مێژووی خۆرییەکان:

مێژووی خۆرییەکان:


ڕۆڵی (خۆرییەکان) لە کوردستان بە تایبەتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە (هەزارەی دووەمی پ.ز) دەرکەوت، بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەرابخا و نوزی(کەرکووکی ئێستا) بووەتە مۆڵگە سەرەکییەکانیان، چەندین میرنشینیان لە (نەینەوا) و (ئورفە) و (رأس العین) دامەزراندووە.

خۆرییەکان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە گواستنەوەی دیاردە شارستانییەکان لە نێوان دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش بە هۆی چالاکی بازرگانییەوە، چونکە کەمتر ئارەزووی شەڕیان هەبووە.

شاری نوزی لە (باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک) بنکەیەکی سەرەکی خۆرییەکان بووە، شوێنەواری کۆشکێکی پاشایەتی و خانوو و ڕێگەوبان و دیاردەی تری تێدا دۆزراوەتەوە. لەم شوێنەوارە، نەخشەیەکی کێشراو لە سەر تاتە قوڕێک دۆزرایەوە، کە چیا و ڕووبار و شار و شوورەکان و ڕێگە سەرەکییەکانی لە سەر دیارە، هەروەها سەدان تاتە قوڕی تر دۆزرانەوە، بە “خەتی بزماری-مێخی” و بە زمانی ئەکەدی نووسرابوون، کاریگەری زمانی خۆری بە تەواوی لەم نووسراوانەدا دەردەکەوێت.

ئەم نووسراوانە بەڵگەن لە سەر گرنگی کشتوکاڵ بۆ دانیشتوانی نوزی، چونکە باسی خاوەنداری زەوی دەکات، بە هۆی لێکۆڵینەوە لەو تاتە قوڕانەدا دەرکەوتووە، کە ژمارەیەک لە خەڵکانی دەسەڵاتدار هەبوون خاوەنی ڕووبەری فراوانی زەوی بوون، وای بۆ دەچن لە (نوزی) سیستەمێکی (ڕەنێوهانین)ی هەبووبێت، ناوی سیستەمی (دەرەبەگایەتی- Feudal system)یان لێناوە. ئەم سیستەمە لە سیستەمی بەرهەمهێنانی کۆیلایەتی کە لە ناوەند و باشووری عێراق باوبووە پێشکەوتووترە.

(نوزی)و(ئەرابخا) لە زۆربەی چاخەکانی مێژوودا سەربەخۆییەکی ناوخۆییان هەبووە، ڕاستەوخۆ نەکەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکان، بەڵکوو بەرامبەر بەمە سەرانەیان داوە.

سیستەمەی حوکمڕانی لە (نوزی) چوونیەکی سیستەمی حوکمڕانی شارەکانی تری عێراق بوو، پاشا دەسەڵاتی زۆربوو، ئەو جێگری خواوەند بووە، لە بەڕیوەبردنی کارەکانی، ژمارەیەک لە خزمەکانی یارمەتی داوە و دەستیان گرتبوو بە سەر کاروباری ئابووری و دارایی و کارگێڕیدا.

پاشایانی (نوزی) بایەخیان بە چەسپاندنی (دادوەری) داوە، یەکێک لە دەقە دێرینەکان ئاماژە بە ئامادەبوونی پاشا دەکات لە یەکێک لە دادگاکان.















تعليقات