گۆڕان خۆی بۆ شەڕی چەکداری لەگەڵ یەکێتی ئامادە دەکات

 گۆڕان خۆی بۆ شەڕی چەکداری لەگەڵ یەکێتی ئامادە دەکات.
پەیوەندیی گۆڕان و یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی و بەھۆی ئەو ھێرشەی لە شەوی ھەڵبژاردن بە گوتەی تەلەڤزیۆنی  "کەی ئێن ئێن" گۆڕان و زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان لەلایەن ھێزێکی سەر بە لاھوور جەنگییەوە کرایە سەر گردی زەرگەتەی بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئێستا لەلایەن گۆڕانەوە دەست بە ناونووسینی ئەو گەنجانە کراوە کە ئامادەن وەکوو ھێزێکی چەکدار پارێزگاری لە گۆڕان بکەن، ھەڕەشەی ئەوەشن دەکەن کە جگە لە ھەڵبژاردن ڕێگەی دیکەشیان ھەیە بۆ گۆڕانکاری. 

بەپێی زانیارییەکانی (باس)، لەدوای ھێرشە چەکدارییەکەی شەوی ھەڵبژاردن، کە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و لەناو یەکێتییشدا لاھوور جەنگی بەو پەلاماردانەی تۆمەتبار کرد، ئێستا لە مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان دەست کراوە بە ناونووسیی ئەو کەس و گەنجانەی کە ئامادەن بە شێوەی چەکداری پشتیوانی لە بزووتنەوەی گۆڕان بکەن.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لەلایەن باڵێکی توندی گۆڕانەوە کە نزیکن لە قادری حاجی عەلی، لە چەمچەماڵ و سلێمانی دەست کراوە بە ناونووسینی ئەو گەنجانەی کە ئامادەییان بۆ چەک ھەڵگرتن بۆ بزووتنەوەی گۆڕان نیشان داوە.
بەپێی لێدوانی ھەڵسووڕاوان و بەرپرسانی گۆڕان، ئەو ھێرشەی سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ھێزە چەکدارەکانی سەر بە لاھوور جەنگی و بەرپرسی یەکەی حەفتای یەکێتی، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەنجام دراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو ھێرشەی کە کرایە سەر بارەگا سەرەکییەکەیان لە سلێمانی، راستەوخۆ پەنجەی تۆمەتی بۆ یەکێتی درێژ کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە چەکدارەکانی یەکێتی بەو چەکانەی کە دەبوو بەرگری لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بکەن پەلاماری مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان داوە.

رۆژنامەنووسی گۆڕان، محەمەد رەئوف لە نووسینێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بەناوی (کێ ھێرشی کردە سەر گردی زەرگەتە؟) بابەتەکەی بۆ دەمەقاڵێی نێوان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەکەی (٧٠)ی یەکێتی لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان گەڕاندووەتەوە کە دواتر بەوھۆیەوە ھێرش کراوەتە سەر مەکۆی سەرەکیی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی سلێمانی.

بەڵام سەبارەت بەو تۆمەتبارکردنەیان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بەرپرسی یەکەی ٧٠ی ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی و (دەنگی ئەمەریکا)ی راگەیاندووە: « ئەوان لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون لەگەڵ دوو پێشمەرگەدا و لەڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە کە بەنزیک گردی زەرگەتەدا ویستویەتی بگەڕێتەوە، لەرێگە ویستوویەتی لەگەڵ کاک عومەری سەید عەلی گفتوگۆ بکات بەڵام تەلەفۆنەکەی عومەر سەید عەلی بە قادری حاجی عەلی دراوە”. 

ئاشکراشی کردووە: «لەو پەیوەندییەیدا لەگەڵ قادری حاجی عەلی گرژییەک دروست بوو، کەوتینە قسەکردن تا گەیشتە ئەوەی تەحەدام بکات منیش پێم وت لە کوێی؟ وتی: لە ‌گردەکەم ئەگەر ئازای وەرە، منیش چووم، ھەر کە گەیشتینە گردەکە بەبێ ئەوەی ئێمە ھیچ بکەین وەک باران گوللە باری بەسەرماندا، ئۆتۆمبێلەکەی خۆم پێنج گوللەی پێوەیە ٣ گوللەی بەوشوێنەوەیە کە منی لێ دانیشتبووم، پێشمەرگەش لەو ناوە نزیک بوون ھاتن”.

