ئیگۆر سوبۆتین نووسەرێكی ناوداری رووسیا دەڵێ یەكەم جارە ئێران لەنێو
عێراقدا رووبەرووی بەرهەڵستی هێزێكی كاریگەری شیعی دەبێتەوە، ئاماژەش بەوە
دەكات كەناڵێكی پەیوەندی لەنێوان لیستی سائیرون و واشنتۆن كراوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە سوبۆتین وتارێكی لە رۆژنامەی (نیزاڤیزیمایا گازێتا)ی
رووسی بەناونیشانی (سەرهەڵدانی بەرهەڵستی شیعی بۆ هەژموونی ئێران لە
عێراقدا) بڵاو كردووەتەوە، تیایدا باسی لەوە كردووە موقتەدا سەدر
بەسەركردایەتی لیستی (سائیرون)ی یەكەمی عێراق لەگەڵ واشنتۆندا خەریكی
وتوێژن لەسەر چارەنووسی هەژموونی ئێران لەنێو خاكی عێراقدا.
نووسەرە رووسیەكە بەدووری نازانێ واشنتۆن هەوڵ بدات موقتەدا سەدر لە
شەڕەكەیدا دژی تاران بەكاربێنێ، بەتایبەتی كە سەدر لەخۆیەوە ئامادەییەكی
تەواوی تێدایە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە لە دژی ئێران.
سوبۆتین دەڵێ ئەمریكا ئەم مێژووەی بەلاوە گرنگ نیە كە سەدر شەڕی
هێزەكانی ئەمریكای كردووە لە عێراق، بەتایبەتی كە راپەڕینەی چەكدارییەكەی
لە ٢٠٠٣دا بەڕێوەبرد.
نووسەرە رووسیەكە سەردانەكەی ساڵی رابردووی موقتەدا سەدری بۆ سعوودیە
بەبیر هێنایەوە، كە لەوساوە لەلایەن ناحەزەكانیەوە لە عێراق نازناوی
(موقتەدا ئال سعوود)ی پێوەنرا، هەروەها سەردانی ئیماراتیشی كردبوو. لەم
رووەوە وا لێكدرایەوە كە سعوودیە و ئیمارات دەیانەوێ لە ڕێگەی موقتەدا
سەدرەوە هەژموونی كەنداو لە عێراق بەهێز بكەن، ئێستەش لە دوای ئەنجامەكانی
هەڵبژاردن، ئەوەی دەبیندرێ شەپۆڵێكە بۆ لاوازكردنی هەژموونی ئێران و
بەهێزكردنی هەژموونی عەرەبی و ئەمریكی لە عێراق.
Comments
Post a Comment