ئیسرائیل به‌نیازی هه‌ڵگیرساندنی شەڕێکی قورسە له‌گه‌ڵ ئێران

سێ به‌رپرسی ئه‌مه‌ریكی، كه‌ نه‌یانویستووه‌ ئاماژه‌ به‌ناویان بكرێت، به‌ تۆڕی میدیایی “ئێن بی سی ئه‌مه‌ریكی راگه‌یاندووه‌: “ئیسرائیل له‌ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ ئێف-١٥كانیه‌وه‌ پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی باكووری سووریایان بۆردومان كردووه‌”.
ئه‌و سێ به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ دووپاتیانكرده‌وه‌، “ئیسرائیل ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی گه‌رم له‌گه‌ڵ ئێران، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی هاوكاری ئه‌مه‌ریكا ده‌دات”، ئه‌و به‌رپرسانه‌ ئاماژه‌یان به‌ سه‌ردانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌ڤیگدۆر لیبرمان، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل بۆ ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌مریكا بۆ ئیسرائیل كردوه‌، كه‌ مه‌به‌ست لێی به‌هێزكردنی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازییه‌ بۆ لێدانی ئێران.
وه‌ك تۆڕی “ئێن بی سی” بڵاویكرده‌وه‌، مه‌به‌ست له‌و هێرشانه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ناو خاكی سووریا، بۆ له‌ناوبردنی كاروانێكی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی بوو، كه‌ بریتی بوو له‌ مووشه‌كی زه‌وی ـ ئاسمانی و چه‌ندین جۆری دیكه‌ی چه‌كی قورسی سه‌رده‌میانه‌، كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ هاورده‌ی سووریا كرابوون.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌، سایتی “تایمز ئۆف ئیسرائیل” بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌ی كوژراوانی ئه‌و هێرشانه‌ی كراونه‌ته‌ سه‌ر پێگه‌ سه‌ربازییه‌كانی سووریا، گه‌یشتۆته‌ ٤٠كه‌س، له‌ناویاندا ژماره‌یه‌ك پاسدار و میلیشیای ئێرانی هه‌بوون، له‌كاتێكدا ئێران ورده‌كاری ئه‌و هه‌واڵه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.
ئه‌و سایته‌ ئیسرائیلییه‌ ئاشكراشیكرد، له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا ته‌قینه‌وه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی حه‌ما روویداوه‌ و بومه‌له‌رزه‌یه‌كیش به‌ گوڕی ٢.٦پله‌ به‌گوێره‌ی پێوه‌ری رێخته‌ری به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.
كۆمپانیایه‌كی بۆشاییگه‌ری ئیسرائیلیش قه‌باره‌ی ئه‌و زیانانه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ به‌و بنكه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌یشتووه‌ و، له‌ چه‌ند وێنه‌یه‌كدا ده‌ركه‌وتووه‌، به‌لایه‌نی كه‌م ١٣بینایه‌ له‌ بنكه‌ی حه‌ما زیانی گه‌وره‌ی ماددیان پێگه‌یشتووه‌.
هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ی ئاسمانی تیفۆڕ له‌ پارێزگای حه‌مس له‌ ٩ی مانگی رابردوو، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ٧ پاسداری ئێرانی كوژران و، دواتریش هێرشه‌كه‌ی شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو بۆ‌ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی حه‌ما له‌ سووریا، گرژی نێوان ئێران و ئیسرائیلی زیاتر كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ته‌له‌ڤیڤ به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشانه‌دا رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌واڵانه‌ش ره‌تناكاته‌وه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتی ئیسرائیل له‌و هێرشانه‌دا ده‌كه‌نه‌وه‌.

k24

No comments:

Post a Comment