مامۆستایەکی زانکۆ لە پارێزگای سلێمانی بەڵگەیەکی نوێی لە سەر تێرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کردەوە

مامۆستایەکی زانکۆ لە پارێزگای سلێمانی بەڵگەیەکی نوێی لە سەر تێرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو کردەوە.

شەریف هەژاری، مامۆستایی زانکۆ لە پارێزگای سلێمانی بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی ماڵپەڕی “کوردستان میدیا”وە بەڵگەیەکی نوێ لەبارەی کەیسی تێرۆری دوکتور قاسملوو بڵاو دەکاتەوە.
ئەم بەڵگەیە هەڵوێستی دەوڵەتی ئەوکاتی ئامریکا بە نیسبەت تێرۆری دوکتور قاسملوو نیشان دەدات کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ دەوڵەتی ئۆتریش نێردراوە.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریكا له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا به‌ ده‌وڵه‌تی ئۆتریشی ڕا‌گه‌یاندووە: “به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و باوه‌ڕپێكراو له‌ به‌رده‌ستدان كه‌ دەیسەلمێنێ حكوومه‌تی ئێران و، باڵوێزخانه‌ی ئێران له‌ ئۆتریش، به‌و تیرۆركارییه‌ ناپه‌سه‌نده‌ تێوه‌ گلاون و گومان لێكراوه‌كانیش هه‌ڵگری پاسپۆرتی دیپلۆماسیی ئێرانن.”
به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریكا‌، له‌ ٢٢ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٨٩ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆتریشەوه‌، بۆ وه‌زاره‌تی دادی ئۆتریش، نێردراوه‌.
شەریف هەژاری کە نوسخەیەک لەم بەڵگەنامەی لە ئه‌رشیڤی خۆی بۆ “کوردستان میدیا” ناردووە، دەڵێت: ” ئه‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ وچه‌ندینیتر، له‌ مانگی ده‌ی ساڵی ١٩٩٧ له‌ ئه‌رشیڤی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا، تایبه‌ت به‌ كه‌یسی (تیرۆری د.قاسملو) ، له‌ لایه‌ن كوردناسێكی ئه‌ورووپاییەوە كۆپی كراون و هه‌ڵگیراون. پاشان (من: شه‌ریف هه‌ژاری) داوای به‌ڵگه‌نامه‌كانم لێ كردووه‌ و، به‌و پێیه‌ی كوردناسه‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كورد كردووه‌ و منیش چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنیی بریتانیام له‌سه‌ر كورد و ده‌سنوسی سه‌ركرده‌كانی كورد (به‌تایبه‌ت هی ئەوانەی خۆرهه‌ڵات) به‌و كوردناسه‌ داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ توانیومە ئه‌م بەڵگەنامەیە و چەندان به‌ڵگه‌نامەی تر له‌ كوردناسه‌ ئه‌ورووپییه‌كه‌، وه‌رگرم.”
ناوبراو لەبارەی گرینگی ئەو بەڵگەنامەیە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای ڕاگەیاند: “ئەو بەڵگەیە دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا بە وردی ئاگاداری تیرۆرکردنی ڕێبەرێکی ھێندە گەورە بووە و بە وردیش زانیویەتی چ کەسانێک بەو تیرۆرکارییە ھەستاون و چ کەسانێکیش لە پشتی ئەم تێرۆرەوە بوون.”
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەبارەی هۆکارەکانی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەڵێ: ” ١-وەک لە بەڵگەنامەکەدا دیارە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دانی پێدا ناوە کە: (ھەرچەندە د.قاسملو لەو سەردەمەدا ڕێبەری جووڵانەوەیەکی پارتیزانیی-شۆڕشگێڕانە بووە، بەڵام ئەمریکا دان بەوەدا دەنێت کە د.قاسملو ڕێبەرێکی خاوەن ڕێزی نێودەوڵەتیی و جیھانیی بووە) بۆیە لەبەر ئەو ھۆکارە (لەبەر پێگەو سەنگی قاسملۆ لە ئاستی جیھاندا) ئەمریکا ئەم ھەڵوێستەی (سەر کاغەز)ی ھەبووە.
