بەشی دەیەمی جوگرافیا: ئاراستەکان.

دەتوانین ئاڕاستەی باکوور لە شەوێکی ساماڵدا بدۆزینەوە، چونکە لە شەوی وادا ئەستێرەکان بە باشی، دەبینرێن. ئەو ئەستێرە گەشەی کەوتووەتە دامێنی کلکەی حەوتەوانە بچکۆڵەوە(الدب الاصغر) ئەوە ئەستێرە گەشەیە.

بەشی دەیەمی جوگرافیا: ئارستەکان.
چوار قۆڵی زانراو هەیە: باکوور یەکێکیانە و پێچەوانەکەشی باشوورە ڕۆژهەڵاتیش پێچەوانەکەی ڕۆژئاوایە. ئەگەر یەکێک لەم ئاڕاستانە بزانین ئەوانیترمان بۆ دەدۆزرێتەوە. چونکە ئەگەر بەرەو ڕووی باکوور بووەستین باشوور دەکوێتە پشتمانەوە و دەستی ڕاستمان دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵات و دەستی چەپیشمان ڕۆژئاوا نیشاندەدات. بەم چوار قۆڵانەش دەگوترێت، چوار ئاڕاستە سەرەکییەکان، جگە لەوانە لقەقۆڵی تریش هەن کەوتوونەتە نێوان قۆڵە سەرەکییەکانەوە(وەکوو لەم وێنەیەدا دیاری کراوە).
لەسەر نەخشەکان، لە قەراغێکەوە، نیشانەیەک دەکێشرێت کە ئاڕاستە سەرەکییەکان نیشان دەدات، دوو تیری یەکتربڕ 
دەکێشرێن و لە بەر نووکی هەر تیرێکیاندا ئەو قۆڵە دەنووسرێت کە دەینوێنێت، یان تەنیا تیرێک ڕوولە باکوور دەکێشرێت و لە سەر نووکەکەی دەنووسرێت (باکوور) و لەوانەیە ئەوەی لێ دەنووسرێت چونکە لە هەموو نەخشەکەدا ئەو تیرە تەنها ئاراستەی باکوورە. لەوانەشە هەندێ نەخشە هیچ نیشانەیەکیشی نەبێت کە هەر چوار ئاراستەکان یان باکوو نیشان بدات، لەم بارەدا سەرەوەی نەخشەکە قۆڵی باکوور دەنوێنێت و ئەو لایەشی کە کەوتووتە شانی ڕاستمان ڕۆژهەڵاتە و بەو جۆرە لایەکانی تریش ئاشکرایە.
جا بۆ ئەوەی سوود لە نەخشە وەربگرین پێوسیتە ئاڕاستە سەرەکییەکان و ئاڕاستەکانی تریش شارەزاببین. چەند ڕێگایەکیش هەن کە بە هۆیانەوە لەسەر زەوی ئاڕاستەکانی پێ دەوۆزینەوە، ئەمانەن:

(یەکەم) بە هۆی قیبلەنماوە:
چونکە دەرزییە موگناتیسی یەکەی هەمیشە ڕووی لە باکوورە، ئێمەش نیشانەی باکووری سەر نەخشەکە لەگەڵ نووکی باکووری یەکەی قیبلەنماکەدا جووت دەکەین.
(دووەم) بە هۆی سێبەری داردەستێکەوە:

ئەم جۆرەیان لە کاتی نیوەڕۆدا دەبێت واتا (کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ). دارەکە بە شێوەیەکی ئەستوونی دەچەقێنرێتە زەوییەکە و لەو کاتەدا سەرنجی سێبەرەکەی دەدرێت کە ئاسایی ڕووی لە باکوورە چونکە ئێمە لە نیوەکەی باکووری گۆی زەویین و (لە باکووری خولگەی قڕژاڵ ڕاوستاوین). ئەستوونیی ڕۆژیش لەم نیوەگۆیەدا لە هیچ کاتێکدا لە سەر هێڵی خولگەی قڕژاڵ تێناپەڕێت و بە جێی ناهێڵێت. لەبەر ئەوە دارەکە سێبەرێک لەسەر زەوییەکە دەکات کە لە بەرایی ڕۆژ و دوادوایی ڕۆژدا درێژ دەبێتەوە. ئەو سێبەرە لە نیوەڕۆی(٢١ی) حوزەیراندا دەگاتە ئەوپەڕی کورتیی(سەیری وێنەکە بکە). بەڵام لە نیوەکەی باشووری گۆی زەویدا سێبەری دارێک بە پێچەوانەی ئەوەوە ڕوودەکاتە باشوور و لە (٢١)ی کانوونی یەکەمدا دەداتە ئەوپەڕی کورتیی.
(سێیەم) بە هۆی ئەستێرە گەشەوە:
دەتوانین ئاڕاستەی باکوور لە شەوێکی ساماڵدا بدۆزینەوە، چونکە لە شەوی وادا ئەستێرەکان بە باشی، دەبینرێن. ئەو ئەستێرە 
گەشەی کەوتووەتە دامێنی کلکەی حەوتەوانە بچکۆڵەوە(الدب الاصغر) ئەوە ئەستێرە گەشەیە و لە ئاسماندا جێگەی خۆی ناگۆڕێت چونکە بە ئەستوونی بەسەر بەستەڵەکی(قوتبی)باکووری زەویندا وەستاوە.
دەشتوانین بە هۆی سەرنجدانی کۆمەڵەی حەوتەوانە گەورەکەوە (الدب الاکبر)، بدۆزینەوە، کە لە بەردەم ئەم کۆمەڵەیەدا دوو ئەستێرە هەن پێیان دەگوترێت (المشیران) کە ئەگەر هێڵێکی خەیاڵکرد لە نێوان ئەم دوو ئەستێرەیەدا بکێشین کلکەی ئەم هێڵە ئەستێرە گەشە نیشاندەدات، ئەستێرە گەشە ئەستێرەیەکی پڕشنگدارە بەسەر بەستەڵەکی(قوتبی) باکوورەوە دەبینرێ(سەیری وێنەکەی بکە):

تعليقات