یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و شیعەکان هاوپەیمانی دەکات

 ڕۆژنامەیەکی قەتەڕی: یەکێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی و شیعەکان هاوپەیمانی دەکات

ڕۆژنامەیەکی قەتەری، بڵاوی کردووەتەوە، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ لای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، کێبڕکێیانە بۆ سەردانیکردنی کوردستان، ئاشکراشی دەکات، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ لایەنە نزیکەکان لە ئێران، ھاوپەیمانی دەبەستێت.

ڕۆژنامەی (عەرەبی جەدید) لە ڕاپۆرتێکیدا لەبارەی گفتوگۆ و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، بڵاویکردووەتەوە، کە: "بریت ماکگۆرک، نێردەی ئەمریکا بۆ لای ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش دوای زنجیرەیەک لە کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان بە سوننە و شیعەوە، ڕووی کردە ھەولێر".

ھاوکات قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، کە سەرپەرشتیاری دۆسییەی عێراقە لە ئێران، چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە شیعەکان و سەرکردەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی، ئەنجام داوە، ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکە پێشبینیش دەکات، بەم نزیکانە، سولەیمانی سەردانی شاری سلێمانی بکات و چاوی بەسەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بکەوێت.

ئەوەشی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوکردووەتەوە، کە ئێران لەڕێگەی قاسم سولەیمانییەوە کاردەکات لەسەر یەکخستنەوەی ھەردوو باڵەکەی نێو حزبی دەعوە، (لیستی نەسڕ/ حەیدەر عەبادی) و (لیستی دەوڵەتی یاسا/ نووری مالیکی) و، پاشان لەگەڵ (لیستی فەتح)، کە لە گرووپەکانی میلیشیای حەشدی شەعبی بەسەرۆکایەیتی ھادی عامری  پێکھاتووە و ھەروەھا (لیستی حیکمە) بەسەرۆکایەتی عەممار حەکیم، یەکیان دەخات.


ئاماژەی بەوەش داوە، کە دواتریش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیوەندیی بەو ھاوپەیمانێتییەوە دەکات، بەوەش گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، پێک دەھێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی ئایاری ٢٠١٨، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کە بەپێی ئەنجامە ڕاگەیاندراوەکان، تائێستا هاوپەیمانێتییەکەی (سائیروون) براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، دەستێوەردانی دەرەکی ڕەت کردەوە.

No comments:

Post a Comment