ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای
گەیاند، یەکێتی ساختەکاریی نەکردووە و قەبوڵی ناکەن بزووتنەوەی گۆڕان
”تۆمەتی ساختەکاریمان ئاڕاستە بکات“.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “یەکێتی ھیچ ساختەکارییەکی نەکردووە و
بە ھەقی خۆی دەنگەکانی ھێناوە، چونکە ئەگەر ئێمە پێشمەرگە دێرینەکان و
کەسوکاری شەھیدان کۆ بکەینەوە، دەنگەکانی خۆمان بە زیادە دەھێنین، بەڵام
ئەوەی بڵێ یەکێتی ساختەکاریی کردووە، لە خۆیەوە قسە دەکات ئەگینا
پێچەوانەکەی ڕاستە“.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بزووتنەوەی
گۆڕان کاتێک دەڵێ یەکێتی ساختەکاریی کردووە، دەبێ باش ئەوە بزانێ کە لەم
ھەڵبژاردنەدا ”لەناو خۆیاندا دەنگی ناڕازی ھەبووە و دەنگێکی کەمیان
نەھێناوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەنگەکانی گۆڕان ”بۆ جووڵانەوەی نەوەی نوێ
و قەوارەکەی بەرھەم ساڵح ڕۆیشتووە”.
ئاسۆ مامەند ئاماژەی بەوەش دا: “لە بزووتنەوەی گۆڕان و ھیچ
لایەنێکی سیاسی قەبوڵ ناکەین، تۆمەتی ئەوەمان بۆ دروست بکات و بڵێ یەکێتی
ساختەکاری کردووە، چونکە ئەوە بوختانێکی گەورەیە بۆ یەکێتیی دروست دەکەن،
ئەمە واقیعە کە ئێمە جەماوەرێکی دیاریکراومان ھەیە، بێگومان ئەو جەماوەرە
دەنگی بە یەکێتی داوە و ئەگەریش کۆی بکەینەوە، ئێمە ھەمان دەنگ دەھێنین،
بۆیە کارێکی ناشیرینە تۆمەتی ناڕەوا بۆ یەکێتی درووست بکرێت”.
باسی لەوەش کرد، لایەنە براوەکانی کوردستان، پێش ئەوەی بڕۆنە
بەغدا، باشتر وایە ھەموویان وەکوو تیمێکی کارا، بڕۆنە ناو حکوومەتی
داھاتووی عێراقەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی دەستوور و کێشەی ھاووڵاتییانی ھەرێمی
کوردستان چارەسەر بکەن، ھەروەھا ”ھەوڵی جددی بدەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی
ناوچە جێناکۆکەکان بدەن”.

No comments:
Post a Comment