مێژووی میتانییەکان(١٢٧٥-١٥٠٠ پ.ز):

مێژووی میتانییەکان(١٢٧٥-١٥٠٠ پ.ز):


هەزارەی دووەمی پ.ز کۆچی نەتەوە هیندۆ ئەورووپیەکانی بەرەو دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمار کرد. ئەم نەتەوانە لە کوردستان و ئێرانی ئەوکات و ئاسیای بچووک بڵاوبوونەتەوە، لە گەڵ دانیشتوانیان تێکەڵ بوون، لە گەڵ خۆیان چەندین دیاردەی شارستانیان هێناوە. کە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان لەو دەڤەرانە یارمەتیان داون.

لە گرنگترین ئەو دیاردانە کە هاتنە ئاراوە، بەکارهێنانی ئەسپ و گالیسکە بە ڕەوڕەوەی بازنەیی و شمشێری کەوانەیی بوو. چەندین قەوارەی سیاسی پەیدابوو، لە هەموویان دیارتر دەوڵەتی میتانی بووە.

ئەو دەوڵەتە لە ڕۆژئاوای کوردستان دامەزرا، پایتەختەکەی(واشکونی) مەزەندە دەکرێت، کە دەکەوێتە نزیک شاری(رأس العین)ی ئێستای سووریاوە.

ئەم دەوڵەتە توانی هەموو سووریا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

هەروەها ئاشوورییەکانیش بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک کەوتنە بن دەستیانەوە، لە رۆژهەڵاتیش زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، لەوانەش (نوزی و ئەرابخا).

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان:

میتانییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە نێوان هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتدا، ئەمەش بووە هۆی چەسپاندنی سەقامگیری و تەبایی لە جێگەی جەنگ و دوژمنکاری، لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە دبلۆماسییەکان، لە نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا هاتە ئاراوە.

پاشاکانی (میتانی) پەیوەندی باشیان بە میسرەوە هەبووە، نامە و دیاری لە نێوان پاشاکانی (میتانی) و فیرعەونەکانی میسر ئاڵوگۆڕ کراوە، ئەم نامانە بە زمانی ئەکەدی و بزماری نووسراون، یەکێکیان بە زمانی خۆری بووە.

فیرعەونی میسر “ئەمنحوتێبی سێیەم” (١٣٦٧-١٤٠٥ پ.ز) خاتوو “تیدوخیبا”ی میتانی هێناوە کە(میسرییەکان پێیان گوتووە- نەفەرتیتی- بە واتای ئافرەتی جوان دێت)، پاش مردنی(ئەمنحوتێبی سێیەم) مێردی بە فیرعەون ئەمنحوتێبی چوارەم (ئەخناتوون) کردووە.

ئەوەی ئەو نامە دۆزاوانەی فیرعەونی میسر کە لە گردی (ئەلعەمارنە)ی پایتەختی(ئەخناتوون)ە دەخوێنێتەوە، تێدەگات بە پێشکەوتنی پەیوەندییە سیاسیە نێودەوڵەتییەکانی ئەو سەردەمە، کە بە هۆی میتانییەکانەوە هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش لەو نامە و دیاریانەدا دەردەکەوێت کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕکراوە، هەروەها بابەتی ژن و ژنخوازیش لە نێوان پاشاکانی ئەو سەردەمە، جۆرێکی تری پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بووە.

پاش دوو سەدە لە حوکمڕانی، دەوڵەتی میتانییەکان بەرەو لاوازی دەڕوات، بە هۆی پەلاماردانیان لە لایەن ئاشوورییەکان و پاشاکانی(حیثیەکان لە ئاسیای بچووک)، بۆیە ڕۆڵی سیاسیان بەم شێوەیە کۆتایی پێ دێت.

تعليقات