ئەدەب بەشی دووهەم: ڕێبازە ئەدەبیەکان

ناولێنانی جۆرە ئەدەبێک بەم ناوە، ئەوە دەگەینێت کە ئەو جۆرە ئەدەبە نەمرەو بە درێژایی ڕۆژگار بە کەڵکی ئەوە دێت کە بۆ پەروەردەکردن و فێرکردنی لاوان لە پۆلەکانی خوێندندا بەکاربێت.
ڕێبازی کلاسیزم:
ڕێبازە ئەدەبییەکان بۆ یەکەم جار لە ئەورووپا پاش سەردەمی بووژانەوە لە دەورووبەری سەدەی حەڤدەمی زاینییدا سەریانهەڵدا، لە ناو ئەو ڕیبازە ئەدەبیانەشدا کلاسیزم کۆنترین ڕیبازە لە پەیدابوون و بڵاوبوونەو و دەسەڵات پەیداکردنی بەرهەمی ئەدەبیدا. بەر لەو سەردەمە، ئەدەب بە شێوازێکی ئازادانە و خۆکارانە ڕیڕەوی خۆی گرتبووە بەر، کە دیارە لێرەدا ئەدەب زۆر لەو ڕێبازانە کۆنترە و هەر لە زووەوە شاعیران بە شێوازێکی خۆکارانە شێعریان گوتووە، بێ ئەوەی هیچ ئاگاداریێکیان لەبارەی ڕێنمایی و بنچینەکانی ئەو ڕێبازە ئەدەبییانەوە هەبێت. ئەگەر هەر تایبەتمەندییەکی گشتی هەبووبێت، کە شاعیران پەیڕەویان کردبێت، ئەوا ئەم پەیڕەوکردنە لە ئەنجامی هیچ پێکهاتن و تێگەیشتنێک نەبووە، بەڵکوو شاعیرەکان بە حەزی خۆیان ئەم تایبەتمەندییانەیان دەست نیشانکردووە.



بزاڤی ڕاپەڕینی ئەورووپا لە مەیدانی ئەدەب و هونەردا بووبە هۆی لە دایکبوونی یەکەم ڕێبازی ئەدەبی و هونەری لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا کە ڕێبازی کلاسیزمە و بە شیوەیەکی تایبەت لە ماوەی سەدەی حەڤدەمی زایینیدا لە وڵاتی فەڕانسا گەشەیکرد، لە سەدەیکدا کە بە سەدەی “زێڕین” دادەنرێت لە مێژووی فەڕنسا، هەرچەندە زووتر سەرەتاکانی ئەم ڕیبازە لە ئیتاڵیا پەیدا ببوو، دواتریش بەرەو ئینگڵتەرا و ئەڵمانیا و وڵاتە ئەرووپاییەکانی تر پەلیهاویشت.
وشەی کلاسیزم لە (کلاسیز)ی لاتینیەوە هاتووە، کە لە بنچینەدا بە مانای یەکەیەکی(کەشتیگەل) دێت، هەر لەو واتایەوە، بۆ یەکەی خوێندن یان پۆلی خوێندن خوازرایەوە.
ناولێنانی جۆرە ئەدەبێک بەم ناوە، ئەوە دەگەینێت کە ئەو جۆرە ئەدەبە نەمرەو بە درێژایی ڕۆژگار بە کەڵکی ئەوە دێت کە بۆ پەروەردەکردن و فێرکردنی لاوان لە پۆلەکانی خوێندندا بەکاربێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو، کە هەردوو ئەدەبییاتی کۆنی (یۆنانی وڕۆمانی) بە ئەدەبی کلاسیزم دانراون، چونکە خوێندنی ئەم دوو ئەدەبە لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئەرووپا جاران و ئێستاش باشترین هۆکار بووە بۆ پەروەردەکردن و ڕووناکردنەوەی بیر و هۆشی لاوان، هەتاکوو ئەمڕۆش خوێندنی زمان و ئەدەبیاتی یۆنانی کۆن و لاتینی لە زانکۆکاندا بە کلاسیزم دادەنرێت.
کلاسیزم لە ئەدەبدا لاساییکردنەوەیە، هەربۆیەش بوو کە ئەو گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و ڕابوونە ئەدەبییەی کە لە ئەرووپا سەریهەڵدا هەمووی لە سەر بنچینەی لاساییکردنەوەی ئەدەبییاتی یۆنانی و ڕۆمانییەوە دامزراو، هەر ئەم هۆکارەش بوو وایکرد کە نووسەر و ئەدیبەکانی سەدەی حەڤدەم شانبەشانی ڕەخنەگرانی ئەو سەدەیە زاراوەی کلاسیزم بۆ ڕێبازە ئەدەبییە تازەکەی خۆیان بخوازنەوە.
ڕێبازی کلاسیزم لای ئەرووپیەکان بە گشتی چەند تایبەتمەندیێکی هەیە و پایبەندە بە چەند ڕێنمایی و بنچینەیێک کە ئەمانەن:



