بەشی سێیەم: بە شێوەیەکی گشتی زانستی ئابووری

بەشی سێیەم: بە شێوەیەکی گشتی زانستی ئابووری تایبەتمەندە بە وڵام دانەوەی ئەم پرسیارانەی خوارەوە:
١- ئەو شمەک و خزمەتگوزاریانەی کە بەرهەم دەهێنرێن چین؟ و چەند بەرهەم دەهێنرێن؟
ئەم پرسیارە ڕاستەوخۆ لە دەگمەنی دەرامەتەکانەوە دروست دەبێت کە ئەوانیش (کار، زەوی، سەرمایە، ڕێکخستن)ن، پێداویستیەکانی مرۆڤ کە دەکریت پڕبکرێەوە لە ڕێگەی شمەک و خزمەتگوزاری بەکاربردنەوە، ئەمڕۆ لە جیهاندا ئەم پێداویستیانە بێسنوورن، بەڵام لە بەرامبەر ئەم پیداویستییە زۆرانەدا خستنە رووی دەرامەتەکان بەش ناکەن، بەڵکوو تەنها بەشی بەرهەمهینانی بڕێکی کەم لە شمەک و خزمەتگوزارییەکان دەکەن کە خەڵک دەیانەوێت، ئەم ڕاستییە وای کردووە کە پسپۆڕانی ئابووری ڕووبەڕووی گرفتێکی بنچینەیی بکاتەوە، ئەویش گرفتی دەگمەنییە، کە دەرامەتی تەواو لەو بەردەستدا نییە بۆ بەرهەمهێنانی سەرجەم ئەو شمەکانەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە دەیانەوێت.



بەڵام دەربارەی جۆری ئەو شمەکانەی کە دەبێت بەرهەم بهێنرێن یان بەرهەم نەهێنرێن، ئەم بابەتە وابەستەیە بە گرفتی تەرخانکردنی دەرامەتە دەگمەنەکان بۆ بەکاربردنە داواکراوەکان لە چوارچێوەی بوونی کۆمەڵێک لە شوێنگرەوەکان (البدائل)، بڕیاردانی تایبەت بۆ تەرخانکردنی ئەو دەرامەتانە لە ئابووری بازاڕی ئازاددا لە لایەن هێزی بازاڕەوە دەبێت ئەویش یان خواست و خستنەڕووە یان میکانیزمی نرخە.
٢- بە چ ڕێگەیەک دەتوانرێت ئەو شمەکانە بەرهەم بهێنرێت؟
لە کاتێکدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت ئەگەر هاتوو زیاتر لە ڕێگایەکی هونەری هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی شمەک، بۆ نموونە دەکرێت بەروبوومی کشیوکاڵی بەرهەم بهێنرێت بە بەکارهێنانی شێوازی کشتوکاڵی چڕوپڕ لە ڕووبەرێکی بچووکی زەویدا بە بەکارهێنانی بڕێکی گەورە لە پەیینی کیمیایی و هێزی کاری زۆر و ئامێری پێشکەوتوو، یان بە هۆی بەکارهێنانی ڕووبەرێکی بەرفراوان لە زەوی و بەکارهێنانی بڕێکی کەمی پەیینی کیمیایی و هێزی کار و ئامێر، هەردوو ڕێگاکە دەشێت بەکاربهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەمان بڕ لە هەندێ شمەک، ڕێگەی یەکەم ئابووری کردن لە زەویدا بەکاردەهێنرێت، کەچی دەرامەتەکانی تر زۆر بەکاردەبات، بەڵام ڕێگەی دووەم ڕووبەری بەرفراوان لە زەوی بەکار دەهێنێ، کەچی دەرامەتەکانی تر ئابووریانە بەکاردەهێنرێ.



