بەشی دوویەمی ئیسلام و شمشێر؛ گەڕانەوە بۆ مێژوو:

بەشی دوویەمی ئیسلام و شمشێر؛ گەڕانەوە بۆ مێژوو:


 بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە هۆکارەکانی بوونی شمشێر لە ئیسلامدا پێوسیتە بە چاوێکی خێرا سەفەرێک بە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ئەنجامدا بدەین، بۆ ئەوەی بتوانین بڕیارێکی دادگەرانە بدەین و بتوانین ڕووی ڕاستی ڕووداوەکان لە هۆڵی دیوەخانی هزرمان نمایش بکەین.

بەر لە هاتنی ئیسلام جیهان دابەش ببوو بۆ دوو ئیمپراتۆریەتی گەورە، لە رۆژهەڵات ئیمپراتۆریەتی فارسی کە بنەماڵەی کیسرایەکان بەڕێوەیان دەبرد و لە ڕۆژئاوا ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بە سەرپەرشتی قەیسەریەکان و پیاوانی کەنیسە، وە مێژوو باسی چەند شانشین و دەسەڵاتی ترمان بۆ دەکات، بەڵام لە بەر بچووکی دەسەڵاتیان ئەوەی دێنە باس کردن هەر ئەو دوو ئیمپراتۆریەتە مەزنەن، مێژوو دەیسەلمێنێت کە چەندان شەڕی گەورە لە نێوان ئەو زلهێزانە بەرپا بووە و بە هەزاران کەسی تێدا بوونەتە قوربانی حەز و ئارەزووەکانی سەرکردەکانیان کە مەبەست لە هەموو شەڕەکانیش سەپاندنی دەسەڵات و بیروباوەڕی ئەوەی تر بووە بە سەر بەرامبەرەکەی، دوورگەی عەرەبی لە نێوان ئەو دوو زلهێزە کرابووە بە دوو کەرتک، ببوو بە قوربانی ئارەزووی زلهێزان، مرۆڤایەتش هیچ بوونێکی نەبوو لەو پەڕی دڕندەی و نەزانیندا دەژیان، کاری وا ئەنجام دەدرا کە مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی شەرمی لێ دەکات، چۆن دەبێت مرۆڤ کاری وا ئەنجام بدات کە گیان لەبەرە دڕندەکانیش توانای ئەنجامدانیان نییە، لە نێو عەرەبەکاندا ئەوەی پێناسەی نەبوو مرۆڤ بوو، لە هەموو بوارەکانی ژیان مرۆڤ لە تاریکایدا دەژیا، هەرچەند وەک داب و نەریتی خێڵەکی هێندێ نەریت ڕەچاو دەکرا، بەڵام وەک دەڵێن (النادر کالعدم) واتە: شتی کەم وەک نەبوو هەژمار دەکرێ، مرۆڤایەتی لە ڕووی بیروباوەڕ و کۆمەڵایەتییەوە تووشی شۆک هاتبوو، کە سەیری یۆنان و ڕۆمانییەکان دەکەیت لە هەموو “دێوزمەیەک” دەترسان، مرۆڤ کرابوو بە خودا و دەپەرسترا، سرووشت دەوری کاریگەری هەبوو لە ژیانی ئەواندا.

لە نێو فارسەکانیش خوای خێر و خوای شەڕ جیاواز بوو، مرۆڤ ئەوەندە داماو بوو ئاگری بە خوا دەزانی، بوون و مردن و ژیانی لە ئاگر داوا دەکرد، ژووری بریسکەدار و خاوێن بۆ پەرستنی ئاگر ئامادە کرابوون، لە نێو دوورگەی عەرەبیش مرۆڤ هەموو بەهایەک لەدەست دەدات کاتێک کڕنۆش بۆ بەردێک یان دارێک دەبات، کاری وا ئەنجام دەدرا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کە مێشکی مرۆڤ قبووڵی وەرگرتنی ناکات، لە نێو ئەو هەموو گێژاوەدا نووری ئیسلام لە دایک بوو، تۆ بڵێی گۆڕینی ئەو هەموو کارە ناڕەوایە بە بێ دژایەتی زۆرداران ئەنجام بدرێت؟ دەی خۆ مرۆڤ پێویستی بە بەرگری هەیە لە ژیاندا، ئەوەتە خودای گەورە لە ئاژەڵ و باڵندەکانیش هێزی بەرگری لە خۆ کردنی دروست کردووە، کەواتە ئەمە چ شتێکی خراپە؟ کە ئیسلام شمشێری بڕیار داوە بۆ کۆتایی هاتنی هەموو ئەو ستمکارانەی دەیانەوێت مرۆڤ بکەن بە بەندەی خۆیان و نەهێڵن ئادەمیزاد لە ئازادی و خۆشبەختیدا بژیت.

ئەوەش لە دوای ئەوەی کە هەموو ڕیگا چارەیەکی هێمنانە دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بگەڕێنەوە سەر سرووشتی مرۆڤایەتیان کە خۆی لە ئاوەدان کردنەوەی زەوی و خزمەت کردنی مرۆڤەکان دەبینێتەوە، بەڵام دژایەتی کردنی بانگەوازی ئازادی بەندەکان و هەوڵدان بۆ بەردەوامی تاریکایی نەزانین و نەفامی، نەمانی هیچ ڕێگا چارەیەک، ئەو جار وەک راستییەک بڕیار دەدرێت ئەوانە تەمێ بکرێن بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بگات بە خۆشبەختی.



تعليقات