٢-لەم بەڵگەنامەیەدا دەسەلمێت کە ئەمریکا گرنگی بە تیرۆری نێودەوڵەتی دەدات، ھەربۆیە بە تیرۆرێکی دەوڵەتیی ڕێکخراوەیی ئێرانی دەزانێت، لە پێناو ڕێگری کردن لە تیرۆریی نێودەوڵەتیی دەوڵەتی ئێران، ئەوا ئەمریکا ئەو داوایە لە دەوڵەتی نەمسا (ئۆتریش) دەکات، وەک ھەنگاوێک بۆ ڕێگری کردن لە تیرۆری نێودەوڵەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
٣-ئەمریکا لەو ڕوانگەیەشەوە کە هەم لەو کاتەدا و (تا ئێستاش) خۆی بە ڕێبەری لیبرالیزمی جیھانیی زانیوە و دەزانێت، ناچار بووە ھەڵوێستێکی (سەر کاغەز) ی ئاوھای ھەبێت؛ لەو کاتەشدا کێبڕکێی ھەبووە لەگەل بزاوتە کۆمۆنیستییەکان، بۆیە وا ئەزانم بە ھەڵوێستێکی (سەر کاغەزی ئاوھاش) ویستوویەتی خۆی لە بەرپرسیارێتی مێژوویی نەبوونی ھەڵوێستی ئاشکرا و ڕوون لە کەیسی تیرۆرکردنی ڕێبەرێکی ھێندە ئازادیخوازی کاریگەردا، خۆی لا بدات!
ھەرچەند من (وەک شەریف ھەژاری) تا ئێستاش بیر لەوە دەکەمەوە: ئاخۆ وڵامی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بۆ ئەم نامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چی بووە!؟ کە تا ئێستا ئەوەش بە نادیاری ماوەتەوە.
٤-لە ڕوی سیاسیشەوە، ئەم بەڵگەنامەیە پەیامێکی ئەمریکا بووە بۆ دەوڵەتی نەمسا کە: (ئەمریکا ئاگاداری ئازوبازەکانی (تاوانەکانی) دەوڵەتی نەمسایە لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا)، ئەم پەیامەش دەلالەتی تر لە خۆ دەگرێت، کە ڕوونە دەکرێ دەوڵەتی نەمسا لێی تێگەشتبێ، کە نەمسا لە ھەوڵدا بووە پەیوەندییەکی ئابووری بەھێز لەگەڵ ئێرانێکی دژ بە ئامریکا دابمەزرێنێت، ئەمریکاش بەم نامەیە ڕاستەوخۆ ئەو پەیامە بە نەمسا دەگەیەنێت کە وەک ئەمریکا ئاگاداری ئازوبازەکانتم لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا، بەمەش ھەر خوێنی بیرمەند و ڕێبەری مەدرەسەی (شۆڕشگێڕی ھاوچەرخ) کراوەتە قوربانی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان.”
دوکتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو رێبه‌رێکی هه‌ڵکه‌وتووی پڕ له شانازیی گه‌لی کورده‌ و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی له‌ قۆناخێکی مێژوویی زۆر هه‌ستیاردا، به‌ بیر و ئه‌ندێشه‌ی گه‌شه‌خوازانه‌ی خۆی‌ رێبه‌ری کرد.
دوکتور عه‌بدوڵلڕه‌حمان قاسملوو رێکه‌وتی ٢٢ی پووشپه‌ڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی له‌ کاتێکدا که‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی پرسی کورد له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌ ڤییه‌ن وتووێژی ده‌کرد، له‌گه‌ڵ هاوڕێی تێکۆشه‌ر کاک عه‌بدوڵڵای قادری‌ئازه‌ر، ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، به‌ده‌ستی بەناو نوێنه‌رانی رێژیمی ئیسلامی شه‌هید کرا. له‌م تیرۆره‌ ناجوامێرانه‌یه‌دا دوکتور فازڵ ره‌سووڵ کوردی باشووری کوردستان و مامۆستای زانکۆ له‌ ڤییه‌ن، به‌ ده‌ستی تیرۆریسته‌کان شه‌هید کرا.


تعليقات