٣- چۆن بڕی بەرهەمی شمەک دابەش دەکرێت بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا؟
مەبەست لەم پرسیارە ئەوەیە چۆن بەرهەمی نەتەوەیی دابەش دەکرێت بە سەر سەرجەم تاکەکان و چینەکانی کۆمەڵگەدا، وەکوو کرێکاران و خاوەن زەوەی و خاوەن سەرمایەکان لە سەرجەم وڵاتانی دنیادا. تا چ ڕادەیەک حکوومەت دەتوانێت سەرکەوتوو بێت بە هۆی دەست تێوەردانیەوە لە ڕادەستکردنی شێوازی دابەشکردنی داهاتدا؟ ئایا ئەنجامی ئەم دەستێوەردانە چی دەبێت؟
٤- ڕادەی لێهاتووی لە بەکارهێنای دەرامەتەکان چەندە؟
ئەم پرسیارە دوو پرسیاری دیکە دەگرێتەوە خۆ ئەوانیش:
ئەلف: ئایا بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی لێهاتووانە دەبێت؟
بە: ئایا دابەشکردنی بەرهەمهێنراو بە شێوەیەکی لێهاتووانە دەبێت؟
پاش ئاماژەکردن دەربارەی بڕی ئەو شمەکانەی کە بەرهەم هێنراون و چۆن بەرهەم هێنراون، وە بەسەر کێیدا دابەش کراون، ئینجا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئایا بڕیارە تایبەتەکان بە بەرهەمهێنان و دابەشکردن بڕیاری لێهاتوون و لە شوێنی خوددان؟
لەوانەیە بگوترێ کەوا بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی لێهاتووانە نەبووە، لەم حاڵەتەدا دەتوانرێ دەرامەتەکان دووبارە تەرخان بکرێنەوە بۆ ئەوەی لایەنی کەم بڕێکی زیاتر لە شمەکێک بەرهەم بێت بێ ئەوەی لە هەمان کاتدا ئەو بڕە کەمتر بەرهەم بێت لە شمەکێکی دیکە.
هەروەها لەوانەیە بگوترێ کەوا دابەشکردنی بەرهەم هێنراویش بە شێوەیەکی لێهاتووانە نەبووە، لەم حاڵەتەشدا دەتوانرێ ئەوەی بەرهەم هاتووە دووبارە دابەش بکرێتەوە بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی هەر تاکێک لایەنی کەم گوزەرانی لە پێشتر باشتر بێت (پاش دووبارە دابەش کردنەوەکە) بێ ئەوەی لە هەمان کاتدا هیچ تاکێکی دیکە گوزەرانی خراپتر بێت.
٥- ئایا دەرامەتەکانی وڵات هەمووی بە تەواوی بەکارهێنراون یان هەندێکیان هێشتا کاریان پێ نەکراوە؟



دەشێ ئەم پرسیارە کەمێک نامۆ بێت، چونکە چۆن دەکریت بگوترێت دەرامەتەکان دەگمەنن لە هەمان کاتدا پرسیار بکرێت دەربارەی بەکار نەهێنانی تەواوی دەرامەتەکان. گومان نییە هیچ کەس و حکوومەتێک پلان دانانێت بۆ بە فیڕۆدانی دەرامەتەکان، بەڵام ئەو وڵاتەی کە پەیڕەوی سیستەمی بازاڕی ئازاد دەکەن هەندێک جار تووشی کرداری بە فیڕۆدانی دەرامەت دەبن، یەکێک لە ئەرکەکانی زانستی ئابووری بریتییە لە گەڕان بە دوای ئەو هۆیانەی کە دەبنە هۆی ڕوودانی ئەو بارودۆخە، یان بڵێین بێکاری هاوڵاتیان و پاشان چارەسەرکردنی.
٦- ئایا توانا ئابووری وڵات بۆ بەرهەمهێنانی شمەک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان گەشە دەکات(زیاد دەکات)؟ یان هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە؟
ئاشکرایە کە کارێکی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا تۆانای ئابووری نیشتیمانی بە جێگیری و نەگۆڕی دەمێنێتەوە دەربارەی بەرهەمهێنانی شمەک و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان یا خود پەرەدەستێنێت ساڵ دوای ساڵ؟ ئەگەر هاتوو ئەو توانایە پەرەیسەند بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد (وەکوو زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە درێژایی سەدەکانی ڕابردوو) ئەو کاتە دەشێت زیادبوونێکی خێراو گەورە بێتە دی لە ئاستی بژێوی و گوزەرانی خەڵکدا. بابەتی پەرەپێدانی تواناکانی بەرهەمهێنان گرنگترین کێشەن کە بیری ئابووریناسانیان سەرقاڵ و خەریک کردووە لە سەردەمی (ئادەم سیمث)ەوە تاوەکوو ئەمڕۆ.

تعليقات