توركیا و ئیسرائیل لەبنەوە په‌یوه‌ندیی ئابووری خۆیان بەرەو پێش دەبەن

توركیا و ئیسرائیل لەبنەوە په‌یوه‌ندیی ئابووری بەره‌و پێش ده‌بەن و له‌سه‌ره‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ لێک ده‌كه‌ن.

هاووڵاتییانی فه‌له‌ستین دژی گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانەی ئه‌مەریكا بۆ قودس ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و له‌ ئه‌نجامدا زیاتر له‌ ٦٠ فه‌له‌ستینی كوژراون. توركیا وه‌كوو وڵاتێكی ئیسلامی به‌توندی دژی ئیسرائیل وه‌ستایه‌وه‌ و به‌ (تیرۆریست)ی چواند، ئیسرائیلیش بێ وه‌ڵام نه‌بوو و سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌ردۆغانی به‌ كوشتنی كوردان تۆمه‌تبار كرد.
ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا، لەڕێگه‌ی ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ به‌ توندی سەرکۆنەی ئیسرائیلی كرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هاووڵاتییانی فه‌له‌ستینی، هه‌روه‌ها باڵوێزی ئیسرائیلیشی له‌ توركیا ده‌ركرد و ئیسرائیلیش به‌ نیازه‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی هه‌بێت و ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل له‌ میدیاكانی وڵاتی خۆیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات.
به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ناكۆكییانه‌ نه‌یتوانیوه‌ په‌یوه‌ندیی ئابووریی نێوان ئه‌و ٢ وڵاته‌ سست بكەن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نین له‌سه‌ر كێشه‌ی سیاسی په‌یوه‌ندیی ئابووری له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بپچڕێنن.
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌زگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٧ ئیسرائیل به‌ رێژه‌ی ٣٨ ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می كشتوكاڵی هەناردەی توركیا كردووه‌. هه‌روه‌ها توركیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌و ساڵه‌دا به‌ رێژه‌ی ٣٧ ملیۆن دۆلار به‌رهه‌می گشتوكاڵی هەناردەی ئیسرائیل كردووه‌.
له‌ ساڵی ٢٠١٧ـدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌ نێوان توركیا و ئیسرائیلدا ٤.٩ ملیار دۆلار بووه‌، هه‌روه‌ها توركیا له‌ ریزبه‌ندی ٢١ە‌مین وڵاته‌ له‌ لای ئیسرائیل بۆ ئاڵووێری بازرگانی.
هه‌ر له‌ ساڵی ٢٠١٧ توركیا به‌ رێژه‌ی ٣.٤١ ملیار دۆلار به‌رهه‌می هەنارده‌ی ئیسرائیل كردووه‌، به‌ڵام ئیسرائیل ١،٥١ ملیار دۆلار به‌رهه‌می هەنارده‌ی توركیا كردووە، کۆی گشتی نزیكه‌ی ٥ ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌.
زۆربه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی توركیا هەنارده‌ی ئیسرائیلی ده‌كات پیشه‌سازیین وه‌كوو (كێبڵ، خشڵ، پلاستیك، سیرامیك و كه‌لوپه‌لی سپی، چیمه‌نتۆ، ئاسن و به‌رهه‌می كشتوكاڵی).
ماڵپه‌ڕی (بی بی سی)ـی توركی ئاشكرای ده‌كات، هه‌ردوو وڵات به‌نیازن له‌مساڵدا په‌یوه‌ندیی ئابووریی خۆیان زیاتر بره‌و پێ بده‌ن، به‌تایبه‌ت له ‌رووی گازی سروشتییه‌وه‌.
ئیسرائیل ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی توركیاوه‌ غازی سرووشتیی خۆی هەنارده‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بكات، توركیایش گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا كردووه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە. جگه‌ له‌وه‌ش توركیا بۆ خۆی پێویستی زۆری به‌ غازی سروشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێته‌ كڕیاری غازی سروشتیی ئیسرائیل.
ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌به‌رده‌م میدیاكانی جیهان و گه‌لی خۆیان، زۆرترین دژایه‌تیی یه‌كتری ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ژێره‌وه‌ په‌یوه‌ندیی ئابووریی خۆیان زیاتر بەره‌و پێش دەبەن. ته‌نانه‌ت لەڕووی كه‌رتی سه‌ربازییشه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی ئه‌و دوو وڵاته‌ كۆنه‌ و توركیا بۆ چه‌ندین كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی پشتی به‌ ئیسرائیل به‌ستووه‌.
كه‌مال كلیچدارئۆغلو، سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌، پارساڵ له‌ میتینگێكی پارته‌كه‌یدا له‌ناو په‌رله‌مانی توركیا دژی ئه‌ردۆغان قسه‌ی كرد و گوتی: “ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌یت دژی ئیسرائیلیت و خه‌می گه‌لی فه‌له‌ستینته‌، بۆ هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كی ئابوورییەکانی خۆت له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ناپچڕێنی؟ كه‌ نایكه‌یت كه‌واته‌ تۆ خه‌می گه‌لی فه‌له‌ستینت نییه‌”.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌داهاتوودا په‌یوه‌ندیی سیاسیی نێوان توركیا و ئیسرائیل به‌ره‌و خراپی بڕوات، به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ خراپ بێت، وه‌كوو ئه‌وه‌ی ماڵپه‌ڕی (بی بی سی)ـی توركی ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌، كاریگه‌ریی خراپی بۆ سه‌ر په‌یوه‌ندیی ئابووریی ئه‌و ٢وڵاته‌ نابێت.

Comments