بەشی دووەم: پێناسەی زانستی ئابووری:

وشەی ئابووری لای ئەرستۆ مانای(زانستی سەرەتاکانی هەڵسووڕاندنی ماڵە)
زانستی ئابووری کۆمەڵێک ێیناسەی جیاوازی هەیە بە هۆی فرەیی و هەمەلایەنی ڕۆڵی ئابووری و زیادبوونی گرنگی ئەم زانستە و بەهۆی جیاوازی لە ئاراستە بیرییەکانی سەرجەم قوتابخانە ئابووریەکان. بۆ نموونە وشەی ئابووری لای ئەرستۆ مانای(زانستی سەرەتاکانی هەڵسووڕاندنی ماڵە)١.
بەڵام نووسەری (مونکراتیان) لە کتێبی (توێژینەوە لە ئابووری ڕامیاریدا) دەڵێت زاراوەی ئابووری ڕامیاری مانایی (پرەنسیپەکانی بەڕیوەبردنی ئابووری دەوڵەتە) لەبەر ئەوەی گرنگی دەدات بە بنەماکانی دارایی دەوڵەت٢. لە پاشاندا بەکارهێنانی زاراوەی ئابووری ڕامیاری بەرفراوان بوو تاوەکوو ئابووری کۆمەڵایەتیشی گرتەوە لە ساڵی ١٧٦٧(جون ستیوارت مل) ئەوم زاراوەیی لە کتێبی( ) بەکارهێناوە.
لەو سەردەمەدا ئەوبارەوە باو بوو کە پێی وابوو زانستی ئابووری تایبەتە بە توێژینەوەی ئەو ئامرازانەی کە گرنگی دەدات بە دەوڵەمەندبوونی (وڵات، نیشتیمان) لە ڕووی مادیەوە ئەم باوەڕە لە کتێبی (سامانی میللەتان)ی ئادەم سمیث دا ڕەنگی دایەوە کە ساڵی ١٧٧٦ بڵاوکرایەوە.
(مارکس) زاراوەی ئابووری ڕامیاری لە کتێبی (سەرمایە)بە ناونیشانێکی ناسەرەکی کە (ڕەخنەی ئابووری ڕامیاری)بوو لە ساڵی ١٨٦٧ بەکارهێناوە. ئابووریناسی ئینگلیزی (ئەلفرید مارشاڵ) زانستی ئابووری پێناسە دەکات و دەڵێت(توێژینەوەیە لە چالاکی ژیانی ئاسایی مرۆڤ و وردبوونەوەیە لەو بەشەی چالاکی تاک و پەیوەندییە بەتینە کۆمەڵایەتیەکەی بۆ بەدەستهێنانی بنەما مادییەکانی خۆشگوزەرانی و بەکارهێنانیان)٣ هەروەها مارشاڵ دەڵێت: (زانستی ئابووری بریتیە لە توێژینەوە لە سامان لە لایەک و توێژینەوە لە مرۆڤ لە لایەکی دیکە)٤ .
بەڵام ئابووریناسی سویدی (ویکسل) پێی وایە کە دیاردەی ئابووری یاخود چالاکی ئابووری بریتیە لە (هەموو تەقەڵایەکی ڕێکخراو بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە مادییەکان، یاخود گەڕان بەدوای ئەو ئامرازانەی کەوا لە بەردەستن بۆ هێنانەدی گەورەترین بڕی بەرهەم، یان هێنانەدی ئاستێکی دیاریکراوی بەرهەمهێنان تابکرێ بە کەمترین ئامرازەکان) ٥ .
بەڵام لای ئابووریناسی فەرەنسی (بیژۆ)زانستی ئابووری ئامرازێکە بۆ توێژینەوە لە چۆنیەتی زیادکردنی بەرهەم بە ئامانجی چاککردنی ئاستی بژێوی)، هەروەها زانای ئینگلیزی (ڕۆبنز)پێناسەیەکی زۆر باو بۆ زانستی ئابووری دەکات کە ئەمڕۆ زیاتر قبوڵ کراوە و بەکاردەهێنرێت ( زانستی ئابووری بریتییە لەو زانستەی لێکۆڵینەوە دەکات لە ڕەفتاری مرۆڤ وەک پەیوەندییەک لە نێوان ئامانجەکانی و لە نێوان ئەو ئامرازە دەگمەنانەی کە دەتوانرێ شوێنگرەوەی بۆ بەکاربهێنرێ)، بەڵام زانای ئەمریکی (ساملسۆن) بەم جۆرە پێناسەی ئابووری دەکات{ زانستی ئابووری بریتییە لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەو ڕێگایەی کە بە هۆیەوە تاک و کۆمەڵگە دەرامەتە دەگمەنەکان بەکاردەهێنن کە دەتوانرێ شوێنگرەوەی دیکەیان بۆ بەکاربهێنرێ بۆ بەرهەمهێنانی شمەکە هەمە چەشنەکان و دابەش کردنەوەیان بە سەر تاک و کۆمەڵگەدا بۆ ئەوەی بەکاربێنێن لە ئێستا یان لە ئایندەدا}٦ .
لەو پێناسانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی پێناسەکان ئەوە دەردەخەن کە زانستی ئابووری جەخت دەکاتە سەر (بەکارهێنانی دەرامەتە دەگمەنەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیە هەمە چەشنەکانی کۆمەڵگە).

تعليقات