بەشی یەکەم: سەرهەڵدانی زانستی ئابووری

سەرهەڵدانی زانستی ئابووری
وشەی ئابووری( ئێکۆنۆمیک) لە زمانی ئینگلیزیدا دەگەڕێتەوە بۆ دوو وشەی لێکدراوی یۆنانی (ئێکۆنۆمیک) کە مانای بەڕیوەبردن یان هەڵسووڕاندن دێت(نۆماس ) کە مانای ماڵ دەگەینێت، لە بەر ئەوەی مانای سەرەکی ئابووری بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی سامان بووە لە لایەن تاک یان کۆمەڵ یان حکومەتەوە. ئەمەش بە مانای ئەوەی مرۆڤ ئابووریانە هەڵسوکەوت دەکات ئەگەر هاتوو بە باشی سەرچاوەکانی سامانی بەکار هێنا یاخود لێهاتووانە بە کاری هێنا کە ئەمەیان بە مانای بەدەستهێنانی گەورەترین سوودی ماددە بە کەمترین تێچوون و ڕەنج دێت.
بیروڕا ئابووریەکان لە سەردەمە کۆنەکاندا{ شارستانیەتی یۆنانی و ڕۆمانی کە دوو شارستانی کۆنن} بوونی خۆیان هەبووە، ئەرەستۆ بە یەکەم کەس دادەنرێت کە سەرەتاکانی بیردۆزی ئابووری داڕشتووە لە سەر بنەمای شیکردنەوە دیاردەکان و گرفتە ئابووریەکان و یەکەم کەسیشە کە هەوڵی داوە ئابووری بکات بە زانست.
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بیروڕا ئابووریەکان هەبووە چ لە ئەورووپای مەسێحی یان لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا، بەڵام بوونی ئەم بیروڕا ئابووریانە مانای ئەوە نییە کە زانستی ئابووری بە مانا زانستیە تەواوەکەی بوونی هەبووبێ. زانستی ئابووری تاڕادەیەک لە مێژووی نوێدا دروست بوو لە پاش پەرەسەندنەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەدا، بەم جۆرە چەند ڕەوتێکی نوێی بیروڕای ئابووری پەیدا بوون لەوانەش (قوتابخانە بازرگانیەکان) کە لە سەرەتای سەدەی پانزدە هەبووە تاوەکوو ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم، لە پاشاندا قوتابخانەی فیزۆکراتەکان(سرووشتییەکان).
پاش ڕوودانی چەندین پەرەسەندن لە گشت بوارەکانی کۆمەڵایەتی و هزری و ڕامیاری و ئابووری لە ئەورووپا، قوتابخانەی کلاسیکی پەیدا بوو وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ ئەو گۆڕان و پەرەسەندنانە، پاش پەیدابوونی قوتابخانەی کلاسیک بیری ئابووری زۆر پێشکەوت و زانستی ئابووری بە تەواوی دروست بوو وەک زانستێکی سەربەخۆ سەری هەڵدا. لە ساڵی ١٧٧٦ز زانای ئابووریناسی ئوسکتلەندی “ئادەم سمیس” کتێبێکی (سامانی میللەتان)ی دەرکرد کە بە دانانی ئەم کتێبە زانستی ئابووری پێشکەوتنێکی بەرچاوی بینی وەک تەواوکەرێک بۆ بۆچوونەکانی نووسەرانی قوتابخانەی کلاسیکی ئەگەر بە ڕەخنەگرتنیش بێ.

تعليقات