شارستانییەتی کوردستان:

شارستانییەتی کوردستان:


١-شۆڕشی کشتوکاڵی:

مرۆڤ لە چاخە کۆنەکانەوە، واتە (پێش لە ٦٠ هەزار ساڵ) لە چیاکانی کوردستان ژیاوە، ئەشکەوتەکانی کردووە بە جێگەی پشوودانی خۆی، بە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی بەری دارەکان و ڕەگی ڕووەک، ژیانی ڕۆژانەی بە سەربردووە.

مرۆڤ لە کوردستانی دێرین سەرەتایی و کۆچەرایەتی بردووەتە سەر، پاش پەی بردن بە کشتوکاڵکردن لە دەورووبەری هەزارەی نۆیەمی پێش زایین ژیانی مرۆڤ گۆڕاوە، خانووی بۆخۆی لە نزیک کێڵگە بنیادناوە، بە کۆبوونەوەی چەند خانوویەک لە دۆرماندۆی یەکدا، گوند پێکهات، لێرەوە سەرەتای شارستانییەت دامەزرا.

یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لە پێدەشتەکانی کوردستان و یەکەمین موڵگەی شارستانییەتی جیهانی، (گوندی چەرمۆ)یە لە نزیک شارۆچکەی (چەمچەماڵ)ی ئێستا(لە پارێزگای کەرکووک). هاوچەرخ لە گەڵ گوندی (چەرمۆ)، جوتیارانی گوندی(نمریک) لە باشووری شارۆچکەی (فایدە)ی ئێستا لە پارێزگای (دهۆک) بە کشتوکاڵ کردن، بژێوی خۆیان دابین کردووە. دانیشتوانی یەکەمین گوندە کشتوکاڵییەکان، گەنم و جۆ و نیسکیان چاندووە. ئاسەواری گەنم لە گوندی (چەرمۆ) دۆزراوەتەوە.

خانووەکانیان لە قوڕ و بەرد بنیادناوە، بایەخیان بە بەخێوکردنی (مەڕوماڵات) و (بزن) و (چێڵ) داوە، کەرەستە و ئامێری ناوماڵ و کشت و کاڵیان دروست کردووە، دوواتر گەشەیان پێداوە و جگە لە بەرد ئێسک و قوڕ و قیڕیان لە دروستکردنی کەل و پەلەکانیان بە کار هێناوە.

پاشان پیشەسازی قاپ و قاچاغ و داس و تەشی لە قوڕی سوورکراو دەستی پێکرد. بەم شێوەیە مرۆڤ چووەتە قۆناغی پیشەسازی واتە(گۆزەکاری).ئافرەتان سەرقاڵی کاری ناو ماڵ و پەروەردە کردنی منداڵ بوون، پیاوان خۆراکیان پەیدا دەکرد و لە کێڵگە کاریان دەکرد و کێڵگە و گوندەکانیان دەپاراست، ئیتر حەزی موڵکداری و خاونێتی زەوی پەیدابوو.

هەر بە هۆی پێویستی بەردەوامی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی کەل و پەلی ناوماڵ هەندێک لە دانیشتوانان پسپۆڕیان لە دروستکردنی چەند جۆرێک لەو کەرەستە و ئامێرانە پەیداکرد.

بەم شێوەیە جۆرێکی دیاریکراو لە (پسپۆڕایەتی) پەیدابوو. ئەم پسپۆڕیە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی چالاکی(ئاڵوگۆڕکردن)ی بەرهەم هێنانی کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ، بەرهەمەکانی بە بەروبوومی کشتوکاڵی ئاڵوگۆڕ دەکرد. جۆ یان خوری، بوونە هۆکارێکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی چونکە مرۆڤ تا سەدەی شەشەمی پ.ز دراوی نەزانیوە.

ئەگەر دروستکردنی(کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ) بە جۆرێکی پیشەسازی بژمێرین، دەتوانین فێربوونە سەرەتاکانی کشتوکاڵ بە (( شۆڕشێکی ئابووری)) لە قەڵەم بدەین.

