بەشی یەکەم: چەمک و پەیدابوونی کۆمەڵناسی:

چەمکی کۆمەڵناسی
چەمکی کۆمەڵناسی: ئەو زانستەیە کە لێکۆڵینەوە لە بارەی کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە مرۆڤییەکان دەکات و هەوڵی پشکنین و شیکردنەوەی بارودۆخ و کێشە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەدات.
ئەو زانستە بایەخێکی گەورەی لە لای کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان هەیە، چونکە لە سرووشتی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و دەزگای کۆمەڵایەتی و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەکۆڵێتەوە و هەروەها جیاوازی و ململانێی چینایەتی لێکدەکاتەوە وباس لە نایەکسانی کۆمەلایەتی و جۆرەکانی لادانی کۆمەڵایەتی و گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
زاراوەی کۆمەڵناسی( سایکۆلۆژیک) بۆ یەکەمجار لە لایەن “ئۆگست کۆنت” بەکارهاتووە و چەندین پیناسەی جۆراوجۆر بۆ ئەم زاراوە کراوە، ئۆگست کۆنت بە زانستی شیکردنەوەی دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێت..
ئەو بابەتە کۆمەڵایەتییانەی لە چەرخە کۆنەکانەوە پەیدابوون تێکەڵ بە فەلسەفە و وێژە و مێژوو و ڕامیاری و ئایین کرا بوون و ماددە و بابەتەکانیشی لەم لاو ئەولا بڵاوببونەوە و بەرنامەکەشی ناڕوونی و ناتایبەتمەندی پێوە دیار بوو. چوارچیوە بیردۆزەیی و جێبەجێکاریەکانیشی بێ توانا و نادیاربوون، ئەمە وێرای ئەوەی کە ئەو لێکۆڵینەوە و باسە کۆمەڵایەتییانەی کە لە کاتێکی زوو دەرکەوتن، کۆمەڵناسی پسپۆڕ نەیان نووسیبوون، بەڵکوو چەند کەسانێکی ئەدیب و فەیلەسووف و مێژوونووس و کەسانی ئایینی نووسیبوویان، بەڵام ئەو بابەتە کۆمەڵایەتییانەش کە ئەو نووسەرانە دەیاننووسین بریتی بوون لە فرمانەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤ و سرووشتەکەی و گیروگرفتی سەردەم و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی چینەکانی کۆمەڵگە و ئەو هۆکارانەی کاردەکەنە سەر بوونی ئەو چینانە و دەوری ڕامیاری و ئایین لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتییدا…تاد.
جا لەبەر ئەوەی نووسەر و بیرمەندە کۆمەڵایەتییەکان لە بواری کۆمەڵ و بەکراهێنانی بیردۆز و هۆنەری لێکۆڵینەوە و باسەکانیدا پسپۆر نەبوون، ئەمەش لەبەر ناتەواوی و سەربەخۆیی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی زانستێکی دیاریکراو، بۆیە نووسینەکانیان پێنج سیفەتی بنەڕەتییان پێوە دیاربوو کە ئەمانەن:
١- زانییاریە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بە دیاردەکانی کۆمەڵ و کردار و کارلێکەکانی مێژووی ڕامیاری و ئایینی و ویژەیی کرابوون.
٢- لێک جیانەکردنەوەی ئەو ڕاستییانەی نووسەر دەیاننووسێت، لە گەڵ ئەو حوکمە بەهاییانەی دەریان دەبڕێت کاتێ بابەتەکە یان کێشە کۆمەڵایەتییەکە دەاخاتە پێش چاو.
٣- پشت نەبەستنی توێژەر یان نووسەرە کۆمەڵایەتییەکە بەو بیردۆزە کۆمەڵایەتییانەی کە نووسینەکانی دەخاتە چوراچێوەیەکی دیاریکراو کە خزمەت بە شیکردنەوەی بابەتەکە دەکەن و ئامانج و بەرنامەکانی ڕوون دەکەنەوە.
٤- توێژەرەکە یان نووسەرە کۆمەڵایەتییەکە پشت بە بەرنامەیەک یان ڕێبازێکی باسکردن نابەستێ کە توانای هەبێ زانیاری و ڕاستییەکان کۆبکاتەوە و پۆلێنیان بکات و بنەماکانی بۆ دابڕێژێت.
٥- نووسەر و بیرمەندە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کات لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان تایبەتمەند نەبوون، ئەمەش وای کرد نەتوانن سەربارێک بخەنە سەر گەشەی زانستی کۆمەڵایەتی و بەرەو پێشەوەی ببەن.


تعليقات