بنەماکانی ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی:
١- بەشی هەرە زۆری بەرهەمی ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی هۆنراوەیە، چونکە سیفەتی زاڵ بە سەر ئەو ئەدەبە کلاسیزمەدا شێعر و هۆزانە، کە ئەویش لە شێوەی شعێری ستوونی دیارە و بە یەک سەروا هاتۆتە خوارێ.
٢- ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردی گرنگییەکی زۆر بە پتەوی واتا دەدات، ئەدەبێکە کە هەموو کەس ناتوانێت بە ئاسانی لێتێبگات، چونکە کلاسیزم خۆی ئەکادیمیەت و قوتابخانەیە.
٣- یەکیەتی بابەت لە شێعری کلاسیزمی کوردیدا زۆر کەم پەیڕەو کراوە، چونکە لە هەر دوو بەیتێکدا، شاعیر بابەتێک باس دەکات.
٤- پەیڕەوانی بابەتی کلاسیزم لاسایی بەرهەمی ئەدەبییاتی پێش خۆیان دەکەنەوە، بەڵام نەک لاساییکردنەوەیەکی کوێرانە، بەڵکوو ڕەچاوکردن و شوێنهەڵگرتنی کۆمەڵێک دەستوور و سەرەتاییە سەبارەت بە بابەت و وێنە و شێوەی داڕشتنی شێعر.
٥- شێعری کلاسیزمی کوردی لە سەر کێشی (عەروزی) عەرەبی دانراوە و تەرازووەکەی ئەو عەروزانەن، کە زمانەوانی بە ناوبانگی عەرەب (خەلیلی ئەحمەدی فەراهیدی) دایناوە، شاعیرانی کلاسیمی کوردیش هەوڵیانداوە هەموو دەریاکانی ئەو عەروزانە بەکاربهێنن.
٦- کلاسیزم زیاتر گرنگی بە دیوی دەرەوە بە ڕوخسار و دیمەن دەدات لەوەی کە بە ناوەڕۆک بدات، گرنگی بە وشەکاری دەدات بەر لەوانە بە وێنە بەر لە مادە، شاعیرانی کلاسیزم گرنگی زۆریان بە وشەسازی و ڕەوانبێژیداوە، شێعرەکانی نالی بۆ نموونە ئەم دیاردەیە جێگیر دەکەن.
٧- هۆنراوەکانی کلاسیزمی کوردی بە دەوری چەند مەبەستێکدا دێت و دەچێت و لێیان دوورناکەوێتەوە وەک: دڵداری، غەزەل، پێداهەڵدان و لاواندنەوە و…..هتد.
٨- لە ئەدەبییاتی کلاسیزمی کوردیدا، لەبەر بارودۆخی میللەتی کورد، زۆرجار هۆزانڤان و شاعیرانی کورد بابەتی نەتەوایەتیان خستۆتە ڕوو، ئەم دیاردەیەش کلاسیزمی کوردی لە ئەدەبییاتی کلاسیزمی جیهانی جیادەکاتەوە، نموونەش بۆ ئەمە هۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی و حآجی قادری کۆیی….هتد ئەوانی ترن.
Comments
Post a Comment