١- چێژ لە ئەدەبیاتی (یۆنانی و لاتینی ) وەردەگرێت و تەنانەت مادە ئەدەبییەکەش لە دایکبوویی چێژ وەرگرتنە لەم دوو ئەدەبە. بەکارهێنانی زاراوەی کلاسیزم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نووسەرانی سەدەی حەڤدە هەمیشە چاویان لەوە بوو کە جۆرە ئەدەبێکی وا بهێننە کایەوە کە لە بابەت و بەهێزیدا لە شانی ئەدەبیاتی یۆنانی و لاتینی بدات.
٢- ئەم جۆرە ئەدەبە زادەی ژیرییە، دیارە گرنگترین پێناسەی ژیریش میانرۆیی و ڕوونکارییە. ئەدەبیاتی کلاسیزم چونکە زادەی ژیرییە، بۆیە هەمیشە هەوڵی گەیشتن بە ڕاستییە گشتییەکان دەدات، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو، کە بەشی زۆری بەرهەمی کلاسیزم لە ئەدەبدا، بەرهەمی شانۆگەرییە، بە پێچەوانەی بەرهەمی ڕۆمانتیکی، کە بەشی زۆری بریتییە لە هۆنراوەی گۆرانی.
٣- گرنگیدان بە داڕشتنەوە و چاکسازی شێوازی نووسین، ئەدەبیاتی کلاسیزم ڕێزێکی زۆر لە بنەماو بنچینەکانی زمان دەگرێت، بەمەش ئەدەبی ڕۆمانتیکی دەناسرێتەوە، چونکە ڕۆمانتیکی لەم بوارەدا هەمیشە ئارەزووی نوێکردنەوە و نوێگەرای هەیە، بۆ نموونە لەوانەیە لە ڕۆمانتیکیدا وشە بە مەبەستی ڕەسەنی خۆی بەکارنەهێنرێت، کلاسیزم هەمیشە چاو دەبڕێتە ڕەسەنایەتی و جوانی لە دەڕبڕینی زمانەوانییەوە، هەر لەبەرئەم هۆیەشە کە لە زمانی ئەورووپیەکاندا زۆرجار نووسەری بە توانا لە زماندا بە نوووسەری کلاسیزم ناو دەبرێت، ئەگەر بەرهەمەکەش بەر ئەم ڕێبازە نەکەوێت.
٤-ئەدەبیاتی کلاسیزم دەکەوێتە بەر هەندێک بنەماو بنچینەی تایبەت، یەکێک لەو بنەما سەرەکییانە ڕونکارییە هەر لەم بارەیەوە ڕەخنەگری فەڕەنسی(بوالۆ) باوەڕی وایە کە هەر شتێک ئەگەر بە ڕوونی هەستی پێبکرێت، دەکرێت بە ڕوونیش دەرببڕدرێت، بۆیە شاعیری کلاسیزم لەو باوەڕەدابوون، کە هەر ناڕوونییەک ئەگەر لە ئەدەبدا هەبێت دەگەڕێتەوە بۆ ناڕوونی لە (بیر و ژیری)نووسەرەکەی. کە دەسەڵاتی بەسەر بابەتەکە ناشکێت، بۆیە ئەدەبیاتی کلاسیزم ڕونکارە و ناکۆکە لە گەڵ ناڕوونی.



٥- کلاسیزم لە ئەدەبدا بە کرداری لاساییکردنەوەی سرووشتە و بە گشتی کلاسیزمەکان بۆچوونێکی مرۆڤانەیان هەیە.
ئەمە لە ئەدەبییاتی ئەرووپادا دیارە لە ئەدەبییاتی کوردیش ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی کە دەکەونە بەر ئەو ڕێبازە کە بە ئەدەبێکی کلاسیزم دادەنرێن، لەبەر ئەوە نییە کە چێژیان لە ئەدەبییاتی (ڕۆمانی و لاتینی) وەرگرتووە، دەکرێت ئێمەش بە پێی هەندێک لەو پێوەرانەی بۆ ئەدەبییاتی کلاسیزمی ئەرووپا دانراون، ئەدەبییاتی خۆمانی پێ بپێوین و لە ژێر ڕۆشنایی بنەماکانی ئەدەبییاتی کلاسیزمی ئەرووپی و بەرهەمە ئەدەبە کلاسیزمییەکانی پێدەست نیشان بکەین دیارە شاعیرانی کورد، کە شێعریان نووسیەوە ئازادانە کارەکەی خۆیانکردووە ئاگایان لەوە نەبووە کە ئەو بەرهەمەی دینووسێت ڕۆژێک دێت و ڕەخنەگران و زانایانی ئەدەبیات بۆی ڕێزبەند دەکەن و دەیخەنە بەر یەکێک لە رێبازە ئەدەبیەکان بە پێی پێناسە و تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرهەمە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمەش دەتوانین بەشێکی لەو بنەمایانە بکەین بە بنچینە بۆ پولێنکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکانمان.

تعليقات