چالاكوانه سوورییه‌كان، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ٢٦/ ٠٥/ ٢٠١٨ له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییان بڵاو كرده‌وه، كه تێیدا كوژرانى چوار گه‌نجی كوردی په‌نابه‌ر و برینداربوونى ژماره‌یه‌كی تر‌ى كوردانى ڕۆژئاواى كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستى په‌نابه‌ره سوورییه عه‌ره‌به‌كان، له دوورگه‌ى میتیلینی یۆنانى، ده‌رده‌كه‌وێت.
گرته ڤیدیۆییه‌كه كه چالاكوانه‌كان له فه‌یسبووك بڵاویان كردووه‌ته‌وه، تێیدا ته‌رمى چوار گه‌نجه كورده‌كه و ژماره‌یه‌ك بریندار ده‌رده‌كه‌وێت، هاوكات په‌نابه‌ره عه‌ره‌به‌كانى ناوچه‌ى «دێر ئه‌لزۆر»ى سووریا، شانازى به‌كوشتنى ئه‌و چوار هاووڵاتییه كورده‌وه ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌كه‌ش، پارچه‌یه‌ك ئاسنگ یان دارێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه.
به‌پێی چالاكوانه‌كان، دروستبوونى شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه بووه، كه: «گه‌نجه كورده‌كان به‌ڕۆژ نه‌بوون و ئه‌وانیش به «كافر و مولحید و ئینفیساڵى» ناویان بردوون».
به‌ڵام چالاكوانه عه‌ره‌به سوورییه‌كان ئه‌وه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن گوایه له‌سه‌ر شوێنى مانه‌وه و هاوكارییه‌كان بووه و په‌یوه‌ندیی به‌لایه‌نى ئاینییه‌وه نه‌بووه.
به‌هۆى شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانى سووریاوه، به‌ملیۆنان هاووڵاتى سوورى، كه له‌نێویاندا كورد هه‌یه، به‌ره‌و وڵاتانى ئه‌ورووپا، كۆچیان كرد و به‌شێكیان له یۆنان گیریان خواردووه.
Comments
Post a Comment