لە ماجدی ڵاند دوو کوڕ و کچێک گیان لە دەست دەدەن

لە ماجدی ڵاند دوو کوڕ و کچێک گیان لە دەست دەدەن
لە رووداوێکدا لە شاری یاری ماجدی لاند لە شاری هەولێر، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.

سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەهۆی رووداوێک لە شاری یاری ماجدی لاند، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندارن.

رووداوەکە لە دوای کاژێر ٢٣:٠٠ روویداوە، ئەوانەش کە گیانیان لەدەستداوە خوشک و برایەک و کچە پوورێکیانن. رووداوەکەش بەو شێوەیە بووە کە لە یاری (سکەتولمەوت) شەمەندەفەری مردن، بەرزکەرەوەیەک لە تەنیشتی یارییەکە بەهۆی ئەوەی تووند نەبەستراوەتەوە یان با هەڵیکەندووە، بەربووەتەوە بۆ سەر یارییەکە و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیانلەدەستانی ئەو کەسانە و دوو کەسی دیکەیش بریندار بوون.

هەروەها هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لەبارەی رووداوەکەوە گوتی، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەس بریندارن، هۆکارەکەش ئەوەیە کە شەمەندەفەری یارییەکە بەهەر هۆیەک بێت لە شوێنی خۆی لایداوە .

رەنجە جەمال پەیامنێری رووداو گوتی، تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ داد پزیشکی هەولێر و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت.

تعليقات