ئەمریکا نوێنەری حزبوڵا لە ئێران و پێنج کۆمپانیای دیکەی سزا دا

 ئەمریکا نوێنەری حزبوڵا لە ئێران و پێنج کۆمپانیای دیکەی سزا دا  .



وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە درێژەی گەمارۆ و سزاکانی سەر ئێران و گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە، دوو ئەندامی حزبوڵای لوبنان و پێنج کۆمپانیا و دامەزراوەی پەیوەندیدار بەو گرووپەی سزا دا.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە عەبدوڵا سەفیەدین، نوێنەری حزبوڵا لە ئێران و محەمەد ئیبراهیم‌بازی، یەکێک لە دابینکەرانی داراییەکانی حزبوڵای سزا داوە. بەپێی هەمان ڕاپۆرت پێنج کۆمپانیای سەر بە محەمەد ئیبراهیم‌بازی و حزبوڵای لوبنانیش گەمارۆیان خراوەتە سەر.

بەپێی هەمان سەرچاوە ئەو کۆمپانیایانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر، بریتین لە "خزمەتگوزاریی وزە لە بەلجیکا، کۆمپانیای نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە گامبیا، کۆمپانیای سەرمایەدانانی ئەفریقا – ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵکەوتوو لە لوبنان و کۆمپانیایەکی هەناردە و هاوردە لە لوبنان".

لەمبارەوە ئەستیۆن منوچێن، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕای گەیاندووە: "حکوومەتی ئەمریکا لە هەر دەرفەتێکدا تۆڕ و ڕایەڵەکانی تیرۆری حزبوڵا و ئێران، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە بانکی ناوەندیی ئێرانەوە هەیە، لەقاو دەدات و بە سزادانیان چالاکییەکانیان پەک دەخات.

لە دوای بڕیای هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران، ئەمریکا گەڕێکی نوێی گوشار، سزا و گەمارۆ سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ سەر کەسایەتییە ئێرانییەکان حزبوڵای لوبنان و کۆمپانیاکانی سەر حزبوڵا و سوپای پاسداران دەست پێ کردووە.

باسنیوز

تعليقات