زاراوەیەک جێی ڕستەیەکی تەواوی ئاخاوتنی ئاسایی دەگرێتەوە.
بە- هزر (بیرۆکە): ئەو بیر و هزرانە کە لە فەلسەفەی ئاساییدا هەن لێڵ و شاراوە و نادیارن، بەڵام لە هزر و بیری فەلسەفەی ڕێکخراو و پوختدا ئاشکرا و ڕوونن، فەلسەفە لە بیرکردنەوەی ئاساییدا، لە قۆناغی (کۆرپەڵە) یان لە شێوەی سەرەتایی دایە، کەچی لە فەلسەفەی پوخت دا بوونەوەرێکی تەواو پێگەیشتووە.
پە- کێشەی ڕێکخستن و گونجان:
ئەو بیروڕایانەی لە ئاستی سادە، یان ئاساییدان، ڕێکخستن و گونجانیان تێدا نییە، کەچی لە ئاستی ڕێکخراو و پوخت دا بە شێوەیەکی گشتی ڕیکخستن و گونجان و پێوەلکانێکی بەهێز دەبینین، ڕێبازی فەلسەفە لەم جۆرەدا بونیادێکی پتەوی هەیە.
جیم: پچڕان و بەردەوامێتی:
فەلسەفەکاری ئاسایی پچڕ پچڕە، بەڵام فەلسەفەکاری ڕێکخراو و پوخت حاڵەتێکی بەردەوام و هەمیشەییە لای فەیلەسووف. فەلسەفەکاری هەروەک ئەوە وایە کە چۆن هیچ کەسێک بە شووشەچی، ناو نابەین، تەنیا ئەوانە نەبێت کە بەردەوام خەریکی شووشە تێگرتن و دروستکردنی شووشەن، هەرواش مامەڵە لەگەڵ (فەلسەفەکاری)دا دەکەین، ئەگەر بە وردی وشەی فەیلەسووف بەکاربێنین، ئەوا هەرگیز بەو کەسە ناڵێن (فەیلەسووف) کە جاروبار دەڕوانێتە شتەکان و لێیان ڕادەمینێت، یان گومانیان لێدەکات، بەڵکوو بەو کەسە دەڵێین فەیلەسووف کە هەمیشە و بەردەوام خەریکی ئەم کارەیە و وای لێکردووە ببێتە گرنگترین مەبەستی ژیانی و لێکۆڵینەوە لە بارەی سرووشتی شتەکان دەکات و هۆکارێک بێت بۆ بیر و بۆچوونەکانی و زیادکردنی ئەو زانیاریانەی کەسانی دیکە لەوەوپێش پێی گەیشتوون و ئەوەی لە بارەی ئەو مەسەلانەوە دەگوترێ و بیرمەندانی دیکە بیری لێ دەکەنەوە.
چێ- سەرباری ئەوەی لە پێشەوە ڕوونکرایەوە، دەبینین مرۆڤ لە قۆناغەکانی یەکەمی ژیانیداو لە ژیانی ئاسایی خۆیدا، گەلێ شێوەی هۆشیاری جیاجیای تێدا هەبووە، لە هونەر و زانست و ئەفسانە و بیرۆباوەڕ و شتی دیکەدا، بەر لەوەی هۆشیار و ڕێک و پوختی تێدا دەربکەوێ، لەو سەردەمەدا زانستێکی سەربەخۆ و تایبەت بە کۆمەڵ یان سرووشت، یان مرۆڤ نەبووە، هەروەها هەست و پێزانینی کۆمەڵایەتی تەنیا کەسێک لەگەڵ کۆمەڵ، یان خێڵ هاوجووت بوون واتە یەک بوون، لەبەر ئەوە هەست و هزریان و ڕەوشتیان و جوانی و جوانکاریشیان لە یەک دەچوون، بەڵام لە قۆناغی بیرکردنەوەی ڕێک و پوختدا، کە بە دوای قۆناغی یەکەمدا هاتووە ئەم هەست و پێزانییە لە ڕووی ناوەڕۆک و ڕوخسارەوە گۆڕدراوە، چونکە دەزگا و ڕێکخراوەکان هاتوونەتە گۆڕێ وەک “دەوڵەت و پۆلیس و سوپا”، کردارەکانیش دابەش بوون بۆ هزری و جەستیی، هەست و پیزانینی ڕێکخراو و پوخت سەر هەڵدەدات و زانستەکان لەیەک جیا دەبنەوە، شتەکان بەلای مرۆڤی ئاساییەوە بەو شێوەیە بوو کە دەیبینی، بۆ نموونە هیچ گومانی لەوە دانەبوو کە زەوی ناجوڵێ واتە تێڕوانینی بە شێوەیەکی ئەوتۆیە کە هیچ شیکردنەوە و ڕەخنەیەکی بۆی نیە ئەمەش تێڕوانینیکی ڕاستییانەی سادەیە، هەروەها بۆچوونەکانیشی پشت بە هەست و نەستێ دەبسەتێ و تیبینییەکانیشی پەرت و بڵاون، هیچ جۆرە چەمک و دەستەواژەیەکی گشتی لە بیردۆز و یاسا بە یەکیان نابەستێتەوە، بۆ نموونە ئاسن و مس و زێڕ دەناسێ و بەکاریان دێنێ، بەڵام هیچ جۆرە چەمکێکی گشتی بە کرداری لەبارەی کانزا و لە بارەی ئەم یاسایانەوە لانیە کە حوکم بەو کانزایانەوە دەکەن.

تعليقات