پەیدابوونی کشتوکاڵ بووە مایەی پەیدابوونی( پیشەسازی و بازرگانی و چالاکییەکانی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی شمەک و بەروبوومەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، ئەمەش وایکرد گرنگی بە هۆییەکان و ڕێگاکانی گواستنەوە بدرێت). لە ئاکامدا بیرکردنەوەی جیدی لە مەڕ دۆزینەوەی هۆکارێکی ئاڵوگۆڕ هاتە ئاراوە، (زیو) بووە ئەو هۆکارە بۆ ماوەیەکی درێژ. پاشان مرۆڤ(دراو)ی بەکارهێنا، پاشای شانشینی (لیدیا) لە (ئاسیای بچووک) کە ناوی کراسوس واتە(قاروون) بوو لە ماوەی نێوان(٥٦٠-٥٤٦ی پ.ز)فەرمانڕەوا بووە، توانی پارە لە زیو و زێڕ لێبدات، لە دەڤەرەکانی تر بڵاوبووەوە.

پێویستی مرۆڤ بۆ پاراستنی گوند و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بووەتە مایەی پەیدابوونی (پیشەسازی چەک) و بونیادنانی شورە و قەڵا و هەڵکەندنی خەندەق وەکوو هۆکاری بەرگری. هەروەها پیاوان لەم ڕووەوە هاوکاری یەکتریان دەکرد و (هێزی هاوکار و چەکدار) پێکهات، کە لەم سەردەمە پێی دەگوترێ (سوپا).

لەوانەیە هەریەکێک لە ئێمە بپرسێت بۆچی کوردستان پێش کەوت پێش هەر؟ناوچەیەکی تری جیهان لە دۆزینەوەی کشتوکاڵدا؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ژینگەی کوردستان لە ڕووی خاک و ئاوی بارانەوە بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ سەوزبوونی دانەوێڵەی کێوی لە دۆڵە بە پیتەکانی کوردستاندا، ئەو کاتەش مرۆڤ دانەوێڵەی کۆ دەکردەوە، پێدەچێت هەندێ لەو دانەوێڵانەی لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیەوە لە دەست کەوتبێتە خوارەوە، پاشان سەوز بووبێتەوە ئەمەش سەرنجی ڕاکێشاوە، بۆیە لەو سەوزبوونەوە ورد بووەتەوە تا دوواتر بۆ خۆیشی چاندویێتی.

هەندێک لە توێژەرەوان وای بۆ دەچن کە ئافرەت یەکەم کەس بووبێ دەرکی بەو سەوز بوونە کردبێ، چونکە ئەو هەڵدەستا بە کوتان و پاککردنەوە و هاڕینی دانەوێڵە تا خواردنی لێدرووست بکات. فێربوون و دۆزینەوەی شێوازەکانی کشت و کاڵ گۆڕانی بنەڕەت بوو، چونکە ڕەوتی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی. یارمەتی مرۆڤیدا جێنشین بێت و گوند بنیاد بنێت. بە تێپەڕبوونی زەمەن (شارۆچکە و شارەکان) پەیدابوون، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست بوون، هۆکارەکانی شارستانی بوون هاتنە ئاراوە.

بە واتایەکی تر کشتوکاڵ بوو بە یەکەم بەردی بناغەی بنیادنانی شارستانییەت، چونکە ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی، بۆیە دەتوانین بڵێین دۆزینەوەی کشتوکاڵ (کوودەتا)یەک بوو لە ژیانی مرۆڤایەتی.

بڵاوبوونەوەی گوندە کشتوکاڵییەکان:

گوندە کشتوکاڵییەکان، لە باشووری کوردستان هاتنە فرەبوون، وەکوو گوندی(حەسونە) لە باشووری شاری (موسڵ)، هاوچەرخی هەردوو گوندی (شەمشارە) لە دەشتی( ڕانیە) و گوندی( چوخەمامی) نزیکی(مەندەلی) بوو، شوێنەواری چەندین گوندی کشت و کاڵی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی دووای(هەزارەی شەشەمی پ.ز) لەوانەش (گردی حەلەف) لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر زێی خاپوور لە سووریا، وە گوندی (ئارپەچی) لە نزیکی(نەینەوا) و گردی(تەپەسەراب) لە نزیک کرماشان.