لەبارەی (قادر حاجی عەلی)یەوە جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: «قادر حاجی عەلی یەکێکە لەو کەسانەی زۆربەی ھەرە زۆری کێشە و ئاژاوەکان کە لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری ڕوو دەدەن ئەو لەپشتی ھەموو نەوەیە، ھەروەھا لەپشتی ئەو پەلامارانەشەوە بوو کە کراوەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بڕیاری ڕفاندنیشیان دراوە، لە گەرمیان توانیان دوو سندوقی دەنگدان بڕفێنن، ئەوە بوو دواتر گێڕدرانەوە».
ئەو تۆمەتەشی ئاراستەی گۆڕان کردووە کە زانیارییان ھەبووە گۆڕان بەنیازی ڕفاندنی سندوقەکانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بووە.

بەڵام، عەدنان عوسمان ھەڵسووڕاوی گۆڕان، ھەر شەوی ھەڵبژاردن و ھێرشەکەی یەکێتی بۆ سەر مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی دوای بانگەوازی  ئەوەی کە ھەڵسووڕاوانی گۆڕان بە چەکەوە بێنە گردەکە، نووسیویەتی: “ئەوەی ویستی ھێرش بکاتە سەر گردەکە و بە سەرشۆڕی رایکرد، ھەر ئەو سەرکردە چەتەیەیە کە لە کەرکووک پێشمەرگەکانی بەجێ ھێشت، ئەم چەتە فشەکەرە ترسنۆکە ئەمشەو ئیرادەی گۆڕانخوازانی بە چاوی خۆی بینی“.

ھاوکات، محەمەد عەلی، ڕێکخەری ژووری توێژینەوەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕان، ھەر لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا نووسیویەتی: ”پیاوی دۆڕاو، بێ شەھامەت و بچووک، فەرماندەی بەزیو، پەلاماری گردی گۆڕان مەدە، کەمێک شەرمت ھەبێت و حەیای لەکیسچووی ١٦ی ئۆکتۆبەرت بەدەست بھێنەوە“.

لای خۆشیانەوە، شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە: «ئەو ھێرشە لەلایەن ھێزە بەزیوە خاک فرۆشەکانەوە کراوەتە سەریان «.

گوتوشیەتی: «ئەو ھێرشە لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کراوەتە سەر مەکۆی سەرەکیی بزووتەنەوەکەمان کە ویستیان بەم ھێرشە سازش لەسەر دزینی دەنگی دەنگدەران بکەین».

سەبارەت بە دروستکردنی ھێزی چەکدارییش، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ڕای گەیاند: ”سێ ساڵە داوا دەکەم ھێزێکی خۆمان ھەبێت بە شێوەی خۆبەخش یان ڕێکخستنەوەی چەکدارەکانمان بێت لەنێو ھێزی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی خۆمان“.
عەبدوڵای کوێخا موبارەک نایشارێتەوە کە دەبێ گۆڕان ھێزێکی بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی ھەبێت و دەڵێت: ”بەردەوام بیرم لای ئەوەیە کە ھێزێک ھەبێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خۆمان بکەین“.

کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو ھەڵبژاردنە ساختەکاریی بە بەرنامەی تێیدا کراوە و وڵاتانی ئیقلیمی و ناوەند دەستیان تیایدا ھەبووە، گوتیشی: ”بەھۆی حەکیمی و پشوودرێژیی سەرکردەکانی ئێمەوە توانیمان شەوی ھەڵبژاردن، گۆڕانخوازان و ھەڵسووڕاوان و پشتیوانانی گۆڕان ھێمن بکەینەوە، کە وەکوو ئەوان ھەڵنەکوتنە سەر بارەگاکانی یەکێتی، ئەگەر نا ئەوە کارەساتی زۆر گەورە لە سلێمانی رووی دەدا و ئێستا یەکێتی لەودیوی دێگەڵەوە بوو، بەڵام ئێمە خەڵکەکەمان ئارام کردەوە و نەمانھێشت لە سلێمانی کارەسات روو بدات، ئەگەرنا خەڵک ھەمووی خۆی بەستبوو و چەکی ھێنابوو، سەرکرەکانی گۆڕان داوایان لێ کردن کە دان بە خۆیاندا بگرن، ھیوادارین ئەو دۆخە بەردەوام نەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە رۆژێک لە رۆژان روو نەدات“.

ھاوکات، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”ئەوەی کە کراوە ئاشکرایە میلیشیاکانی یەکێتی بوون، چونکە ھەموو کەس دەزانیت لە سلێمانی کێ دەسەڵات و ھێزی ھەیە، لە چەند ڕۆژی ئایندەشدا گۆڕان ناسنامەی ھەموویان ئاشکرا دەکات و دەیاندەینە دادگا، ئەوە بەسەریانەوە ناچێت“.

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە دوو ھۆکار ھەبووە بۆ ھێرشەکە، یەکەمیان کۆبوونەوەی چوار لایەنەکە لە گردەکە ھەبوو، بۆیە ئەم  پەلاماردانە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچێتە چوارچێوەی کودەتاوە، دووەم بۆ ئەوە بوو کە پەلاماری کەناڵی (ک ن ن) و دۆخەکە بدەن، تا فۆکس لەسەر ساختەکارییەکان کەم بێتەوە و ساختەکارییەکانیان بۆ بچێتە سەر.

لای خۆشیانەوە، رێواس فایەق، پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو دەنگانەی یەکێتی ھێناویەتی چاوەڕوانکراو بووە، دوای ئەوەی تاکتیکێکی نوێی و شێوازی سەرکەوتوویان بۆ دەنگە ناڕازییەکان بەکار ھێناوە، گوتیشی: ”یەکێتی جورئەتی ئەوەی کرد، کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە ھۆڵە داخراوەکان دەربھێنێت، ئەوە نیشانەی ھەستانەوەی یەکێتی بووە، کە ئەوانی دیکە ئەو جورئەتەیان نەبوو“.

ئاماژەی بەوەش دا، جەماوەری گۆڕان و سەرکردایەتییەکەی بەشێکی دانەبڕاوە لە یەکێتی، ئەوەی ئێستا ھەڵچوونێک ھەیە لەلایەن گۆڕانەوە ئەو سروشتییە، گوتیشی: ”گۆڕان خۆی دەیزانی ئەوەندە دەنگ دەھێنێت و دیراسەی ھەبووە، ھێزەکانی دیکەش دەیانزانی، کە ئەوانیش دیراسەیان ھەبوو، کە زەرەرمەندترین ھێزی سیاسی لەم ھەڵبژاردنەدا گۆڕان دەبێت، چونکە پێشتر دەنگی خۆڵەمێشی و ناڕازیی دەبرد، ئەمجارە دوو ھێزی دیکە دروست بوون بۆ بردنی دەنگی خەڵکی ناڕازی، زۆریش دەنگی نەدا و بایکۆتی کرد، یەکێتی لە تەکنیکی ئەوە سەرکەوتوو بوو، کە ھەموو دەنگدەرەکانی خۆمان کە ئەندام و لایەنگر و دۆستی یەکێتی بوون توانیمان ھەر ھەموویان ببەینە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەوەش لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و سەردانیکردنەوە بووە“.

ئاماژەی بەوەش دا، گۆڕان ھێزی چەکدار دروست ناکات، چونکە دروشمی گۆڕان ئەوەیە کە دژی ھێزی چەکداریی حزبییە، گوتی: ”لەناو گۆڕان و یەکێتی خەڵکی ھۆشمەند زۆرە و ئەو دۆخە چارەسەر دەکەن کە رووی داوە“.

No comments:

Post a Comment