.نزیكه‌ى٣٠ ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌ترسى فشاره‌كانى ئێران مۆبایله‌كانیان داخستووه
وه‌زیرێكى عێراقی، كه له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ١٢ى ئایارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، سه‌ركه‌وتوو بووه، ئاشكراى كرد، ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاره سه‌ركه‌وتووه‌كان، به‌غدا و ناوچه‌كانى خۆیان به فشارى ٤له به‌رپرسه باڵاكانى ئێران جێهێشتووه و زیاتر له ٣٠ كاندیدی تر‌ى سه‌ركه‌وتوو، بۆ خۆدزینه‌وه له ئێران مۆبایله‌كانیان داخستووه.
وه‌زیره‌كه به ڕۆژنامه‌ى (عه‌ره‌بى جه‌دید)ى ڕاگه‌یاندووه، نزیكه‌ى ٣٠ كاندیدی سه‌ركه‌وتوو به‌هۆى فشاره‌كانى ئێران ، مۆبایله‌كانیان داخستووه و شوێنى نیشته‌جێبوونیشیان گۆڕیوه.
ئه‌و وه‌زیره سه‌ركه‌وتووه بۆ په‌رله‌مانى عێراق، كه نه‌یویستووه ناوى ئاشكرا بكرێت، به ڕۆژنامه‌كه‌ى گوتووه: "یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ى ئێران كه به‌به‌رده‌وامى فشار ده‌كات، قاسم سلێمانی، فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودسه، هه‌روه‌ها مه‌حموود شاهروودی، كه‌سایه‌تی شیعه له ئێران و ئیره‌ج مه‌سجدی، باڵیۆزى تاران له به‌غدا، له‌گه‌ڵ عه‌لى ڕه‌زا ئازادى، فه‌رمانده‌ى باڵا له فه‌یله‌قى قودس".
ڕوونیشی كرده‌وه، كه ده‌یانه‌وێت هاوپه‌یمانێتییه‌كان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه یان ژماره‌ى ئه‌ندامانیان كه‌م بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانن به ئاسانى گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانى پێكبهێنن.
باسى له‌وه‌ش كردووه، كه ئێران پێكهێنانى كابینه‌ى نوێی حكوومه‌ت وه‌كو جه‌نگێك وێنا ده‌كات و ده‌یه‌وێت ئه‌جینداى خۆى بسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ش واده‌كات پێكهێنانى حكوومه‌ت نزیك نه‌بێت، گوتیشی: "هاوپه‌یمانێتى نه‌سڕ به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی، به‌تایبه‌ت حزبى فه‌زیڵه و ڕه‌وتى چاكسازیی و پێكهاته‌ى توركمانى شیعه، له‌ژێر فشارێكى زۆرى ئێراندان بۆ ئه‌وه‌ى كاندیده سه‌ركه‌وتووه‌كانیان له هاوپه‌یمانێتییه‌كه بكشێننه‌وه و تێكه‌ڵ به هاوپه‌یمانێتى فه‌تح به‌سه‌رۆكایه‌تی هادى عامرى ببن".
هاوكات به‌پێی زانیارییه‌كانى ئه‌و وه‌زیره، ئێران فشارى خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و لایه‌نه كوردستانییانه‌ى نزیكن له تاران بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ عه‌بادی هاوپه‌یمانێتی پێكنه‌هێنن و بچنه لیسته‌كه‌ى عامرییه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ڵێنى پێدانى پۆست و وه‌زاره‌تى گرنگى داوه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ لایه‌نێكى سوننه‌ش گفتوگۆ كراوه.
Comments
Post a Comment