بریتیە لە هەنگاوی چەك دانانی پەكەكە لە بەرانبەر پاراستنی كورد لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە
نووسەر و ڕۆشنبیرێكی كورد پێشنیازێكی وەك ڕێگەچارەیەك بۆ دۆخی ئێستەی
پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان خستووەتەڕوو، كە بریتیە لە هەنگاوی چەك دانانی
پەكەكە لە بەرانبەر پاراستنی كورد لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە.
هۆشەنگ ئۆسێ نووسەر و چاودێری سیاسیی كوردی رۆژئاوای كوردستان لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی “تاكە ڕێگەی بەجێماو لەبەردەم پەكەكەدا، بۆ ئەوەی خۆی و جەنگاوەرانی و سەركردەكانی و ئەوەی بەدەستیەوە ماوە لە هێرشێكی وەحشیگەرانەی توركیا ڕزگار بكات، ئەوەیە كە چەك دابنێت”.
ئەم نووسەرەی رۆژئاوای كوردستان دەڵێ تاكە ڕێگە لەبەردەم پەكەكەدا، بۆ ئەوەی پیلانی لەشكركێشی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەركۆماری توركیا و سوپاسالار و سەركردەكانی حزبەكەی سەراوژێر بكاتەوە، ئەوەیە لەم قۆناخەدا رایبگەیەنێ كە دەیەوێ بەبێ مەرج چەك دابنێت، هەروەها داوا لە ئەمریكا و ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان بكات بەپەلە بێنە پێشەوە و سەرپەرشتی پرۆسەكە بكەن و سەریبخەن.
بەگوتەی هۆشەنگ ئۆسێ، ڕەنگە توركیا چاوەڕێی چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان نەكات و زووتر هێرشێكی گشتگیر بكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان، پێشبینی كردووە توركیا هێرشەكەی لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا ئەنجام بدات، كە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، كە لەوەتەی 15ی شوباتی 1999وە ڕفێندراوە و دواتریش زیندانی كراوە.
ئەم نووسەرە كوردەی رۆژئاوا لە كۆتایی نووسینەكەیدا دەڵێ تێپەڕینی هەر خولەكێك بەبێ بڕیاردانێكی لەم جۆرە لە قازانجی كورد نیە، بەتایبەتیش لە قازانجی پەكەكەدا نیە.
دوێنێ شەوی چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند هێزەكانی وڵاتەكەی لە رۆژئاوای كوردستان دەكێشێتەوە، بەمەش هێزەكانی پەیەدە (باڵی رۆژئاوای كوردستانی پەكەكە) بەبێ پشتیوان و هاوپەیمانە سەرەكییەكەی لە سووریا دەمێنێتەوە
Comments
Post a Comment