بەشی سێیەمی ئیسلام و شمشێر؛ لە دایک بوونی ئیسلام:

بەشی سێیەمی ئیسلام و شمشێر؛ لە دایک بوونی ئیسلام:


لە نێو ئەو هەموو جەنجاڵییەی ژیان و ڕووداوە بێ سەر و پاکانی، خوای کارزان دوا بەرنامەی بۆ مرۆڤایەتی هەنارد و کۆتایی پێغەمبەرانی بۆ ڕەوانە کردن، تا ئاسوودەیی لە دەرگای مرۆڤایەتی خۆی بکاتە ژوورەوە، مرۆڤەکان لە چەوسانەوە و ژێر دەستی ڕزگاریان بێت، چیتر قەڵەوەکان لاواز و بێ دەسەڵاتەکان نەکەن بە بەندە و پارووی چەوریان، بانگی ئیسلام لە نێو کۆمەڵگایەک هاتە بوون کە لە هەموو ڕووەکانی ژیان لادان لە ڕاستی بوونی هەبوو، مرۆڤەکان مەستی گەندەڵی وای لێکردبوون واتای بوونی خۆشیان نەزانن، تۆ بڵێی گۆڕان لەم کۆمەڵگایە دەست پێکات؟ تاکە کەسێک چۆن دەتوانێ ئەم هەموو بێ سەر و بەریەی ژیان لە نێو بووندا بگۆڕێت!! ئاخر تاکە کەسێک بێ پارە و هەژار و بێ چەک و جبەخانە و بێ هێزی مرۆڤ و بێ هەبوونی ئەندام و لایەنگر، شتی وا لە هزری مرۆڤ بەدەرە، بەڵام ئەم تاکە مرۆڤە پڕ چەک کراوە لە ئیمان، لە خۆگری، لە ڕاستگۆیی، لە بەرزی ڕەوشت، لە زەردەخەنەی لێو، لە قسەی خۆش و بە کەڵک، داوای سەروەت و سامان لە خەڵک ناکات، داوای هێز و وزەیان لێ ناکات، داوا ناکات بێین و سوژدەی بۆ بەرن، یاخود بە کاڵا و باڵای دا هەڵبڵێن، بەڵکوو داوای لە خەڵک هەیە کە بڵێن هیچ پەرستراوێکی ڕاستەقینە نییە تەنها (خودا) نەبێت، هەر لەگەڵ دەربڕین و ئاشکرا کردنی ئەم بانگەوازە گوێ بیستی زلهێزان و دەسەڵاتداران دەبین کە چۆن تێهەڵدان و جنێو و ناو و ناتۆرە دەبێ بە دیاری بۆ ئەم تاکە مرۆڤە ڕاستگۆیە، بەڵام ئەم زاتە پیرۆزە بۆ ئەوە نەهاتووە کاردانەوەی خراپی هەبێت، بەڵکوو ئەو مامۆستای ژیانە، دەبێت ژیان بگۆڕێت، دەبێت خەڵک لەو خەوە بێ ئاگاییە بە خەبەر بێنێت، دەبێت چرا داگیرسینێت بۆ ڕووناک کردنەوەی هەموو کون و قوژبنێکی ئەم بوونەوەرە.

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قوتابیانی ئەم قوتابخانە نورانییە زیادیان دەکرد، هەر لەگەڵ زیادبوونی ئەوان ناو و ناتۆر و جنێو و تێهەڵدان و سزا زیادی دەکرد، گەورە پیاوانی دوورگەی عەرەبی هیچ واتایەکی لێک تێگەیشتنیان نەدەزانی، لە یاسای ئەوان هەر کەسێ بەڵێی بۆ کارەکانی ئەوان نەکردبایە بە تاوانی دەرچوو لە یاسا، سزا دەدرا، سێزدە ساڵ لە ئازار و مەینەت، لە خۆگری لە پێناو ئازاد کردنی مرۆڤایەتی، نەمان بیست لە ناو موسڵمانانی نوێ، مرۆڤێکی بەهێز لە بت پەرستی وازبێنێت، لە ڕێزی ئەندامانی دینی نوێ ناوی تۆمار بکرێ، بەڵکوو ئەوانەی ئیمانیان بە دینی تازە دەهێنا دووچاری جەنگی دەروونی دەهاتن و ڕووبەڕووی مەرگ دەبوونەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە ئازارێکی جەستەیی دەهاتن، تەنها داوایان لێکرا کە واز لە بیروباوەڕیان بێنن، بەڵام کەسێک لە تاریکای بگات بە چراستان، چۆن دەبێ جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو تاریکایی؟ مەگەر گەمژە و بێ مێشک بێت.



تعليقات