بەشی شەشەمی فەلسەفە؛ بوارەکانی فەلسەفە و ئامانجەکانی بە درێژایی چاخەکان:

بەشی شەشەمی فەلسەفە؛ بوارەکانی فەلسەفە و ئامانجەکانی بە درێژایی چاخەکان:

بۆ نموونە ئامانجی فەلسەفەی کۆن(هیند و چین و میزۆپۆتامیا و میسری کۆن) ئامانجێکی زانستی و ژیانی بووە، کە دەوری مرۆڤ و ڕەوشت و چارەنووسی داوە، و لە بارەی کێشەی مەرگ و نەمری و دەربازبوون لە جەستە یان لە ئێش و ئازار دواوە.
مەبەست لە باسکردنی ئەم بابەتە تەنیا بۆ ئەوەیە، لە ئامانجە سەرەکییەکانی مێژووە درێژەکەی فەلسەفە بگەین، تاکوو ئەو وێنەیەی فەلسەفە تەواو بکێشین، کە تا ئێستا خەریکی دروست کردنی بووین، بە بابەت و بەرنامە و ناساندن و گیروگرفتەکانیەوە.
کەچی لە فەلسەفەی یۆنانیدا، لە (ئەرستۆتالیس)ەوە بیگرە هەتا دەگاتە قوتابخانە سرووشتیەکانی پێش (سۆکرات)، ئامانجی فەلسەفە و بابەتە سەرەکییەکانی بریتی بوون لە: توێژینەوە لە جیهانە سرووشتییەکەی کە دەوری مرۆڤی داوە، ئایا بنچیتنەی (ڕەچەڵەکی) ئەو شتانەی کە هەن چین؟ ئایا هەموویان یەک توخمن یان زیاترن؟ ئەی چۆن لە یەک توخمی و زۆر تۆخمی شتەکان بگەین؟ فەلسەفە و زانست لای ئەوان هەر یەک شت بووە… ئەوان هەم زانا بوون و هەم فەیلەسووف، بەڵام بایەخدان بە جیهانی دەرەوە، گۆڕاو ڕووی کردە بایەخدان بە مرۆڤ و ڕەوشتی مرۆڤ و پەیوەندییەکانی بە خەڵکی دیکەوە، ئەمەش لە سەر دەستی سۆفستاییەکان و سۆکرات دا بە ئاکام گەیشت و پاشان لەسەر دەستی ئەفلاتۆن و ئەرستۆ و فەیلەسووفە موسڵمانەکان و فەیلەسووفە نوێیەکان و هاوچەرخەکاندا، باسەکان سەبارەت بە گەردوون و مرۆڤ و کۆمەڵگە و سیاسەت و هونەر گەیشتە ڕادەی پیگەیشتن لە بوارەکانی فەلسەفەی(سرووشت) و (میتافیزیا) و (زانستی لۆژیک – المنطق) و (فەلسەفەی هونەر) و(زانستی جوانکاری) و (فەلسەفەی ڕەوشت) و (فەلسەفەی زانستەکان) و (بیروڕاکان). هەرچی فەلسەفەی نوێیە ئەوا ڕووی کردووەتە لێکۆڵینەوەی مرۆڤ بە ڕاستیەکەی نە بە گشتی، هەروەها فەلسەکاریش بەسترایەوە بە کارکردن و گۆڕانکارییەوە، لەبەر ئەوە زانست و هۆش(العقل) بەکارهێنرا لە پێناو گۆڕانی جیهاندا، بە واتایەکی دی بیر بە کارکردنەوە بەسترایەوە. ئەمەش کلیلی بەشی هەرە زۆری ئاراستە فەلسەفییە هاوچەرخەکانە، کە پێویستن بۆ بۆنیادنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لە جیهاندا.

تعليقات