بەشی سێیەمی مێژووی نوی، بووژاندنەوەی ڕووناکبیری و کاری بۆ سەر وریابوونەوەی ڕامیاری:

مێژووناسان وا راهاتوون، بووژاندنەوەی ڕووناکبیری بە بزووتنەوەیەکی فەڕەنسی ڕووت دانێن، بەڵام لە ڕاستیدا فەرەنسییەکان سەرکردەی ئەم بزووتنەوەیە بوون

لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەمدا دەوڵەتانی ئەورووپا بە تەواو پێگەیشتن و هەریەکەیان دوای ئەو ئاراستە ڕامیارییە(سیاسییە) دەکەوت کە سوودی خۆی تیادا دەبینی. وە پەیمان بەستنە کاتییەکانیش، کە لە نێوانیاندا دەبسترا ، هەر لەسەر بنچینەی بەرژەوەندی ڕاستەوخۆ و سیاسەتی هاوسەنگییە نێو دەوڵەتیەکانی هێزەکانی نێوانیان بوو.
لە هەمان کاتدا  ئاراستەیەکی کۆمەڵایەتی دژ بەوە هەبوو کە کارکردنەکەی هەر بەهێزتر و پتەوتر دەبوو، ئەویش رێبازی بووژاندنەوەی ڕووناکبیری بوو، کە خۆرئاوای ئەورووپای گرتەوە، چونکە ئەم ناوچەیە دەوڵەتەکانی تری ئەورووپای لە پێشکەوتنی سەرمایەداری و ئابووریدا بەجێ هێشتبوو.
وە سەرکردایەتی کردنی بۆ دۆزینەوە جوگرافیەکان و دەست بەسەرگراتنی داگیرگەکان(المستعمرات)، و فراوانی بازرگانی دەرەوەیان بوو بە هۆی کەڵەکەبوونی سامانێکی بێ شوومار و دەرکەوتنی چینێکی نوێی چالاک لە کۆمەڵدا،  ئەویش چینی بۆرجوازی (ناوەندی) بوو کە کەوتە هاندانی بزووتنەوەی ڕووناکبیری و کەمتەرخەمی لە ڕووناکبیرە ئازادیخوازەکان بۆ چەسپاندنی مافی خۆیان لە گەیشتنیان بە حوکم و ڕووخاندنی ڕژیمی دەرەبەگایەتی و ریبازە بیرکردنەوەکەی. مێژووناسان وا راهاتوون، بووژاندنەوەی ڕووناکبیری بە بزووتنەوەیەکی فەڕەنسی ڕووت دانێن، بەڵام لە ڕاستیدا فەرەنسییەکان سەرکردەی ئەم بزووتنەوەیە بوون ئەگینا تەنیا تایبەت نەبوو بە فەڕەنساوە، ( هیۆم و کیبۆن، لۆک) لە بەریتانیادا، (کانت و شیلر و گیتە) لە ئەڵمانیادا بەشێکن لەم بزووتنەوەیە کە (ڤۆلتێر و مۆنتیسکیۆ و ڕۆسۆ) لە فەڕانسادا نوێنەرانی بوون. بزووتنەوەی بووژانەوەی ڕووناکبیری بە سێ نیشانەی تایبەتەوە دەناسرێتەوە.
١- جیهانی بوون لە ڕواڵەتدا، وە بەوە دژایەتی ئەو بنەمایانەی دەکرد کە سیاسەتی سەدەی هەژدەیەمی لەسەر بەند بوو، وە بزووتنەوەی ئەدەبی لە دەوڵەتە ئەورووپییە جیاجیاکاندا دوور بوو لە شێوازی ناوچەیی تەسک.
٢- سیمایەکی مرۆڤایەتی هەبوو ئەم بیروباوەڕەش نەک پێش ئەم سەدەیە نەزانراو بوو بەڵکوو لەم کاتەدا فراوانتربوو. وە خەڵکی وا تەماشای ئایین و حکوومەت و یاساکانیان دەکرد کە چەند شتێکن لە  بەرژەوەندی مرۆڤ دانراون و بەهاکانیان بەوەوە بەندە.
٣- مۆرکێکی تایبەتی ڕەخنە و گاڵتە جاڕی توندی پێوە دیار بوو. سەرکردەکانی ڕەخنەیان لە باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری ئەو سەردەمە دەگرت و گاڵتەیان بەو خوو نەریتانە دەکرد کە خەڵکی بە ڕاستیان تێگەیشتبوون و لایان پیرۆز بوو، بەڵام لەگەڵ گیانی ئەو سەردەمەدا نەدەگونجان، وە زۆربەی  ڕەخنەکانیان ئاراستەی کڵێسە و حکوومەت و خراپەکانییان کردبوو

تعليقات