بەشی یەکەم: قەڵای دمدم

قەڵای دمدم
سەرچاوەکانی مێژوو بە درێژی باسی ئەو ڕووداوە گرنگەی ساڵی(١٦٠٨)ی زاینیان کردووە، لە ڕووی گێڕانەوەی مێژووییەوە بە ئاسانی دەتوانین لە سەرچاوەی فارسی و کوردییەکاندا بۆ ڕاستی ئەم قارەمانی و بە کۆمەڵ شەهیدبوونەی کوردانی بەرخۆدەر بگەڕێین، قارەمانانی قەڵای دم دم بە سەرکردایەتی (خانی لەپ زێڕین)، تا دوا هەناسە و تا دوا دڵۆپی خوێن لەگەڵ داگیرکەردا جەنگین و بە کۆمەڵ مردنیان لە سەر شۆڕکردن بە باشتر زانی، ئەم تابلۆە گەورەیەی قارەمانێتی لە ئەدەبیاتی کوردیدا زۆر بە فراوانی ڕەنگی داوەتەوە.
ئەگەر داستانەکانی تر، هەندێکیان لە داستانی فلکلۆرەوە گۆڕابن بە داستانی نووسراوی شیعری ئەوا داستانی قەڵای دمدم لە ڕووداوی مێژوویەوە بووە بە داستانی فلکلۆر و لە داستانی  فلکلورەوە بووە بە چیرۆکی سەر شانۆ و ڕۆمانی تازە.
لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمەوە تا ئەمڕۆ پاڵەوانێتی جەنگاوەرانی قەڵای دمدم لە سەر دەمی گۆرانیبێژ و داستانخوێنانی داستاننووسانی کوردەوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا و بە هەموو دیالێکتەکانی کوردی دەگێڕدرێتەوە ئەو بەرهەمە فلکۆرییەی لە ئەنجامی ئازایەتی جەنگاوەرانی قەڵای دمدم هاتە کایەوە. گەلێک زۆرە و هەندێکی بڵاوکراوەتەوە، بەشێکی تا ئێستا هەر بەسەر زاری خەڵکەوە ماوەتەوە، (ڕۆژهەڵات)ناسەکان گەلێک لە ئێمە زیاتر بایەخیان بە داستان و بەیتەکانی قەڵای دمدم داوە، هەروەک بڵاویانکردۆتەوە و وەریانگێراوە بۆ سەر زمانی (رووسی و ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئەرمەنی).
زانای کوردی سۆڤیەتی(ئۆردیخانی جەلیل) چەند گێرانەوەیەکی داستانی قەڵای دمدمی تۆمارکردووە و بە وەرگێڕانی بۆ ڕووسی و پێشەکێیەوە ساڵی ١٩٦٧ بڵاویکردووەتەوە.

ئەم داستانە لە باشووری کوردستان لە شێوەی چیرۆکی سەر شانۆدا نووسراوەتەوە، نووسەر (مستەفا ساڵح کەریم) لە سەر بناغەی کەرەستەی مێژوویی پیەس (شەهیدانی قەڵای دمدم)ی نووسیوە و لە ساڵی (١٩٦١)ز چاپکراوە، هەر کەرستە مێژوویی و فلکۆریەکەیە بووە بە سەرچاوە بۆ دانانی چیرۆک و ڕۆمانی کوردی. نووسەری گەورەی کوردی سۆڤیەتی(عەرەبی شەمۆ) ڕۆمانێکی نووسیەوە ساڵی (١٩٦٦)ز بە زمانی کوردی و پیتی ڕووسی(سلاڤی) لە (یەریڤان) چاپکراوە. لە پاشاندا کراوە بە ڕووسی و لە ساڵی (١٩٦٩)ز لە مۆسکۆ چاپکراوە.
عەرەبی شەمۆ هەوڵیداوە پەیوەندی دۆستایەتیی کورد و نەتەوە هاوسێکانی ڕوونبکاتەوە، بەتایبەتی خەباتی ئەم گەلانە بەرامبەر بە داگیرکەری ئێرانی و عوسمانی، هەروەها وێنەی نایابی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کوردستانی سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمی کێشاوە. هێشتا ئەم داستانە مەزنە نە لە ئەدەبیاتی کوردیدا و نە لە ئەدەبیاتی جیهاندا جێگەی خۆی نەگرتووە.
نموونەیەکی لە گێڕانەوە داستانەکەدا بە داستانخوێنان و داستانووسەکان دەڵێت:

قەڵای دمدم لە سەردەمی دەسەڵات داریەتیی شا عەباسی سەفەویدا بەپێی بڕیاری خانی لەب زێڕین سەر لەنوێ دروست کرایەوە و لە درێژەی ئاڵۆزی و ململانێکانی نێوان ئەمیری برادۆست و شاعەباسدا سەرەڕای کوژرانی چەندان کەس لەلایەن سوپای شا عەباسەوە دەستی بەسەردا گیرایەوە. قەڵای دمدم بە مەودای ١٥ کیلۆمیتر دوور لە شاری ورمێ و لەسەر تەپۆڵکەیەک لە دۆڵی قاسملوو ھەڵکەوتووە و مێژووی دروست کرانی ئەو قەڵایە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ھاتنی ئێسلام. چیرۆکی خۆڕاگریی قەڵای دمدم لە نێو شێعری شاعیران، بەیت بێژ و حەیران بێژاندا رەنگی داوەتەو و بۆتە ھەوێنی شێعری شاعیرە بە ناوبانگەکانی وەک ئەحمەدی خانی و جگەر خوێن و بە چەندین شێعریان لە، خۆراگریی و قارەمانیەتیی خانی لەپ زێڕین ھۆنیوەتەوە. ھەتا ئێستا ٢ رۆمان لەلایەن ٢ رۆمان نووسی کورد عەرەب شەمۆ و جان دۆست لەبەر رووداوی قەڵای دمدم و خۆڕاگریی خانی لەپ زێرین نووسراوە و لەو ٢ رۆمانەدا بەگشتی باس لە نەھامەتی و کوشتاری خەڵکی کورد بەدەستی سوپای شا عەباس کراوە.

خان ئەوداڵ و کاکە خانە،
حەوت شەوانە و حەوت ڕۆژانە.
شەڕیان دەکرد بە شێرانە،
شێران نەیاندیت کێڵانە.
لەش کەوتن وەکی گردانە،
خوێن ڕۆیی هەروەک جۆگانە. 
باڵچووغەی شێران نەمانە،
شەهیدیان کرد کاکە خانە.
خان دەڵێ: خانی خەزایمە، 
هەتا لە دنێ ئەز بژیمە.
بۆ خۆم پەرژینی شەڕیمە،
خان ئەوداڵ و کاکە خانە، 
گرتبوویان وەعدە و پەیمانە.

تعليقات