گوندە کشتوکاڵییەکان لە ناوەند و باشووری عێراقیشدا زۆر بوون و تەشەنەیان سەند وەکوو گردی(الصوان) لە نزیکی(سامەرا). لە نیوەی دووەمی چاخی(بەردینی٥٦٠٠-٣٥٠٠ی. پ.ز) گوندی کشت و کاڵی لە باشووری عێراقدا پەیدا بوون و شوێنەوارەکانی وەکوو(تل العبید و تل الحاج محمد) دۆزراونەتەوە.

هاوشان لە گەڵ پەیدابوونی گوندی کشتوکاڵی، پێشکەوتنی شارستانی بەرچاو دەبینرێت، وەکوو هەڵکەندنی (جۆگەکانی ئاودێری)، لە گوندی (چوخەمامی) تۆڕێک لەم شێوەیە دیتراوەتەوە.

لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئەم سەردەمە ژمارەیەک پەیکەری قوڕ دۆزرایەوە کە ئاماژەن بۆ پەیدابوونی سەرەتاکانی بیری ئایینی لەم سەردەمە، کە شێوەی خوداوەندی دایک بەرجەستە دەکەن، وەک لە گوندی (چەرمۆ) و (تەپەسەراب) و (ئارپەچی).

هەر لەو شوێنەوارە ئاماژە پێکراوانە، هەندێک لەو ئامرازانە دۆزراونەتەوە کە ئافرەتان بۆ جوانکاری بەکاریان هێناوە لە بەرد و ئێسک دروستکراون. لە کۆتایی(هەزارەی شەشەمی پ.ز)دا بە کارهێنانی(کانزا) باوی هەبوو، لە گوندی(حلف) و(تەپە گورا) ئامرازی لە کانزا دروستکراو دۆزراونەتەوە.هەروەها مرۆڤ(چەرخی گڵکاری) کانزای لە دروستکردنی قاپ و قاچاغی سوورکراودا بە کارهێنا. لە کۆتایی چاخی بەردینی کانزایدا، مۆری لوولەیی بەکارهات. و پەرستگا لە باشوورەی عێراق و (تەپەگورا) بنیادنرا. لە دەورووبەری(٣٢٠٠ی. پ.ز) مرۆڤ نووسینی وێنەیی دۆزیوەتەوە و لە دەورووبەری(٢٨٥٠ی. پ.ز)دا لە تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا سوودی لێ بینی و بەمە مێژووی مرۆڤایەتی چووە قۆناغی سەردەمە مێژووییەکانەوە.

٢-دانیشتوانی(کوردستان):

تۆمارە (سۆمەرەی) و (ئەکەدی)یەکان لە (هەزارەی سێیەمی پ.ز) دا ئاماژەیان بە دانیشتوانی کوردستان کردووە، کوردستان لەو سەردەمە ناوی(وڵاتی سوپارتو)ی لێنراوە، بە دانیشتوانەکەیشیان گوتووە(سوپارتییەکان) و ناوی تریان پێ گوتراوە وەک(لولوبییەکان) و (گووتیەکان)، و لە چاخەکانی پاشتر ناوی(خوورییەکان) و (کاشیەکان) و (میتانییەکان) بۆ دانیشتوانی کوردستان بەکارهاتووە.

لە (هەزارەی یەکەمی پ.ز)دا تۆمارەکانی ئاشوورییەکان و بابلییەکان ئاماژە بە ناوی(ئورارتۆ و میدی و مانی و زگرتو) دەکەن.

وڵاتی(کوردستان) دووچاری پەلاماری نەتەوەکانی دراوسێ بووەتەوە، وەکوو پەلاماری سۆمەرییەکان و بابلییەکان و ئاشوورییەکان، پاشتریش پەلاماری فارسەکان و گریکەکان دووبارە دەبێت، بۆیە مێژوو نووسینی گریکی (زینفۆن) لە دەورووبەری ساڵی( ٤٠١ پ.ز) ناوی(کوردی)ی لە کتێبەکەی (ئانباسیس) هێناوە، بۆ مەبەستی شارەزاکردنی خوێندکارانمان بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە نەتەوە دێرینەکانی کوردستان دەکەین:—

تێبینی: هەندێک مێژووناس بۆچوونێکی وایان هەیە کە دەڵێین سۆمەرییەکان بۆ خۆیان کوردن.














































تعليقات